نەخێر بۆ شەڕی دۆڕاو، بەڵێ بە مەرج!

د.هەژار عوسمان مەعروف
مەسعود بارزانی ئەم سودانە دەبینێت لە ڕاپرسی: 
١.لەبیربردنەوەی کاتیی کێشە بنەڕەتیەکانی ژیانی خەڵک.
٢.خۆنواندن وەک ڕابەرێکی نەتەوەیی مێژویی ، ئەمە لە کاتێکدایە لایەنگرەکانی بەهۆی شکستهێنانی سیاسەتی نەوت و برسیکردنی خەڵک، هەروەها بە هۆی سیاسەتی دژی کوردی تورکیا و سوریا  ، ڕۆژبەڕۆژ لە کەم بوندان. 
٣.جوڵاندنی دۆخە چەقبەستوەکەی کوردوستان بە سودی خۆی و وانیشاندانی کە بڕینی بودجە لە بەغدادەوە هۆی کێشەکانی کوردوستانە نەوەک شکستەکانی سیاسەتی خۆی و برازاکەی و یەکێتی .
٤. کاراکردنەوەی پەرلەمان تەنیا بۆ ئەوەی شێوازێکی قانونی بدات بە  ڕیفراندۆم، نەک بۆ لە ناو پەرلەمانەوە چارەسەری کێشە بنەڕەتیەکانی تری دەسەڵات ، بەمەش خۆی ڕزگاربکات لەو هەموە ڕەخنەیەی لە ناوە وە و لە دەرەوەی کوردوستان لە سەر پەکخستنی پەرلەمان لێیدەگیرێ. 
٥.ئیحراجکردن و تەنگکردنی ئاسۆی مناوەرە و جموجوڵی سیاسی لە بەردەم گۆڕان و کۆمەڵ و نەیارەکانی تری پارتی، ئاخر من و تۆی کورد کە پتر لە چوارسەد ساڵە  هەر لە شەرەفخانی بەدلیسی و ئەحمەدی خانی و حاجی قادری کۆێی و بێکەس ی شاعیر و شێرکۆی کوڕی و...هیوا و خەونمان ڕزگاربون بوە  لە زوڵمی داگیرکەرانی کوردوستان و درستکردنی دەوڵەتێکی کوردستانیی وا کە لە ژێر ئاڵاکەیدا مرۆڤ بە تێروتەسەلی و بە سەربەرزی و بە ئازادی بژی، چۆن بتوانین بڵێین سەربەخۆێیمان ناوێ؟ 
٦.ئەگەر نەیارەکانی پارتی  بە نەخێر بەشداریی ڕیفراندۆم بکەن یا هەر بەشداریی تێدا نەکەن ئەمەش سودی زۆری بۆ  مەسعود بارزانی دەبێت و بە لایەنگرەکانی دەسەلمێنێ کە ئەو سەربەخۆیی دەوێ و نەیارەکانی ڕێگرن لە بەردەمیدا، بەمەش شکستەکانی پەردەپۆشدەکات و دەیخاتە سەر نەیارەکانی. 
ڕون و ئاشکرایە  بەغدا بە دەسەڵات و بە موعارەزەی سونی و شیعیەوە سورن لە سەر ئەوەی هەرێم لە عێراقدا بمێنێتەوە و ئەگەر پێویستیشی کرد ئامادەن ‌هێرشی سەربازی لە زەوی و لە ئاسمانەوە بکەنە سەر هەرێم. ڕەشوڕوتی شیعە و سونیی عەرەبیش زۆر بە ئاسانی بە بەنزینی دیعایەی ئیسلامی (کورد هاوپەیمانی ئیسرائیلە و..)  و بە  نەوتی دیعایەی نەتەوەپەرستیی عەرەب، ئاگری شەڕی کوردیان کڵپە دەسەنێ و بە دەیان هەزار هێرشمان دەکەنە سەر، پێشمەرگەی برسی و داماوی کوردیش نە چەک و تفاقی جەنگیی تەواوی هەیە، نە پلان و نەخشەی تۆکمەی بەرگری لە خۆکردنی هەیە ، نە ورە و وزە و حەماسی شەڕێکی هەیە کە سەرکردە ملیۆنێرەکان هەڵیدەگیرسێنن و خۆیان و خزمەکانیشیان لە تەماشاکەر زیاتر هیچ دەورێکی تێدا نابینن و کە کەوتنە مەترسی فڕۆکەی ئامادەکراویان هەیە بۆ ڕاکردن بۆ ناو کۆشک و ڤیلا و ئوتێلە گرانبەها کانیان لە ئەمریکا و ئەوروپا، هیچ گەرەنتیەکی ئەمریکی یا نێونەتەوییش نابینین بۆ پشتگیریی هەرێم لە شەڕێکی ئاوادا، کەواتە لە ئێستادا هەرێم ناتوانێ  بە شەڕی ڕزگاریخوازی خۆی لە عێراق جیابکاتەوە و دەوڵەتی سەربەخۆ دروستبکات. 
دەتوانین بە شێوەیەکی کاتیی کورت چاوبنوقێنین لە سودە ناڕەوا کانی ڕیفراندۆم بۆ مەسعود بارازنی بەم مەرجانە:
١. دەبێت مەسعود بارزانی پێشتر بڕیاری دابێت بە هیچ جۆرێ نەهێڵێ هەرێم توشی هیچ شەڕێک بێت و نەهێڵێ کوردوستان ببێتە مەیدانی شەڕ لە بری سعودیە و ئێران و تورکیا.
٢. ڕیفراندۆم بۆ پشتگیریی دارایی هەرێم بێت بۆ ئەوەی ئەو قەرزە زۆرەی لە سەر هەرێم کۆبۆتەوە و بە پتر لە بیست ملیار دۆلار مەزەنە دەکرێت و هەر ڕو لە زایدبونیشە ، بەغداد و ئەمریکا و وڵاتانی تر بەشێکی بۆ بدەنەوە و چارەیەکی بنەڕەتیی بۆ بدۆزنەوە. 
٣. ڕیفراندۆم تەکانێکی سیاسی و دیبلۆپماسی بێت بۆ بەرەو پێشبردنی کێشەی کورد و بۆ پەستان و گوشینی سیاسی و دیبلۆماسی لە سەر بەغدا بۆ ئەوەی ملبدات بۆ چارەسەری یەکجاریی کێشەی ناوچە کوردوستانیەکانی دەرەوەی هەرێم.
٤. گێڕانەوەی موچە و بازاڕ و ژیانی خەڵک بۆ پێش قەیرانی دارایی.
ئەگەر نیازەکانی بارزانی ئەو چوار خاڵەی سەرەوە شی تێدابن  ئەوە بە ڕای من مافی ڕەوای گەلەکەمانە ڕیفراندۆم بکات و بێگومان دەبێت بە بەڵێ وەڵام بداتەوە. 
بەڕاستی من لەوە تێناگەم دوای ئەو هەموە خەباتە دورودرێژەی کورد بەو هەموە زیانەی بە هۆی ئەم خەباتەوە لە خۆی و عەرەب و تورک و فارس کەوتوە بۆچی نە سیاسیەکانی عەرەب نە هی تورک نە هی ئێران هیچ تێگەیشتن و جوامێری و بەخشندەیی و نیازپاکییەکیان بەرامبەر بە خواستی دێرینی کورد بۆ سەربەخۆیی نیە؟ 
بۆیە من هەڵمەتی ( نەخێر لە ئێستادا) بە دەنگێکی ناساز و ناسروشتی و  بە کارێکی نەباش و ناڕست و نامەنتیقی دەزانم. با مەسعود بارزانیش باش بزانێ دەبێت وازبێنێ لە دیکتاتۆرییەتی بنەماڵەیی و تاکحیزبی ، وە دەبێت لەگەڵ هەمو هێزە کارا و دڵسۆزەکانی کوردوستان ئەم وێرانستانەی حوکم و ئیدارەی کوردی لە ڕەگ و ڕیشەوە چاک بکات، دەنا حەڤدەی شوباتەکانی ئایندە بەڕێوەن! 
 


13/09/2017



وتارەکانی تری نوسەر