گوێز بە ژمارە، مایەكەی دیارە

عارف قوربانی
گەرچی تا ئێستا بەشێوەیەكی فەرمی حكومەتی هەرێم ئەو بڕەی ئاشكرا نەكردووە كە گوایا قەرزارە، بەڵام لە چەندین كەناڵی جیاجیاوەو هەر یەكەو ژمارەیەك دەخاتەڕوو، كە زۆرترینی ئەو كەسانەی قسە لە قەرزاری حكومەت دەكەن باس لەوە دەكەن نزیكەی (بیست ملیار) دۆلار قەرزی كەوتبێتە سەر. 
كاتێك حكومەتیش هیچ لێدوانێكی رەسمی لەو بارەیەوە نیە، پێدەچێت حەز بكات سایكۆلۆژیای گشتی كۆمەڵگە لەگەڵ ئەوە رابهێنێت و ووردە ووردە ببێتە قەناعەت كە حكومەت ئەو پارەیە قەرزارە و بەو شێوەیە بیكات بە ماڵ لەسەر نەوەكانی ئایندە.
كورد قسەیەكی جوانی هەیە كە دەڵێت گوێز بە ژمارە مایەكەی دیارە. ئەگەر بە پێوەری ژمارە بێت، ئەوە حكومەت نابێت قەرزار بێت و ئەگەر بیانەوێ‌ ئەو قەرزە بكەنە ماڵ بەسەر خەڵكی كوردستانەوە، ئەوە نیشانەی ئەوەیە ئەو پارەیە دزراوە و دەیانەوێ‌ میللەت باجەكەی بداتەوە. 
با بزانین حكومەت چەند مانگە بودجەی لە بەغداوە بڕاوە و داهاتەكان و دەستكەوتە داراییەكانی چەند بوونە لەو ماوەیەدا، تا ئەگەر قەرزاریش بێت دەبێت چەند قەرزار بێت، یان پێویستبوو پارەی یەدەگی هەبوایا. 
ساڵی 2014 لە مانگی ئازارەوە بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە راگیرا، واتا تا ئێستا كە مانگی یەكی ساڵی 2016یە دەكاتە 22 مانگە هەرێم بودجەی بۆ نەهاتووە. هەر لە دوای راگرتنی بەشە بودجەوە، هەرێم لەناوخۆدا بە چەند قۆناغێك مەسروفاتی كاروباری حكومەت و دەزگاكانی كەمكردۆتەوە و پرۆژە خزمەتگوزاریەكانیشی راگرت، ئەولەویەتی بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران بوو.
بەپێی زانیاری و ئەو داتایانەی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان چەند جارێك بڵاوی كردۆتەوە، هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی موچە مانگانە پێویستی بە (870 ملیار دینار بووە) كە دەكاتە نزیكەی 700 ملیۆن دۆلار. 
سەرباری گومانێكی زۆر لە نادروستی داهاتە جۆراوجۆرەكانی خاڵەسنوریی و گومرگیەكانی و دەستكەوتە داراییەكانی تری ناوخۆ، حكومەتی هەرێم دەڵێت مانگانە (150) ملیۆن دۆلار داهاتی ناوخۆییمان هەبووە. كەواتا مانگانە پێویستی بە (600) ملیۆن دۆلاری تر هەبووە بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەران. 
ماوەی ئەو 22 مانگەی بودجە راگیراوە، هەرێمی كوردستان مووچەی 4 مانگی فەرمانبەران قەرزارە، واتا توانیوێتی لەو 22 مانگەدا 18 مانگ موچە بداتە فەرمانبەرانی. كە كۆی گشتی پارەی ئەو 18 مانگە دەكاتە (دە ملیار و هەشت سەد ملیۆن دۆلار). هەموو خەڵكی كوردستانیش شایەتی ئەوەن كاتێك عادل عەبدولمەهدی بووە وەزیری نەوتی عیراق، وەك دەستپێشخەریەك بۆ دروستكردنەوەی متمانە لەنێوان هەرێم و بەغدا، 3 مانگی كۆتایی ساڵی 2014 هەر مانگەو بڕی 500 ملیۆن دۆلاری نار بۆ هەرێم و بڕیار بوو لە رۆژی 1/1/2015 وە رێككەوتنەكەی نێوان بەغدا هەولێر بچێتە بواری جێبەجێكردنەوەو بەحساب ئیتر كۆتایی بە قەیرانی دارایی بێت. كۆی ئەو پارەیەی عادل عەبدولمەهدی ناردی ( یەك ملیار و پێنج سەد ملیۆن دۆلار بوو). كەواتا هەرێم پێویستی بە (نۆ ملیار و سێ سەد ملیۆن دۆلاری تر هەبووە) بۆ موچەی ئەو 18 مانگەی دابینیكردووە.
كەواتا ئەگەر هەرێمی كوردستان یەك بەرمیل نەوتی نەفرۆشتبێت، یەك دۆلار داهاتی نەبووبێت، كۆی موچەی فەرمانبەرانی قەرز كردبێت، ئەوە نزیك بە دە ملیار دۆلار قەرزار دەبوو. بەڵام ئایا هەرێمی كوردستان لە ماوەی ئەم 22 مانگە چەند نەوتی فرۆشتووە و چەند ملیار دۆلاری دەستكەوتووە.؟ 
هەرچەندە زۆربەی خەڵكی كوردستان گومانیان لەو ژمارانە هەیە كە وەزرەتی سامانە سەروشتیەكان دەیخاتەڕوو، تێڕوانینێكی گشتی دروست بووە ئەوەی هەرێم دەیلێت نیووەی ژمارەكانە، بەڵام با وای دابنێن ژمارەكانی وەزارەت راستە و هەناردەی نەوتی هەرێم تەنها ئەوەنەیە كە وەزارەتی سامانە سەروشتیەكان بڵاوی دەكاتەوە. لەبەر ئەوەی لە وتارێكی وادا دەرفەتی سەرلەنوێ بڵاوكردنەوەی یەكە یەكەی لێدوان و راگەیاندراوەكانی وەزارەتمان نیە، بۆیە كۆكراوەكانی بە رێژە و گریمانە دەیخەینەڕوو. 
كاتێك نێوانی هەولێر و بەغدا تێكچوو، چەند مانگێك بوو هەرێمی كوردستان سەربەخۆ نەوتی هەناردەی توركیا دەكرد و مالكی ئەوەی قۆستەوە وەك بیانوویەك و لێدوانی بەرپرسانی هەرێمی كردە بنەمای فشارێك كە هەرێم پێویستە رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی سۆمۆ وە هەناردە بكات، هەرێم پابەند نەبوو، لەدوای بڕینی بودجەشەوە ئیتر هەناردەكردن بەردەوام بوو، بەپێی قسەو لێدوانی وەزیری سامانە سروشتیەكان تا كۆتایی ساڵ ئاستی هەناردەی نەوت دەگاتە ئەو رێژەیەی پێویستمان بە بەغدا نەمێنێ.
ئێمە لێرەدا نیووەی ئەو رێژەیە بە نمونە وەردەگرین و وای دائەنێین هەرێم رۆژانە 200 بۆ 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە كردبێت. واتا مانگی 7 ملیۆن بەرمیل نەوت، كە ئەوكات نرخی نەوت لە سەرووی سەد دۆلارەوە بوو، ئەگەر هەرێم بە 25 دۆلار كەمتریش فرۆشتبێتی ئەوا لانی كەم مانگانە 500 ملیۆن دۆلاری دەستكەوتووە. كەواتا لەو دە مانگەدا تا كۆتایی 2014 دەبێت بای (5) ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتبێت. 
دوای هاتنی داعش و بەهۆی كۆنترۆڵكردنی بەشێك لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمەوە لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە، لە مانگی تەموزی ساڵی 2014 هەرێمی كوردستان چەند كێڵگەیەكی نەوتی كۆمپانیای نەوتی باكوری خستە ژێر ركێفی خۆیەوە، كە دیارترینیان هەردوو كێڵگەی (بای حەسەن و هاڤانا) بوو، بەپێی راپۆرتی كۆمپانیای نەوتی باكور توانای هەناردەی ئەو دوو كێڵگەیە رۆژانە 260 هەزار بەرمیل بووە. 
ئەو شەش مانگە لە تەموز تا كۆتایی 2014 رێژەی هەناردەی بای حەسەن و هاڤانا، زیاتر لە 40 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە. وە لەبەر ئەوەی ئەو دوو كێڵگەیە پەیوەست نەبوون بە گرێبەستەكانی هەرێم و كۆمپانیا نەوتیەكانەوە، بۆیە هیچ بڕێكی دیاریكراوی نەچووە بۆ كۆمپانیا نەوتیەكان و بیرە نەوتیەكان دەیان ساڵ بوو نەوتیان لێدەردەهێندرا، ئەگەر هەرێم ئەو نەوتەشی بە 25 دۆلار هەرزانتر لە نرخی جیهانی فرۆشتبێ، ئەوە  لەوێش بای  زیاتر لە (3) ملیار دۆلار پارەی دەستكەوتووە. 
كاتێك لەگەڵ بەغدا رێككەوتن لەسەر ئەوەی رۆژانە هەرێم بە نەوتی كەركوكەوە 550 هەزار بەرمیل هەناردە بكات لەرێگەی سۆمۆ وە، ئەو رێككەوتنە بە كەم و كورتیەكانییەوە تا مانگی 6ی ساڵی 2015 بەردەوام بوو، بەغدا لە كەمترین بڕەوە كە 250 ملیۆن دۆلار بووە تا نزیك 500 ملیۆن دۆلاری ناردووە، دەستكەوتی هەرێم لەو 6 مانگەش ئەگەر یەك ملیار و نیوو بووبێت كە زیاتر بووە لەوە، ئەوە بەكۆی ئەو دوو بەشەی تری سەرەوە، كەواتا دەستكەوتە داراییەكانی هەرێم تا مانگی 6 ی ساڵی رابردوو بەشی مووچەی ئەو 18 مانگەی كردووەو نابێت یەك دۆلار قەرزار بێت. وە دەبێت لە دوای مانگی شەشی ساڵی پارەوە هەرچی داهاتی فرۆشی نەوتی هەبووە بووبێتە پارەی یەدەگ.
با وای دابنێین تا ئەو وادەیە هەر دەستكەوتێكی تری دارایی هەبووبێت خەرج كراوە بۆ بەردەستی كاروباری حومەت و قیروسیا گەردنیان ئازابێت گریمان داویانە بە دۆست و ئەحبابەكانیان.
لە دوای مانگی حوزەیرانی 2015 وە كە نێوانی بەغداو هەرێم تێكچویەوە، بە دیاریكراوی لە رۆژی 24/6/2015 وە هەرێمی كوردستان نەك هەر نەوتی ئەو كێڵگانەی خۆی كاری تیا كردوون، تەواوی نەوتی كێڵگەكانی بای حەسەن و هاڤانا و كێڵگەیەكی سنوری پارێزگای نەینەوا لە ناوچەكانی زوومار، بە سەربەخۆ دەفرۆشێت و لە مانگی تەموزیشەوە نەوتی كەركوكیش بە هەمان رێگەدا هەناردە دەكرێت و بەرپرسانی كەركوكیش چەندین جار تەئكیدیان كردۆتەوە یەك دۆلاری نەدراوە بە بەغدا و بە ئیدارەی كەركوك. 
ئەوەی وەزارەتی سەرچاوە سروشتیەكان لە راگەیاندراوەكانیا بۆ رای گشتی بڵاوی كردۆتەوە لە 24/6/2015 تا كۆتایی ساڵ بڕی هەناردە كراوی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆڕی نەوتی هەرێم جەیهانەوە تێكڕا گەیشتۆتە (109486735) سەدو نۆ ملیۆن و چوار سەدو هەشتا و شەش هەزار و حەوت سەدو سی و پێنج بەرمیل نەوت كە بە بۆڕی رەوانەی بازاڕەكانی جیهانی كردووە. ئەگەر زۆر لە نرخی خۆی بە نیووە قیمەتیش نەوتەكەیان فرۆشتبێت، تێكڕا ئەگەر بۆ هەر بەرمیلێك نەوت 20 دۆلاریان وەرگرتبێت دەكاتە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار. هەرچەندە لە مانگی ئابی 2015 وەزارەتی سامانە سروشتیەكان راپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوە و ئاماژە بۆ سەركەوتنەكانی خۆی دەكات لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی نەوتی هەرێم و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ نەوتی كوردستان، تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو كە لەماوەی كەمتر لەو دوو مانگە هەرێم زیاتر لە یەك ملیار و نیوو هاتۆتە سەر حیسابەكەی. بەم پێەش كەواتا حكومەت هەرێم نەك نابێت قەرزار بێت بەڵكوو پێویست بوو پارەی یەدەگیشی هەبێت. 
ئەمە جگە لەوەی بە درێژایی ئەو چەند ساڵە و بە بەردەوامی رۆژانە دەیان هەزار بەرمیل نەوت بە تانكەر نێردراوەتە دەرەوە و داهاتەكانی ئەوەش نەخراوەتە سەر ئەم گریمانانە، كە ئەگەر كۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی تانكەرەكانیشی بچێتە سەر، ئەوە پێویستە هەرێم چەندین ملیار دۆلاری یەدەگی هەبێت و هەڵیگرتبێت بۆ رۆژی رەش، كە ئەمڕۆ ئەو رۆژەیە و پێویستە پارەكان لە هەر كوێیەكن بهێندرێنەوە بۆ كوردستان.
پرسیارەكە لێرەیە ئیتر ئەو ژمارە خەیاڵیانە چین كە باس لە قەرزی بیست ملیار دۆلاری دەكەن. لە كاتێكدا كورد واتەنی گوێز بە ژمارە مایەكەی دیارەو ئەو داتاو ئامارانە هەمووی لە سەرچاوەی رەسمی وەزارەتی سامانە سەروشتیەكانەوە وەرگیراون و لایەنی هەرە كەمی نرخی نەوتمان وەرگرتووە وەك ئیحتیمالی ئەوەی كە هەرێم ئەگەر لەوە زیاتر فرۆشتبێتی، ئەوە بۆ دۆست و ئەحبابەكان رۆیشتبێت. 
خەڵكی كوردستان مافی خۆیانە بە گومانەوە بڕواننە حكومەتەكەی خۆیان و متمانەیان بە قسە و لێدوانەكانیان نەمێنێت، لە كاتێكدا ئەوە هەناردەی نەوت و داهاتەكانی بووبێت، پارەی بانكەكان و پارەی تەرخانكراو پرۆژەكان و مووچەی 4 مانگیشی خواردبێت، دەبێت پرسیاری ئەوە لە بەرپرسانی حكومەت و بڕیار بە دەستەكانی ئەم وڵاتە بكرێت ئەو پارانەتان چی لێكردووە.


19/01/2016



وتارەکانی تری نوسەر