ڕۆشنبیرانی گۆمە لێڵەکان !

به‌رزان هه‌ستیار
سڵاوتان لێ نەبێت. لە ناخی دڵەوە دەیڵێمەوە، سڵاوتان لێ نەبێت ئەی ئەو ڕۆشنبیرانەی کە لەگەڵ شێلووبوون و شڵەژانی هەر بارو دۆخێکی ئەم نیشتیمانە شەکەت و لانەوازەدا ئیتر ئێوە سوار سەری قەڵەمە ناشرینەکانتان دەبن و دەست دەکەن بە دابەشکردنی پسووڵەی نیشتیمانپەروەریی و نیشتیمانفرۆشیی، ئێوەیەک کە زۆربەی زۆرتان ڕۆژێک لە ڕۆژان نەک هەر خۆتان ، بەڵکو قەڵەمەکانیشتان دڵۆپێک ئارەقی ماندووبونیان بە نێوچەوانی خۆیانەوە نەبینیوە و کەچی خۆتان بە قارەمان و فریادڕەس و پێشەنگی ئەو خەڵکە ڕۆح و جەستە بریندارە دەزانن و وەلێ هەتا ئەو دەمە هاوار و شاتەشاتتان دێت کە زیان بە پەزەکەتان نەگات و پاشان وەک نەعامە سەرتان ئەکەنەوە بە ژێر لمی ترسنۆکیی خۆتانا و گوێی خۆتان لە هەموو ناڵە و، دیدەی خۆشتان لە دەریایەک فرمێسک و ڕووخساری خۆربردووی ژن و مناڵ و گەنج و پیری ئەم نیشتیمانە نەبان ئەکەن.

هەتا ماون سڵاوتان لی نەبێت و هەتا ماوم یەک تکاتان لێ ئەکەم و ئەڵێم، ئێوە کە شار ئاو بیبات و ئاگر بیسووتێنێت تاکە خەمتان ئەوەیە سێبەری حیزبتان لەسەر کەم نەبێت و دڵنیاشم لە شوێنێک ناخەون ئاو بچێتە ژێرتان و بەرژەوەندییشتان لە کوێ پارێزراو بێت خێوەت لەوێ هەڵدەدەن و هەر کاتیش بە ئاستەم هەستتان کرد ئاگر لە خەرمانی بەرژەوەندییتان نزیک دەبێتەوە ئەوە تەنها یەک بازدان بەسە کە شڕوشیتاڵتان بەرنە جێیەکی تر کە هەم سێبەری خەستتر و هەم بێ مەترسییە بۆ تەنکبوونی گیرفانتان.

لەگەڵ ئێوەمە ، ئێوە، ئەی ڕۆشنبیرانی گۆمە لێڵەکان، خۆتانی لێ گێل مەکەن، تکایە واز لە هاتو هاواری بێڕەنگی خۆتان بێنن و لێگەڕێن فرمێسکەکان وەک خۆیان دەربکەون و ئازارەکان بە سەرکەشیی خۆیانەوە ڕێبکەن و خوێن، پیرۆزیی خۆی بمێنێت و پەنجەرەی ڕوانین بە تەمو مژی کینەی خۆتان سواغ مەدە ن ، بڕۆن ئەو بەرمیلە بەنزینانەی لە کەللەی سەرتانا حەشارتان داوە لە چۆڵەوانییەکدا خاڵییان بکەنەوە و وا مەکەن لەوە پتر گومان لەسەر ڕۆشنبیرە ڕاستەقینە و خەمخۆرەکان دروست بێت و ڕەش و سپیش بە ئەستەم لێک جوودا بکرێنەوە.

06/03/2017



وتارەکانی تری نوسەر