کۆڕەو‌

ئازاد چالاک
کۆتایی مانگی ئادارو سەرەتای مانگی نیسانی 1991 کارەساتێکی کەم وێنە بەرۆکی خەڵکی باشوری کوردوستانی گرت، حەشاماتی خەڵک بەپیرو لاوو ژن ومناڵ و پەککەوتەوە ڕویانکردە سنورەکانی ئێران وتورکیا، هەندێکیان بەسەیارەو زۆرێکیش پیادە، بەجۆرێک دیمەنی ئەو بەهارە تەڕوتوشەیان گۆڕی بۆ دیمەنێکی پڕلە تراجیدیا، کۆڕەو جگە لەوەی ڕوی لەرزۆک و بەزیوی دەسەڵاتی کوردی خستە ڕوو، گیانی ملکەچ نەبون و ڕەتکردنەوەی ستەمو ئەمری واقیع بو لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکی کوردوستانەوە . 

حیزبەکان و سەرکردەکانیان وەک خەڵکەکە پێشبڕکێیان بو کێ زوتر بگاتە سنور، جگە لە چەند لاوێکی خوێن گەرم و چەند پێشمەرگەیەکی خۆنەویست هەمو بێ ئومێد و لە ناخا ڕوخاو بوین، ئەوکات باس لە سەرکردەیەکی باڵای ئەم هەرێمە دەکرا کە چۆن جامانەکەی داوە بەئەرزدا کاتێک بەشێک لە پاسەوانەکانی خۆی بە جێی دێڵن .

بەردەوام دەوترێ کە گەلان و وڵاتانی دنیا دەرس و عیبرەت لە هەڵەکانی ڕابوردویان وەردەگرن و شیکاری بۆ دەکەن و لە هۆکارەکانی دەکۆڵنەوە، خاڵە لاوازەکانیان دەستنیشان دەکەن وهەوڵی چاککردنی دەدەن. بەڕاستی من نازانم بەشێوەیەکی زانستی چەند شیکاری بۆشکستە یەک لەدوایەکەکانی کورد کراوە! بەڵام هەندێک نوسینم لەبارەی ئاشبەتاڵ، هەرەس، یاخود نسکۆی شۆڕشی 1975 خوێندۆتەوە، لە هەمویان گرنگتر هەڵسەنکاندنی ئەو شکستە بو کە لە لایەن سەرکردایەتی کاتی پارتی بڵاوکرایەوە، کە پێم وایە دکتۆر محمود عوسمان 1977 نوسیبوی بێ ڕەزامەندی بنەماڵەی بارزانی، چونکە ئەوان پێیان وایە ئەوە تەنها پیلان و موئامەرەی نێودەوڵەتی بوە و قبوڵی هیچ سەرنج و ڕەخنە و شیکاریەکی تریان نەکردوەو نایکەن! 

گەر واز لە مێژوی کۆنتر بهێنین، بەشکستی میر نشینە کوردیەکانیشەوە و تەنها باس لە ئاشبەتاڵ و کۆڕە و بکەین دەبینین لە هەردو حاڵەتدا خەڵکی کوردستان لە دەوری شۆڕش و حیزبەکان ئاڵاون و ئامادەی گیان فیدای و خۆ بەختکردن بون، ئەوکات کورد تەنها یەک دوژمنی ئاشکرای هەبوە کە ئەویش حیزبی بەعس بوە، هێزی پێشمەرگە بە ژمارەو بە ورەو بە ئیمکانیات و یەکڕیزبو بەهێزبو، ناکۆکی و دوبەرەکی لە ئاستێکی زۆر نزمدابو ،واتە هەمو خەڵک لەگەڵ شۆڕش و پێشمەرگە بو، کەچی شۆڕشەکانمان سەرنەکەوتن و سەرکردەکانمان بەردەوام پێش خەڵکە ئاساییەکە مەیدان چۆڵ ئەکەن وتێی ئەتەقێنن!

گەر بەراوردێکی ئێستا و ئەوسا بکەین دەبینین لە جیاتی حیزبێک و سەرکردایەتییەک چەندین حیزب و چەندین بیرو بۆچونی جیاو دژبەیەک هەن، خەڵک دابەشبوە بەسەر چەند بەرەیەکدا، نائومێدی ڕۆچوە بە ناخ و دەرونی هاوڵاتیاندا، بەدگومانی لە بیروباوەڕ و لە نەزاهەتی هەمو بەرپرس وسەرکردەیەک دەکرێ لە جیاتی دوژمنێک کە سەدام و حیزبی بەعس بو، ئەمڕۆ ئێران و تورکیاو حەشد و داعش و زۆری تر دوژمنی ئێمەن، جاران خەڵک جۆرێک لە متمانەی بەسەرکردەکانی هەبو، بەڵام ئەمڕۆ پاش حوکمڕانی خۆماڵی کوردی بەچاوی خۆی بینی کە حیزب و سەرکردەکان چ زوڵم و ستەمێک لە میلەتەکەی خۆیان دەکەن، چۆن بێ ڕەحمانە دەست ئەخەنە بیناقاقا و پاروی دەمی هەژاران و کەمئەندامان دەڕفێنن و بە بەرنامە برسی و سوکایەتیان پێ دەکه‌ن .

ئەمڕۆ هەرچەند باس لە دیموکراسی  کوردی بکەن قەناعەت بەکەس ناهێنن، چەند باسی خەبات بۆ دادی کۆمەڵایەتی بکەن هیچ کوردێک بەسوعبەتیش لێیان وەرناگرێ ، گەر باسی سەروەربونی یاساو ڕێزگرتن لە دامودەزگا شەرعیەکانیش بکەن پێیان دەڵێن یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمانەکەتان باش!

کاک مەسعود ئەفەرموێ کە دەوڵەتی کوردی ڕاگەێنرا ئیتر کاری سیاسی ئەو تەواو ئەبێت، واتە بەفارسی "کاری من تمام شد" و نازانم بە تورکی چۆن ئەوترێ، ئەی باشە ئەگەر ڕانەگەێنرا یاخود سەری نەگرت، ئەی ئەگەر ناوچەکانی مادەی 140 مان لەدەستچو چی؟ ئەی سبەینێ عەبادی وغەیری عەبادی پێمان ناڵێن ئێوەتاکلایەنە ڕیفراندۆمتان کردو شکستانهێنا ئیتر بۆتان نیە باسی ماددەی 140 بکەن وخۆتان کۆتایتان پێهێنا.

ئەی باشە ئەگەر بەهۆی ڕیفراندۆمی تاک لایەنەوە توشی شەڕی حەشدو سوپای ئێراق و بەشێک لە تورکومانەکان هاتین گەرنتی ئەوە ئەدەن بەخەڵکی ئەو ناوچانە و هەمو کورد کەسەرکەوتو ئەبین؟! ئەی بیرتان لە هەڵوێستی نەرێنی تورکیا و ئێرانتان کردۆتەوە و ئامادەکاریەکان و بەدیلەکانی تر چین؟ ئەگەر ئەمانەش هەموی بیری لێکراوەتەوە و ئامادەکاریشی بۆکراوە ،ئەی بیرتان لە خەڵکی ئەو ناوچانە کردۆتەوە ژیان و گوزەرانیان چۆن دەبێت و زەرەر و قوربانیەکانیان چەند ئەبێت یاخود ئەمەش وەک هەمو شتەکانی تر هەرخەڵک ئەبێت باجەکەی بدات!

بەڕێزان دەسەڵاتدارانی نەوت وڕیفراندۆم، ئەگەر بەڕاستتانە و دەتانەوێ کورد ببێتە خاوەن قەوارەو دەوڵەتی خۆی، وەرن پێش هەمو شتێک لە نێوان خۆتاندا ڕێکبکەون، خەڵک ئاشتبکەنەوە، متمانەی بزربوی نێوان خۆتان وهاوڵاتیان بگێڕنەوە، پارەی نەوت و سامانی دابەشکراوی نێوانتان بگێڕنەوە و بڵێن ئەو هەمو پارەیەمان بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی مۆڵدابو نەک وەکو نەیارەکانمان دەڵێن بۆ گیرفانی تایبەتی خۆمان و بنەماڵەکانمان، ئەگەر بەڕاستانە وەرن دان بەهەڵەکانتانا بنێن و داوای لێبوردن لە هەمو تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە بکەن چونکە کات درەنگ بوە!


09/09/2017



وتارەکانی تری نوسەر