بزوتنەوەی گۆڕان وەک پاککەرەوە

د.هەژار عوسمان مەعروف
بە بۆنەی پرۆسەی کاندیدکردن بۆ لیستی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا ڕەخنەی زۆر لە ناوەوە و لە دەرەوەی گۆڕان کرایە سەر پرۆسەی هەڵبژاردنی کاندیدەکان.

گومانی تێدانیە کە پاڵنەری سودی شەخسی لەوەی کە ببیتە ئەندام پەرلەمان بە تایبەتی پەرلەمانی عێراق کە ماف و ئیمتیازەکانی لە هی کوردوستان زۆرترە ڕۆڵێکی گەورە دەبینێ لە نیازی هەمو پاڵێوراوەکاندا، کەم تا زۆر! ئەگەر موچە و دەرماڵە ی ئەندام پەرلەمانێک بە هەمویەوە لە دو ملیۆن دینار تێنەپەڕێ وحیمایەکانی حکومەت بۆی دابنێن ، ئایا ئەو کێبەرکێ بێڕەحمانەیەی بۆ دەکرا؟

مافی هەمو مرۆڤێکە خەباتی ڕاست و دروست بکات بۆ خۆشگوزەرانی ، بەوەیشی کە بتەوێ بە شێوەیەکی ڕەوا ببیتە ئەندام پەرلەمان بەڵام چ ئەندام پەرلەمانێک؟ ئەندام پەرلەمانێکی چالاک و کارا، دڵسۆز و لێوانلێو لە ڕۆحی پێکەوکارکردن لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنەکەی خۆت و فراکسیۆنەکانی تریش کە هاوئامانجتن لە پرۆژەکاندا، نەک بە بیانوی جۆراوجۆری وەک ئەوەی من نوێنەری گەلم و ئازادم چی دەکەم لە نیوەڕێدا لە فراکسیۆنەکەت و لە حیزبەکەت هەڵگەڕێیتەوە یا کە حیزبەکەت دوبارە کاندیدکردنەوەتی قوبوڵ نەکرد ئینجا خۆت بکەیت بە ناو لیستێکی تردا، یان ئەوەی لە خولی پێشوی پەرلەماندا بە هۆی نەبونیی چالاکیت نەک کەمیی چالاکیت!! ئابڕوی حیزبەکەت بردبێ و ئێستا بتەوێ خۆت بۆ خولێکی تر لە پەرلەمانێکی گەورەتر بپاڵێوی.

ئاخر ئەندام پەرلەمانێک کە تا ئێستا جگە لە کێشە بۆ حیزبەکەی یەک کاری نەکردوە کە حیزبەکەی شانازیی پێوەبکات، یان یەکێکی تر کە تیشک و پرشنگی کەسایەتی و خەباتەکەی لە ئاسمانی پان و بەرینی بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و دیبلۆماسی و ڕۆشنبیریی ئەم گەلە دا جارێک نەدرەوشاوەتەوە ئیتر بەچ ڕویەک خۆی کاندید دەکاتەوە؟ بە چ ڕویەک بە دەیان پاساوی پوچ و بێبنەمای ئەوەی بەرگری لە مافی کورد دەکات دەچیتە ناو لیستێکی عێراقییەوە یا لیستێکی کوردوستانیی ترەوە؟ ئیتر کاتی ئەوە هاتوە گۆڕان بنەمای لێپرسینەوە و پاداشت لە ناو ڕیزەکانی خۆیدا پیادەبکات.

گۆڕان دەبێت چیتر نەهێڵێ ببێتە پەیژە بۆ سەرخستن و پێگەیاندنی کەسانێکی خۆپەرست کە  هەمو زیرەکیی خۆیان لە فڕوفێڵەکانیاندا بەکاردێنن بۆ خۆنزیکخستنەوە لە خاوەنبڕیاران تا دەگەنە ئامانجەکانیان، ئینجا کە ئیشیان بە گۆڕان نەما لە ژێر بەهانەی دەیان پاساو و زڕەبەڵگەی فیکری و شەخسی و ئازادیی تاک و نەخۆشی و تەمەن و ... لە هەمو چالاکییەک نەک هەر بۆ گۆڕان بەڵکو تەنانەت بۆ کاری خێرخوازیش دەکشێنەوە!  گۆڕان دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی پاککەرەوە و هەوێن و داینەمۆ و گەنجینەی پرۆژە و بیروڕا  دروستکەر و پێشکەوتنخواز و عەدالەتخوازەکان، بگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆژانەی کە بە دەسپێشخەریی ڕۆحشاد نەوشیروان مستەفا و هاوڕێ بەویژدانەکانی  بە ژان و ئازارێکی زۆرەوە لە هەناوی جڤاتەکەمانەوە لەدایکبو ئەو جڤاتەی کە بەداخەوە لە جاران پڕترە  لە زوڵم و نادادپەروەری و ناپاکی و خۆپەرستی و بێمتمانەیی و نائومێدی و هەڵوەشانەوەی هەمو بەها باڵا و جوانەکان، بگەڕێتەوە بۆ سەرەتا پڕئومێد و پڕلە جوانییەکانی.

گۆڕان بۆ ئەوەی لە جاران بەهێزتر بێت دەبێت جۆر و چۆنایەتیی هەڵسوڕاو و سەرکردەکانی باشتربکات. کۆمەڵەکەمان پڕە لە تاکی خۆپەرست و مادەپەرست و چێژپەرست و پلەپەرست و پۆستپەرست ، بەها جوان و قوڵ و باڵاکانی نیشتمانپەروەری و دادپەروەی و وەفا و دڵسۆزی بۆ بنەما فیکری وڕەوشتییەکان زۆر کاڵبونەتەوە، بۆیە دەبێت بزوتنەوەی  گۆڕان بۆ پاککردنەوەی کۆمەڵی کوردوستان و ئینسانی کورد لەو هەموە بێبڕوایی و نائومێدی  و توڕەیی و غەمبارییەی تێیدا کەڵەکەبوە لەناو خۆیەوە دەست پێبکات بە پیادەکردنی بنەما فیکری و ئاکارییەکانی و بە سیستمکردنی کاری ڕێکخراوەیی لە هەمو ئاستەکاندا، هەروەها بە نوێکردنە وە  و کاراکردنەوەی ئۆرگان و پێکهاتەکانی و بە سازدانی کۆنگرەی خۆی لە دوای هەڵبژارنەکانی پەرلەمانی کوردوستان.

گۆڕان لێوان لێوە لە لایەنگر و هەڵسوڕاو و سەرکردەی پاک و لێوەشاوە و قوربانیدەر و بوێر، دەبێت ئەمانە خۆیان بێنە مەیدان و چاوەڕیی کەس نەکەن دەعوەتیان بکات.


27/02/2018



وتارەکانی تری نوسەر