مژدە.. مژدە، هونەرمەند "کەریم کابان" کۆچی دوایی کرد!

به‌رزان هه‌ستیار
ئەوە هەر لێرەیت ئەی سەرچاوەی قوڕولیتەی هەموو قەیرانەکان؟ هەر سەرگەرمی هەناسەدانیت ،ئەی کانگای شەڕ و ماڵوێرانیی و کۆستە گەورەکان ؟ ئاخر من دەمێکە ئەزانم گەر تۆ نەمێنیت ئیتر مناڵان لە قوتابخانە دواناکەون و بە درۆوە خۆیان ناکەن بە نەخۆش، بێوەژنەکان سەرتاپایان لە جلی ئاڵوواڵا هەڵئەکێشن. داپیرەکان پشتیان ڕاست ئەبێتەوە!!
بڕوا بکە "کابان"ی خۆشەویست، نسکۆ و داڕمانی "داعش" بە قاچەکانی تۆوە گرێدراوە، گەر تۆ بڕۆیت.. ئەوانیش لە چرکەساتێکدا ئەبنە ئاردی نێو دڕک، یان پووشو پەڵاشی دەم "با" !!
من زۆر بێگومانم لەوەی مانەوەی تۆ وەک تاشەبەردێکی زەبەلاحە لەبەردەم کانیی ژیانەوەی ئاواتەکانی هەمووماندا، پەنجەکانت ئەو کۆڵەوژانەن هەمیشە ژیلەمۆی ژێرخۆڵەمێشی زامەکانمان هەڵئەدەنەوە، دەنگت..ئاخ دەنگت ڕۆژ نییە لە خەومان نەکات و پەلکەزێڕینەی ئارامییمان بە کۆڵەنەکانا پەرش و بڵاو نەکاتەوە!!
تۆ چ کارێکت بێرە ماوە!؟ تۆ لە کەیەوە وەسێتت بۆ یارانت کردووە و کەچی هەر بەڵێنەکەت نەبردە سەر.. پێبزانیت یان نا، بەم بێوەفاییەت ئازاری گیانی مەست و بێدارانی شەو ئەدەیت.، بەم بێبەڵێنییەت هێندەی تر زەرووی نیگەرانیی بەر ئەدەیتەگۆمی خوێنمان!!
دەی ، ئەوەندەی ماوتە لە ئێمەوە فێرە میهرەبانیی بە ، ئێمە دەیان جارمان کوشتیت و تۆ بە واقوڕماوییەوە بیرت لە فارگۆنی درێژی تاوانەکانی خۆت ئەکردەوە، هەموومانت سەرقاڵ کرد بە دیار مژدەی مردنتەوە و دواجار تێزابی نائومێدییت ڕشتە گەروومان. 
چاوەڕێی چیت "کابان"ی ئازیز !؟ دەی با وێنەکانت لە ئەرشیف دەربێنین و لە ژێریانا بنووسین ،"کەریم کابان"ی هونەرمەندی گەل و خەمخۆری نیشتیمان دوای ئەوەی دەیانجار ئێمە کوشتمان و هەر نەمرد.،ئەمڕۆ لە لە ماڵەکەی خۆیدا و بە دیار گۆرانیی "ئەی تەمەنی پڕئەسرینم "ەو بە یەکجاری ماڵئاوایی لێکردین و بە مەرگی ئەویش زاری وشکی مناڵان پڕبۆوە لە شیر وگیرفانی بەتاڵی نەداران سەرڕێژ بوو لە پارە و ماڵ نەما نەبێتە چراخان و
چاڵوچۆڵیی شەقامەکان لە کون فەیەکونێکدا پڕ بوونەوە و وشکە ساڵیی، تەڕایی تێڕژایەوە و 
کۆبوونەوە پێنجقۆڵییەکان بەسەرکەوتوویی کۆتاییان هات و وڵات ئاوەدان!!
دەی هیممەتێ.. با لە پرسەکەتا ئەو نوکتانە بۆ یەکتری بگێڕینەوە کە لەسەر تۆ دامان نابوون، با بە ڕوویەکی خۆشەوە تەسلیمی خاکت بکەین و زەردەخەنە لە لێومان نەبڕێ، ئەی نەتبیستووە ئەڵێن لە پرسەی هەر کەسێکدا دڵشاد بیت و پێبکەنین ڕووخسارت جێنەهێڵێ ئیتر ئەو کەسە بەهەشتییە. 
دەی "کابان"ی ئازیز هیممەتێ، میللەت چاوەڕێی دەست و بازووی تۆیە، بازووی تۆ، ئای لە میللەت!!!!!
---------
ئەم نووسینە لە هەفتەنامەی "ئاوێنە" و له‌ فه‌یسبووکی نووسه‌ر بڵاوکراوه‌ته‌وه‌



05/01/2016



وتارەکانی تری نوسەر