پیاوێک لە هەنگوینی وشە ! لە یادی " شێرکۆ بێکەس"دا

به‌رزان هه‌ستیار

زۆر سەختە باس لە مەرگی گوڵێک بکەیت و بەڵام هێشتا بەرامەی وەک خۆی لە باخەکەدا مابێت ، گرانە و سەرکێشییەکی بێمانایە لە ونبوونی کەنارییەکی خۆشخوان بدوێیت وکەچی ماڵەکەت لە نەغمەی ڕەنگاوڕەنگیدا سەرمەست بووبێت .

هەمیشە ئەو جۆرە سەرکێشییانە بە جۆرێک هەناسەم تووند ئەکەن ،ئەڵێم هاکا وەک زەڕنەقووتەیەک لە هێلانەکەم بەربوومەوە وبەرلەوەی بکەومە زەوی ، بازێک چنگم لێگیر کات ولە چاوترووکانێکا بمباتە کەشکەلانی فەلەک .

ئەوەندە کشانی ئەستێرە، ڕوانینی پەلکێش کردم و هێندە خەریکی دڵدانەوەی ئەو چەمانە بووم کە هەمیشە لە پرسەی ماسییەکانا خامۆش..خامۆش ئەڕژان، ڕەنگی فەنابوونم لێنیشت، من ئیتر حەوسەڵەی ئەوەم نەماوە سەیری گیانەڵای کلوەبەفرێکیش بکەم، بڕستی ئەوەم لەبەر بڕاوە لە سەرەمەرگی بارانا ئێشک بگرم، ئاخر هەموو گیانەڵایەک چاوە ماتەکانی "شێرکۆ"م وەبیردێنێتەوە و ئەو شیعرانە دێنێتەوە بەر قاپیی خەیاڵم کە جار..جار ئارام و جار ..جاریش بە لێزمە خۆشەویستیی و فرمێسک و بۆکڕووزی ئاهی بێوەژنێکی کڵۆڵ و هەنسکی مناڵێکی لانەوازیان لێ ئەبارێ .

هەر سات تووتڕکی ماتەمینییەک لە سەراپام گیر ئەبوو ،شیعرێکی قژتەڕی " شێرکۆ" تەقەی لە شووشەی پەنجەرەکەم هەڵئەستان ومنیش ماندوو.. ماندوو بە ئەسپایی پەردەکەم لائەدا وپەنجەرەکەم بۆ ئەخستە سەرپشت، بەر لە وشەکانی ،" ئەو" بەپرتاو خۆی ئەکرد بە ژوورا و بەو نەغمە گڕ و ناوازەیەی خۆیەوە پێش من دەستی ئەکرد بە خوێندنەوەی شیعرەکە وئیتر منیش هەورێک لە شەرم دایئەپۆشیم وزاتی ئەوەم نەئەکرد پێی ببڕم وخۆم شیعرەکەی تەواو بکەم.

ئاخر " شێرکۆ"، هەربە تەنها شیعرەکانی ئۆرکسترای ڕەنگ و کەرنەڤاڵی ئەستێرە ومێخەکبەندی لەنگەرگرتووی سەر جووت مەمکی شۆڕەژنێک نەبوون؛کە ئەکەوتە سەر سەودای شیعر خوێندنەوە، دەنگیشی بورکانێک بوو نێڵە نێڵ ئەسووتا وتاڤگەیەک بوو لە میسک و بەخوڕ ئەڕژا، باخێکی دەستبڵاوو سەخی تەبیعەت بوو، باخێک، هەموو میوەیەکی ئەبەخشی.

لە هەر گۆشەیەکی ئازارەوە نیگا هەڵخەیت،بڵێسەش نەبێ، تروسکەیەک بەدی ئەکەی شیعرێکی "شێرکۆ" لەبەریا دانیشتبێ وسەرقاڵی نوووسینەوەی مەینەتیی ئێمە وهەڵکشان وداکشانی دەریای کارەساتەکان بێ، لە هەر کوێوە دیقەت بدەی چەڕەدووکەڵێک چاو ئەکەیت وکە لێی نزیک بوویتەوە " شێرکۆ"یەکی تیا ئەدۆزیتەوە کە بەدەم کێشانی یەک دوای یەکی جگەرەوە خوێنی خۆی ئەکا بە سووتوو.

****

تامی پەشمەکی ئەو نەرمە گلەییە شیرینەم هەر لە زاردایە کە جارێک پێی وتم ئەو هەموو ترس و تارمایی مردنە چییە لە شیعرەکانتا؟ ئەفسووس ئەوە یەکەمجار بوو " شێرکۆ" وا بە بێئاگایی ببینم ، ئاخر ناکرێ "شێرکۆ" لەو هەموو بێمروەتییە مردن تێنەگا، سەیرە " شێرکۆ" نەیزانیبێ پشکۆ گەشەکەی مردن هەمیشە وەک باڵندەیەکی ئەفسانەیی بەسەر سەرمانەوە ئەخولیتەوە و لە کەمترین دەرفەتدا کڵپەی زێمارێک بەرئەداتە حەوشە وهەیوانی دڵان و ئەنگووستەکانمان ئەکاتە کۆڵەوژ ، ئاخر " شێرکۆ" خۆ مەملەکەتی بەرینی شیعرەکانی خۆت پڕە لە گۆڕستانی گوڵەبەیبوونەکانی نیشتیمان ، سیخناخە لە فرمێسکی هەڵقرچاو و زەردەخەنەی مل بەکوێن..گلەیی چیم لێ ئەکەی "شێرکۆ".. گلەیی چی؟ چەند جار شیعرەکانی خۆت هەتا بەردەرگای مردن ڕاپێچکراون و بەڵام بە سەرچڵیی خۆیان گەشتوونەتەوە ئاواییە شینەکانی ژیان ؟
" شێرکۆ " زۆر لە مێژە " ئەنوەر قادر"ی هاوڕێت لەبەر هەیوانی فێنکی شیعرکا نووسیوێتی " مردن.. مردن کەنارێکی شین و تەڕە ، ئێواران پیاسەی پیا ئەکەم "؛ دەسا پیاسەی ئەم ئێوارەیە و هەموو ئێوارەکانی تەنیایی تۆش باش، ڕەنگی ئەم ئێوارەیە و هەموو ئێوارە ڕەنگاڵەییەکانی ترت جوان ، شیعری ئەم ئێوارەیە و هەموو ئێوارەکانی تری بێدەنگییت شاد، ئێوارەیەک کە دڵنیام شیعرت ئەوەندە تێیدا کڕێوە ئەکا، هەموومان ئەکەی بە سەرپۆشێکی سپی ، دابارێ و تا ئەبەد بە بێگەردیی بریسکەت بێ و چەشنی گەوهەری یەکدانە ورشە و پرشەت ماڵە بێ چراو کووچە نووتەکەکان پڕ بکا لە جریوە.. جریوی ڕووناکیی.

هەر کەمێک پێش ئێستا وەک ئەوەی لەرزی شتێک دایگرتبم، لەرزێ کە نەزانرێ لە کوێوە چۆراوگە ئەبەستێتە ڕۆحەوە، وەک خەمێکی ناو شیعرەکانی تۆ گرمۆڵە بووبووم و وەک پارچە سەهۆڵێک، تەزیو ، سوپاس بۆ خەیاڵی سەرکێشم کە ڕاستەوڕاست بردمیە ژێر بنمیچی پڕ ئاسوودەیی باڵەخانەی دیوانێکی تۆوە و ئیتر هێدی..هێدی قاچەکانم درێژ کرد و پەیتا..پەیتا پشکۆی ئاگردانی شیعرەکانت پڕیان کردمەوە لە ئۆخژنی گەرمبوونەوە ، پەنگری دێڕێکت، دەستم و یەکێکی تریان تەزووی ئەبەخشییەوە بە سنگی شەختەکردووم ، بۆیە ئەڵێم منەتباری تۆم "شێرکۆ" ، دواجار سوپاس بۆ درەخت و هەتاو و گەڵای زەرد وکلوەبەفری شیعرەکانت ، سوپاس بۆ شەونخوونیت بەدیار پیربوونمانەوە، سوپاس بۆ ئەوەی نەمردیت هەتا سەراپا باڵات لە شیرینیی شیعر هەڵکێشا و بوویتە پەیکەرێک لە هەنگوینی وشە .


04/08/2020



وتارەکانی تری نوسەر