بۆچی پارتی زویر و نیگەرانە ؟!

ئازاد چالاک

ڕێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان گۆمێكی شڵەقاند، كەپڕبوو لە بێزاری و بێ‌ ئومێدی هاوڵاتیان و لە چەقبەستنی سیاسی و گەمەی ناڕەوای حیزبایەتی، كە دەویسترا ڕاستییەكان بە زۆری زۆردار ئاوەژو بكرێنەوە و درێژە بەهەڵە و گەندەڵی و ناعەدالەتییە گەورەكان بدرێ‌ و پەردەپۆش بكرێن.

لەگەڵ ئەوەی سەركردە و لایەنگرانی گۆڕان و یەكێتی هۆكاری ڕێككەوتنەكەیان دەگێڕنەوە بۆ مێژووی هاوبەش و نزیكی دید و بۆچونیان لەمەڕ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و خەباتی هاوبەش و     ڕزگاربون لەم دۆخە چەق بەستوە سیاسییە، بەڵام دەكرێ‌ هۆكارێكی تری كاریگەر بۆ ڕێككەوتنی ئەم دوولایەنە ئەوەبێت، كە خودی پارتی، گۆڕان و یەكێتی گەیاندبێتە ئەو قەناعەتەی، كە هەریەكەیان بەجیا لەگەڵ پارتی ڕێكدەكەون، كەمترحیسابیان بۆدەكرێ‌ و مافی خۆیان پێ‌ نادرێ‌ و گوێیان لێ‌ ناگیرێ‌ و بەردەوام بچوكتر لە قەبارەی خۆیان سەیر دەكرێن و بەردەوامیش دەتوانرێ‌ پەراوێز بخرێن.

لوت بەرزی و عینادیی سیاسی پارتی و تاكڕەوی و ناژیرانە مامەڵەكردنی لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانی گۆڕان، (پارتی مەبەستی بو بێت یان نا) نامەیەكی هەڕەشە ئامێزبوو بۆ هەموولایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بە یەكێتی نیشتمانی كوردستانیشەوە، كە هەرحیزبێك نەچێتە ژێر ئیرادەو ویستی پارتیەوە، ئەواهەمان چارەنوسی بەرپرسەكانی گۆڕانی دەبێت، پارتی ناڕاستەوخۆ بەهەمووانی وت ئەوەی بڕیار دەدات دەنگی خەڵك و دامەزراوە شەرعی و فەرمییەكانی پەرلەمان و حكومەت و دەسەڵاتی  دادوەری نین، بەڵكو ئەوە تەنها حیزبێك و تەنها سەركردەیەكە ئەوماف و ڕۆڵەی هەیە و هیچی تر!!
بەشێك لەسەران و كادرانی پارتی سەرەتا باسیان لەوەدەكرد، كە ڕێككەوتنی دوولایەنی سیاسی كارێكی باشەو پارتی لەبری ئەوەی مامەڵە لەگەڵ داخوازی دووحیزدا بكات، ئەوا بۆ ئەو ئاسانترە مامەڵە لەگەڵ یەك حیزب و یەك داخوازیدا بكات، واتە پارتی باوك و دایكە و لایەنە سیاسییەكانیش هەرزەكاری موزعیجن و داخوازیكانیشیان لەپارتیی خاوەن ماڵ تەواو نابێت!
كاردانەوە و نیگەرانی پارتی زۆربەڕونی ئەو ڕاستیە دەردەخاتەوە، كە پارتی هیچ لایەنێكی كوردی بەهێزی ناوێ‌ و هیچ جۆرە شەراكەتێكی ڕاستەقینەی قبوڵ نیە و كاتێكیش باسی "قبوڵكردنی تەنهائیرادەی گەل دەكات"، وەك لە كۆبونەوەی (م.س) هاتووە. ئەوە لەبیرخۆی دەباتەوە، كە سەڕەڕای دەنگۆی پرۆسەی تەزویری ڕێكخراو لەهەڵبژاردنەكاندا، پارتی تەنها توانیوەتی لە دەوروبەری  یەك لەسەر سێی دەنگی خەڵكی بەدەست بهێنی و ئاشكراشە كە هەموولایەنە سیاسییەكانی دەرچووی هەڵبژاردنەكانی هەرێم جگە لە پارتی چ بەپرۆژە و چ بەهەڵوێست خوازیاری سیستمی پەرلەمانی و ڕێكخستنەوەی دەسەڵاتەكان و هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی و دەستوری هەرێمن، كەواتە ئیرادەی زۆرینەی خەڵكی كوردستان، كەپارتی ئیدیعا و بانگەشەی بۆدەكات كامەیە و لە كوێیە ؟!

بەبۆچونی بەندە، پارتی بەردەوام دەبێت لەهێنانەكایەی گرژی و بەهەمووشێوەیەك دژی ئەم ڕێكەوتنە دەوەستێ‌ و ئامادەشە دەست بۆ هەموو موحەرەماتێك بەرێت و لاشی گرنگ نابێت هەرێم و هاوڵاتیان سوودمەند یا زەرەرمەند دەبن، ئەوەی ئەم حیزبە بناسێ بەرچاوی لێڵَ و تاریك نابێت و دەزانێت، كە هەژاركردنی هاوڵاتیان و دەستبەسەراداگرتنی قووت و موچەی خەڵك و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی گشتی و ڕكەبەرایەتی لایەنە سیاسیەكانی هەرێم و كوردانی شۆڕشگێڕی  ئەمدیو و ئەودیو، تەسلیم بوون بەلایەنە دەركییەكان پیشەی ئەم حیزبە بوە و هەموو  ئەوهەنگاوانەش بێ‌ دوو دڵی دەچنەخانەی دژایەتیكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی كورد و پوچەڵ كردنەوەی ڕیفراندۆم و خەونی سەربەخۆیی كوردستان، كە بەردەوام بەرپرسانی پارتی بانگەشەی بۆدەكەن و خۆیان كردۆتە تاكە سوارچاكی ئەوگۆڕەپانە !

گەرپارتی كەمێك بەتەنگ دواڕۆژی كورد و خەبات و خوێنی شەهیدان و گەیشتن و بەئامانجە لەمێژینەكانی بهاتایە، دەبوایە خۆشخاڵی خۆی بۆ ئەو ڕێككەوتنە دەربڕیبایە و ئەوەی بەدەرفەت بزانیبایە و بەپەلە داوای كۆبونەوەی هەموو لایەنە سیاسیەكانی بكردایە و هەرچی لەبەرژەوەندی یەكڕیزی خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسیەكاندایە ئەوەی هەڵبژاردایە بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە و ئەوڕیفراندۆمەی كە باسی دەكات و بەكردەوەش بیسەلماندایە كە پارتی خەمخۆری گەلە نەك كورسی و سەرۆكایەتی، ئەوكات لای لایەنە سیاسیەكان و خەڵكی كوردستان بەشێوەیەكی تر سەیردەكراو ماوەی كورسیە زێڕینەكەشی  بەڕەزامەندی هەمووان جارێكی تر شەرعیەتی پێ‌ دەبەخشرایەوە.
پارتی، لەماوە ڕابردوودا بۆخۆڵكردنە چاوی خەڵك و ڕابواردن بەسازان، بەردەوام داوای كۆبونەوەی لە گۆڕان كردوە، بەڵام كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی زۆر بەڕوونی ئەو ڕاستیەی دەرخست كە "هەڵوێستیان بەرامبەر گۆڕان نەگۆڕاوە"  و ئامادەش نین هەڵەكانیان ڕاست بكەنەوە، ئەی كە ئەمە بیروڕای پارتی بووە، داوای دانیشتن و كۆبونەوەی لەگەڵ گۆڕان و كۆبونەوەی پێنج قۆڵی بۆ چ مەبەست و لەپێناوی چیدابووە؟!

      19/5/2016


21/05/2016



وتارەکانی تری نوسەر