فه‌له‌ستینییه‌كان به‌هۆی ئه‌وه‌ی عه‌ره‌بن، جیهانی عه‌ره‌بی وه‌ك به‌شێك له كێشه‌ی عه‌ره‌ب ده‌ڕوانێته كێشه‌كه‌یان، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئیسلامن، جیهانی ئیسلامیش به‌هه‌مان شێوه لێیده‌ڕوانێت، له‌به‌ر ره‌وایی دۆزهكهشیان، له ده‌ره‌وه‌ی جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامیش، خه‌ڵكی دیکەش هه‌ن هاوسۆزن له‌گه‌ڵیان. كه‌چی ساڵ له‌دوای ساڵ جوگرافیاكهیان بچووكتر ده‌بێته‌وه و پێگه‌یان له هاوكێشه‌كان لاوازتر ده‌بێت. ئایا هۆكاره‌كه‌ی هه‌ر به‌هێزی بهرانبهرهكهیانه كه جووه؟ یاخود خۆیان سه‌رچاوه‌ی لاوازبوونیانن؟
ئه‌گه‌ر ته‌ماشا بكه‌ین له‌وكاته‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی جوو دامه‌زراوه، له هه‌موو خولێكی شه‌ڕ و پاشان له گفتوگۆكانی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌ی فه‌له‌ستین، عه‌ره‌به‌كان له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع زیاتر پاشه‌كشه‌یان كردووه و سه‌قفی داواكانیشیان هاتووەته خواره‌وه. ئه‌وه‌ی له چله‌كان ده‌یانتوانی وه‌ریگرن و پێی رازی نه‌بوون، له په‌نجاكان هه‌وڵیان بۆ ده‌داو ئیسرائیل پێی نه‌ده‌دان. ئه‌وه‌ی له شه‌سته‌كان ده‌یانتوانی له ئیسرائیلی وه‌رگرن، له ده‌یه‌ی دواتردا خه‌باتیان بۆ ده‌كرد، تاوەکو گه‌یشتووەته ئه‌م ئاسته‌ی كه له داوای وه‌رگرتنه‌وه‌ی قودسه‌وه هاتوونه‌ته سه‌ر داوای مزگه‌وتی (ئه‌قسا) له قودس و ئه‌ویشیان پێ ناپارێزرێت.
نه جیهانی عه‌ره‌بی و نه دونیای ئیسلام ناتوانن پێش بە ئیسرائیل بگرن ئەگەر بیەوێت فەلەستین داگیربکات ئه‌و ناوچانه‌ی تائێستا به‌ده‌ستی عه‌ره‌به‌كانه‌وه ماونه‌ته‌وه و ئیسرائیل لێی گه‌ڕاوه خۆیان ئیداره‌ی خۆیان بده‌ن، ئه‌گه‌ر ئیسرائیل بیه‌وێ داگیریان بكات، به ئاسانی ئه‌و ناوچانه‌ش ده‌خاته ژێر كۆنترۆڵی خۆیه‌وه، كه ئێستا نایكات هۆكاره‌كه‌ی ته‌نیا په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه كه ئه‌وكات عه‌ره‌ب ده‌بنه زۆرینه‌ی دانیشتووانی ئیسرائیل و جارێ نایه‌وێ ئه‌م سه‌رئێشه‌یه بۆ خۆی دروستبكات، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه ده‌سته‌به‌ر بكات، هه‌موو فه‌له‌ستین داگیر ده‌كات، نه جیهانی عه‌ره‌بی و نه دونیای ئیسلام ناتوانن پێشی پێبگرن.
له رابردوودا عه‌ره‌به‌كان زۆرجار ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان هه‌بووه به ئاشتی و له‌ژێر چاودێریی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كێشه‌كه‌یان چاره‌سه‌رێكی ناوه‌ندی بۆ بدۆزرێته‌وه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی كاریان به‌و تێزه كردووه (یان هه‌موو یان هیچ) بۆیه له نابه‌رامبه‌ری هێزو هه‌میشه له رابردوودا ژیان و قبوڵنه‌كردنی واقیع، (هیچهكهیان) بۆ ماوه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ی ئێستاش له كه‌رتی غه‌ززه ده‌گوزه‌رێت سه‌رباری ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مجاره بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس به‌و ئه‌ندازه‌یه توانای موشه‌كبارانكردنی ناوچه جیاجیاكانی ئیسرائیلی هه‌بێت و ره‌نگه بتوانێ زیانی زۆر به ئیسرائیل بگه‌یێنێت، به‌ڵام كۆتاییه‌كه‌شی هه‌ر ئاو ده‌كاته ئاشی لاوازتركردنی فه‌له‌ستینه‌وه، چونكه نه‌ك هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ڕووی توانای سه‌ربازی و ته‌كنه‌لۆجیای جه‌نگییه‌وه به‌راورد ناكرێن، به‌ڵكو له‌به‌ر بێده‌سه‌ڵاتی و بێهه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له ئاستی ئه‌م جۆره رووداوانه.
جیهان بێهه‌ڵوێستن له تاوان و كۆمه‌ڵكوژی ئیتر له هه‌ر كوێ رووبدات
تاوانه‌كانی ئیسرائیل له كوشتنی ژن و منداڵ و ده‌ستنه‌پاراستن له خه‌ڵكی سیڤیل، بۆردوومانكردنی سه‌نته‌ری شاره‌كان و كۆمه‌ڵگه نیشتهجێیەكان، به‌به‌رچاوی جیهانه‌وه رووده‌دات، تاوانه‌كان چه‌ند هێنده‌ی دیکە قێزهوەنین، هه‌ڵوێستی زلهێزه‌كانی جیهان له ده‌ركردنی به‌یاننامه و ئیدانه‌كردن زیاتر نابن. به‌ره‌ی فه‌له‌ستینییه‌كان و پشتیوانه ئاشكرا‌و نهێنییهكانیشیان شه‌ڕی مه‌یدانی درێژ ماوه‌ی ئیسرائیلیان پێناكرێت. ره‌نگه هه‌ر بتوانن درێژه به مووشهكبارانكردنهكان بده‌ن كه ئه‌وه‌ش به‌دوور نازانرێت سه‌ربكێشێ بۆ به‌كاربردنی چه‌كی ماڵوێرانكه‌رتر له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه. فهلهستینیهكانیش به‌وهه‌موو پشتیوانییه عه‌ره‌بی و ئیسلامی و هاوسۆزییه جیهانییه‌ی هه‌یه بۆ كێشه‌كه‌یان، تووشی شكستی زیاتر ده‌بن و به‌شێكی دیکە له هاونیشتمانیان بێ‌ماڵ ده‌مێننه‌وه‌و ئاواره و په‌ڕاگه‌نده‌ی وڵاتان ده‌بن، كه ئه‌مه‌یان ئامانجی سه‌ره‌كیی ئیسرائیله.
"کورد بایەخێکی رووکەشانە بە كێشه‌ی عه‌ره‌ب و ئیسرائیل ده‌دات"
كورد له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌مان كێشه‌ی هه‌یه، زۆر بایه‌خ به رووداوه‌كانی كێشه‌ی عه‌ره‌ب و ئیسرائیل ده‌دات، به‌ڵام بایه‌خێكی رووكه‌شانه، نه‌ك ئه‌وه‌ی سوود و په‌ند له ئه‌زموونه‌كانی هه‌ردوو لایه‌نی كێشه‌كه وه‌رگرێت. ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وێ سه‌رنجی خوێنه‌ری بۆ رابكێشم و وه‌ك مه‌ترسییه‌ك بۆ داهاتووی كوردستان بیخه‌مه‌ڕوو، ئه‌و بێده‌نگی و بێهه‌ڵوێستییه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه. ئه‌گه‌ر پێمان وابێت هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه زۆرینه‌ی وڵاتانی جیهان دۆست و هاوپه‌یمانی ئیسرائیلن و به‌وهۆیه‌وه‌یه چاوپۆشی ده‌كه‌ن، ئه‌وه راست نییه. به‌ڵكو راستییه‌كه جه‌وهه‌ری كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تییه كه بێبایه‌خانه له خودی مرۆڤ ده‌ڕوانن و بێده‌ربه‌ستن له‌وه‌ی رووبه‌ڕووی چی ئازار و مه‌ینه‌تییه‌ك ده‌بێته‌وه. راسته ئه‌مریكا هاوپه‌یمانی ئیسرائیله، به‌ڵام هه‌موو رۆژئاوا‌و زلهێزه‌كانی جیهان هاوشێوه‌ی ئه‌مریكا نین بۆ ئیسرائیل. ئه‌وه‌نده‌ی دنیای مه‌سیحی كێشه‌یان له‌گه‌ڵ جوو هه‌یه، ئیسلام ئه‌وه‌نده كێشه‌ی نییه. ئه‌وه جوگرافیای ململانێیەكهیه وایكردووه كێشه‌كه بووه‌ته كێشه‌ی ئیسلام و جوو. مه‌به‌ستمه بڵێم جیهان پشتیوانی ئیسرائیل نییە به‌ڵكو جیهان بیههڵوێستن له تاوان و كۆمه‌ڵكوژی ئیتر له هه‌ر كوێ رووبدات.
بۆ كورد درككردن به‌م راستییه زۆر گرنگه، چونكه ئێمه‌ش له هه‌مان ئه‌و ناوچه گه‌رمه‌ی رۆژهه‌ڵاتین كه سه‌رچاوه‌ی كێشه و تووندووتیژییهكانه. كێشه‌شمان له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كانی تورك و عه‌ره‌ب و فارس هه‌یه. ده‌وڵه‌ته‌كانی عێراق و ئێران و توركیا و سووریا، كورد وه‌ك سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیری خۆیان وێنا ده‌كه‌ن و كار بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و مه‌ترسییه ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ش واده‌كات له داهاتوودا رووبه‌ڕووی ئاڵۆزی زیاتر ببینه‌وه. دۆخی فه‌له‌ستین به‌و هه‌موو پشتیوانه عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌وه وه‌ك خۆیی ببینین، كه ئه‌وه حاڵیانه. كورد چی هه‌یه بیكاته سه‌رچاوه‌ی هێز بۆ خۆی؟ یان چی هه‌یه بیكاته سه‌رچاوه‌ی ده‌سته‌به‌ركردنی پشتیوانی دونیای ده‌ره‌وه‌و زلهێزه‌كانی جیهان تاوەکو به‌رپرسیارێتی پاراستنی كورد له ره‌شه‌كوژی، له ئه‌ستۆ بگرن.
هاوسۆزیی، یان رك و كینه‌یه له فه‌له‌ستین و جوو خه‌ریكه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌كاته دوو به‌ش
پێویسته ئێمه‌ی كورد له‌جیاتی (هاوسۆزیی، یان رك و كینه‌یه) له فه‌له‌ستین و جوو، كه خه‌ریكه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌كاته دوو به‌ش، ئه‌زموونه‌كانی ئه‌م كێشه‌یه بكه‌ینه پرسیارێك بۆ ورووژاندنی مێشك و ده‌روونمان بۆ گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی دادپه‌روه‌رانه و ئاشتییانه بۆ كێشه‌ی كورد له ناوچه‌كه. ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌كه‌ین به دڵنیاییه‌وه چاره‌نووسمان له چاره‌نووسی عه‌ره‌به‌كانی فه‌له‌ستین باشتر نابێت.