هه‌موان به‌ته‌مای هه‌وڵ و هیمهتانن، چاوه‌ڕوانی دیاری ده‌ست و نوقڵانه‌و شاباشی دهمتانن. كه‌ی دێنه‌وه لای " سه‌رۆك " چ مژده‌یه‌ك به‌م خه‌ڵكه شه‌كه‌ت وهیوا بڕاوه ده‌ده‌ن! هه‌مو چاوه‌ڕوانین، بڕیاری چیتان داوه‌و هه‌وڵه‌كانتان بۆ چ مه‌به‌ستێك خستۆته گه‌ڕ، كام برسی تێر ده‌كه‌ن و ده‌ستی كام ماندو ده‌خه‌نه سه‌ر سكی تێر، فرمێسكی كام دایك و باوك ده‌سڕن و چۆن به‌ر به‌ده‌ریای ئیجه ده‌گرن، گه‌نجانی سه‌ر هه‌ڵگرتوو له حكومی ئێوه چی تر ههڵنهلوشێ، پێمان بڵێن باوه‌ڕ به‌كام گه‌نج و لاوی توڕه‌ی ئه‌م نیشتیمانه دێنن كه پیره‌مێرد به‌حه‌سره‌ته‌وه بانگیان ده‌كات
"كاوله‌كه‌ی وه‌ته‌ن هێنده شیرینه
ژه‌هری دوپشكی عه‌ربه‌ت هه‌نگوینه"
وه‌فدو لیژنه‌كه‌ی سازان، كه هێشتا خۆتان نه‌سازاون، گوێ مه‌ده‌نێ و وه‌رن به‌هه‌موتان میله‌ت بسازێنن، گاڵته به‌عه‌قڵ‌و هزرمان بكه‌ن، به‌ئێستاو داهاتومان پێبكه‌نن. هه‌رگیز ئاوڕ له ڕابردو مه‌ده‌نه‌وه، ده‌ست بخه‌نه گیرفانی هاوڕێ شه‌هیده‌كانتان ئه‌وه‌ی تائێستا بۆتان نه‌كراوه بیكه‌ن، به‌ڵام توخوا خۆتان مه‌ڕه‌نجێنن، خانه‌دان و خاوه‌ن پله‌و سه‌رمایه زویر و نیگه‌ران مه‌كه‌ن، لێبگه‌ڕێن با كۆمپانیاكانی حیزب، با بانكه‌كانی هه‌نده‌ران پڕترو قهڵهوتربن، هێشتا گیرفانه قوڵه‌كان وه‌ك زه‌ڕنه قووته ههردهمدهكهنهوه و برسین، ده‌سته‌و نه‌زه‌ر وه‌ستاوین و ده‌پاڕێینه‌وه وەفده خه‌م خۆره‌كه، ده‌ست بۆكاری خواوه‌ند مه‌به‌ن، خۆی فهرموییهتی "یعگی لمن یشا‌و بغیرحساب"، بامهحجوبی دنیا‌و قیامه‌ت نه‌بن. به‌رده‌وام بن وسڵ له‌هیچ مه‌كه‌نه‌وه، خه‌ڵك ده‌زانێ ده‌مێكه ئۆقره‌تان لێبڕاوه هه‌ردێن و ده‌چن، قه‌ت ماندو نابن، بیست و چوار سه‌عات ناخه‌ون، هه‌ر ئه‌خۆن وكاوێژیش ناكه‌ن. ئێوه‌ش ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌ی جاران، بیرتان چوو، زوو زوو ئه‌یاندا به‌گوێتاندا، گه‌ر به‌ته‌مای ده‌سه‌ڵاتن، به‌رماوه؛ كه‌م تازۆر ماوه، چیتان داوه له قسه‌و ڕه‌خنه هه‌مو وه‌رنه‌وه پاڵ حیزبی دایك و ڕازی بن به‌نه‌مانی یه‌كجاره‌كی موچه، به‌قه‌یران له‌دوای قه‌یران، وه‌رن باههمو ده‌ستبگرین، وا شایی و لۆغانه، هه‌ڤاڵان مژده‌یان پێیه، ده‌وڵه‌تی كوری وا له‌ڕێیه گه‌ر نه‌شبوو؛ گران نیه له خشته بردن، هێنده پاره‌شیان پێیه بۆ بادانه‌وه و هه‌ڵبژاردن هه‌مو كات هه‌توانی برینی به‌سوێیه.