٢٠١٧ ،ساڵی شۆڕشی سپی ؟

د.هەژار عوسمان مەعروف


لە ٢٧ ی ٩ وە مامۆستایان و فەرمانبەرانی پارێزگای سلەیمانی و هەڵەبجە و قەزای کۆیە بە بایکۆتی قوتابخانە و زانکۆکان و بە گردبونەوە و ڕێپێوانەکانیان بونەتە بڵندگۆی هەمو ناڕازیەکانی کوردوستان. مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەولێر و دهۆکیش لە (نیومانگرتنی کش و مات) دا بەسەردەبەن، نیودەوام دەکەن و بە بێ هیچ دڵگەرمیەک کارەکان بە شێوەیەکی ڕواڵەتی بەڕێدەکەن. ئەوان دژی دەسبەسەراگرتنی حیزبیانەی پارتی و یەکێتی بەسەر کایەی خوێندن هاتونەتە سەرجادە نەک هەر بۆ موچە. تا ئێستا بەدەگمەن پۆستێک دەبینی لە هەردو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا کە بە کەسی حیزبی پڕنەکرابێتەوە ، هەر لەبەر ئەمەشە کە ئاستی خوێندن زۆر دابەزیوە.بێکاریی گەنجان و بەتایبەتی هی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان هەمو پێوەرەکانی تێپەڕاندوە. لە سەر بێتوانایی دەسەڵاتی کوردی بۆ نمونە لە بواری کارەبادا هاوڵاتیەک وتی (ئەگەر لەم ٢٥ ساڵەی حوکمی کوردیدا هەر ساڵە ١ سەعات کارەبا زیادبکرایە ئێستا ئێمە ٢٤ سەعاتە کارەبامان دەبو). بە هۆی نەبونی نەوتەوە خەڵک ناچاربوە بکەوێتەوە داربڕین بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان. لە سەر تاڵانفرۆشیی نەوت و دابەشکردنی زۆرینەی داهاتەکەی لە نێوان چەند بنەماڵەیەکدا و لە سەر ئەوەی کە کوردوستان ئێستا نزیکەی ٢٥ ملیار دۆلار قەرزاری کۆمپانیاکانی نەوتە هاوڵاتیەکی سادە وتی ( من نازانم حکومەتی هەرێم نەوتی فرۆشتوە یا بە قەرز نەوتی کڕیوە). لە سەر درۆگەورەکەی بازاڕی ئازاد لە هەرێم ، تەنیا میوە و سەوزەفرۆشی لە بازاڕدا ئازادە دەنا هیچ پرۆژەیەکی ناوەند و گەورە بێ ڕێکەوتن لەگەڵ دەسەڵاتدارێکی پارتی یا یەکێتی یا هەردوکیان ئەستەمە ئەگەر موستەحیل نەبێ.لەسەر ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ئازادی بەگشتی، بە زۆری چەک هەولێر و دهۆک بێدەنگکراوە ،شەهیدان ویداد حسەین لە دهۆک و د.هوشیار لە هەولێر لەسەر دەربڕینی بیروڕا جیاوازەکانیان لە پارتی شەهیدکران. لە سلەیمانیی شاری هەڵمەت و قوربانیش دەیبینین چۆن هێزەکانی ئاسایشی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی بەسەدان چەکدار کە هەریەکەیان ٦ مەخزەن فیشەکی هەڵگرتوە دەورەی گردبونەوەکانی مامۆستایانی ئاشتیخواز دەگرن بۆ ترساندنیان، جێی گاڵتەجاڕیە بڵێن بۆ پاراستنی خۆپیشاندەرانە چونکە بینیمانن چۆن مامۆستا گوڵاڵە و ئاوات حەسەن و هاوڕێکانیان گرتن و سەیارەکانیان سوتاندن

.

مەترسیەکانی دوای ڕزگارکردنی موسڵ و مەسەلەی دەوڵەتی کوردی و ئەگەری تێوەگلانی هەرێم لە شەڕەنەخوازراوەکانی ناوچەکە، ئەمانە و ئەوانەی سەرەوە منی بەمە گەیاند پێشنیازبکەم ساڵی ٢٠١٧ بکەینە ساڵی خەباتێکی ئاشتیخوازانەی هەمەلایەنەی گەلەکەمان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و بۆ گۆڕینی حکومەت بە حکومەتێکی ڕزگاریی نیشتمانی کە یەکەم کاری ئاشکراکردنی تەواوی فایلی نەوت بێ و ئینجا پیاچونەوە بە هەمو گرەێبەستە نەوتیەکان و گۆڕینیان بە پێی قازانجی گەلەکەمان یا هەڵوەشاندنەوەیان. بۆ ڕیفراندۆمیش دو پرسیار لە هاوڵاتی بکرێ: ١. دەتەوێ یا ناتەوێ فایلی نەوت و هەمو فایلە ئابوریەکانی تر ئاشکرابکرێن و دەربهێنرێن لە دەستی پارتی و یەکێتی و هەر حیزبێکی تر. ئینجا ٢. دەوڵەتی کوردیی - پەرلەمانیت دەوێ یان نا. بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە هەمو جۆرەکانی خەباتی مەدەنیی ناتوندوتیژ و ڕۆژانەی کۆمەڵانی خەڵک پێویستە، ئینجا دەشێ لە ژێر پەستان و گوشینی بەردەوامی ئەو چالاکیانەی خەڵکدا کە دەتوانی ناوی بنێی (شۆڕشی سپی) حیزبەکانی هەرێم لەسەر چارەسەری ڕیشەیی کێشەکان ڕێکبکەون، دەنا گۆڕینی ئەم سیستمە سەرتاپا گەندەڵە بێ خەباتی ڕاستەوخۆی ڕۆژانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردوستان نەکردەنی و ئەستەمە .


23/12/2016



وتارەکانی تری نوسەر