پێوه‌ری كه‌سایه‌تیه دیاره‌كانی نه‌ته‌وه و مێژوو، له دێر زه‌مانه‌وه پابه‌ندبونیان بووه به بیروباوه‌ڕ و كرداره گه‌وره و پڕ به‌هاكان، كه‌سایه‌تییه‌كانی مێژووی مرۆڤایه‌تی نه‌ك هه‌ر بوونه هێما و سونبول بۆ نه‌ته‌وه و نیشتمانی خۆیان، به‌ڵكو بونه مایه‌ی شانازی گه‌لانی تر و گشت مرۆڤایه‌یی.
سه‌ركرده‌ی وه‌ك گاندی و ماندێلا و گیڤارا، نمونه بوون بۆ خۆنه‌ویستی و مرۆڤدۆستی و ئاشتیخوازی و ئازایه‌تی، كه بێگومان كاره‌كانیان به‌زۆر كه‌سایه‌تی تر ناكرێت، كه ویستی ده‌سه‌ڵات و پاوانخوازی و پارهپهرستییان كردبێته دوا ئامانج و مه‌نزڵ و له ئاكامیشدا نه‌چاویان تێربووه به‌وه‌ی كه زه‌وتیان كردوه، نه‌توانیویشیانه ماهیه‌تی قێزه‌ونی خۆیان له مێژوو بشارنه‌وه و بونه‌ته مایه‌ی سه‌رشۆڕی بۆ كه‌سوكار و په‌ڵه‌ی ره‌شیش بۆ نه‌وه‌كانی دوای خۆیان.
كورد له مێژوودا، كه‌م نه‌چه‌وساوه‌ته‌وه و رۆڵه‌كانی له خه‌بات و قوربانیدا دره‌نگ نهكوتوون و به‌رده‌وام كارهوساتی گه‌وره و قڕكردن به‌رۆكی به‌رنه‌داون. ئه‌وه‌ی كه كورد له گه‌لانی تر جیاده‌كاته‌وه، قه‌یرانی حزب و سه‌ركرده‌یه، قه‌یرانی بیر و ره‌فتاری كه‌سایه‌تی خێڵه‌كییه، به‌هه‌ندێ له‌وانه‌شه‌وه، كه به‌قات و بۆینباخه‌وه، له‌كۆبوونه‌وه و له كه‌ناڵه‌كان ده‌رده‌كه‌ون و به‌رده‌وامیش ئه‌و قسانه‌مان بۆ ده‌كه‌ن، كه خۆیان باوه‌ڕیان به پێچه‌وانه‌كه‌ی هه‌یه!
سه‌ردانی ئه‌م دواییه‌ی به‌ناو شاندی باڵای هه‌رێم، بۆ به‌غدا، یه‌كێكه له گاڵتهجاڕیهكانی ده‌سه‌ڵاتی كوردی، چونكه هاوڵاتیان چیتر ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه به نوێنه‌ری خۆیان نازانن، كه تا ئه‌م ساته وه‌خته، ده‌ستیان خستۆته بینه‌قاقایان و قوتی مناڵه‌كانیان ده‌ڕفێنن.
له جیاتی موژده‌ی ده‌وڵه‌تی كوردی، وه‌رن گوێ له خه‌م و ئازاری هاوڵاتیان بگرن، وه‌رن بزانن چیتان به‌سه‌ر هێناون و ئه‌وانیش چی به ئێستا و رابردوشتان ده‌ڵێن. كه‌سێك كه خۆی به‌نایاسایی و ناشه‌رعی كورسی زه‌وت كردبێت و به‌رپرسبێت له هه‌موو ئه‌و گه‌نده‌ڵی و نه‌هامه‌تیانه‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستاندا هاتووه، به‌ئاره‌زووی خۆی باڵاترین دامه‌زراوه‌ی یاسادانان و چاودێری پهكخستبێت و ئه‌وه حاڵ و گوزه‌رانی خه‌ڵكه‌كه‌ی بێت، چۆن و به‌چ ڕوویه‌ك داوای مافی كورد له به‌غدا ده‌كات؟
به‌درێژایی ساڵانی ڕابردوو لایه‌نه سیاسیه‌كانی كوردستان و نوسه‌ران و رۆشنبیران داوا و تكایان له مه‌سعود بارزانی ده‌كرد، كه سه‌ردانی به‌غدا بكات و كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌شێنه‌یی چاره‌سه‌ر بكات، كه‌چی پارتی به‌وپه‌ڕی له‌خۆباییبوون و لوتبه‌رزییه‌وه جگه له هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه پشتی ده‌كرده به‌غدا و زوو زووش سه‌نگه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی ده‌گواسته‌وه بۆ لای ئه‌ردۆگان و تۆمه‌تی پشتگیریكردن و لایه‌نگیری بۆ مالیكی ده‌خسته پاڵ هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی كوردستان!
بارزانی به‌كارێكی زیره‌كانه‌ی ده‌زانێت، بۆ تۆڵه سه‌ندنه‌وه له مالیكی و زیاتر درز خستنه نێوان عه‌بادی و مالیكی پشتگیری خۆی بۆ عه‌بادی و حكومه‌ته‌كه‌ی ده‌رببڕێ و درێژه به عه‌قڵیه‌تی رق و تۆڵه سه‌ندنه‌وه له نه‌یاره‌كانی بدات و پێیوایه كه نه‌یاره‌كانی له‌م یاریانه تێناگه‌ن و ئه‌و ده‌توانێ له خشته‌یان به‌رێت!
بارزانی و شانده‌كه‌ی یاوه‌ری، له جیاتی ئه‌وه‌ی له‌وپه‌ڕی لاوازی و شكستدا رێی به‌غدا بگرنه‌به‌ر، ده‌بوایه پێش ئه‌وه هاوڵاتیانی كوردستانیان ئاشت بكردایه‌ته‌وه و به‌شێك له موچه‌ی زه‌وتكراوی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و ئاشته‌واییان بگه‌ڕاندایه‌ته‌وه بۆ هه‌رێم و ڕاستگۆیانه په‌شیمانیی خۆیان بۆ هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان دهرببڕیایا و ته‌نها بۆ جارێك دانیان به هه‌ڵه‌كانیان بنایه و به‌ئاشكرا داوای هاوكاری و چاره‌سه‌ریان له هه‌مووان بكردایه.
دیمه‌نێكی ئه‌و دانیشتنانه‌ی به‌غدا، زۆر به‌ڕوونی پێی وتین، كه سه‌ركرده كورده‌كان چه‌ند لاواز و چه‌ند بچوكن، چه‌ند بێ به‌رنامه و چه‌ند بێ هه‌ڵوێستن، له‌شه‌و و رۆژێكدا ئاماده‌بوون به‌ڵێن و پرۆژه‌ی هاوبه‌ش و هه‌ڵوێسته‌كانیان پشتگوێ بخه‌ن و كێشه‌كان ته‌نیا له شاباش و رازیبوونی شیعه بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی لێبده‌ن!
حزبه كوردیه‌كان و باڵه‌كانیان هه‌م پارتی و هه‌م یه‌كتریان به شه‌ریكه دز تۆمه‌تبار ده‌كرد، كه‌چی زۆر جوان و زه‌ریف پێیان عه‌یب نه‌بوو پێكه‌وه هه‌ر به‌چاو داگرتنێك بكه‌ونه سه‌ما و كێبڕكێ كردن.
به‌دڵنیاییه‌وه ده‌ڵیم، چونتان بۆ به‌غدا پێش رازیكردنی خه‌ڵك و پێش راگه‌یاندنی شكستی سیاسهتهكانتان ئه‌وه‌نده‌ی تر شپرزه و بچوكی كردن.