وەرنەوە یاریەكە دەستپێ ئەكەینەوە!

ئازاد چالاک
كارەسات و نەهامەتیەكانمان هەرهی ئەمڕۆو هی دوێنێ‌ نین، لەدێر زەمانەوە وێڵین، خوێن و فرمێسك و عارەق ئەڕێژین، بەردەوام شاڕێ‌ بەردەدەین و ملی كوێرە رێ‌ دەگرین، خۆشەویستی دایك و پیرۆزی نیشتیمان و پەیمانی برایەتی و هاوڕێیەتیمان لەچركەساتێكی خۆش خەیاڵی و مەستی دا  بەمێزی قومار دەسپێرین!

 مێژوو سەلماندویەتی ئێمە دەبەزین و دەكەوین، سەرسم دەبەین، بەڵام هەر زوو هەڵدەستینەوە، رستەو دروشمەكانمان سەر لەنوێ‌ دادەڕێژینەوە، شكستەكانمان دەكەینەوە سەركەوتن و بەیت و بالۆرەی لە مێژینەمان، سرودەكانمان بەرزتر لە جاران دەچڕینەوە، ئێوەش بەچەپڵە رێزان و بژی بابژی و پاڵە پەستۆ دەمان هێننەوە.

 
كەس نەڵێ‌ كورد مردووە، نانا ئێمە بەردەوام زیندوو دەبینەوە، خەونەكانمان، شكستەكانمان، دەدورینەوەو تێهەڵدەچینەوە، مادام زاكیرەو بیرو هزرمان بەرپرسیاریەتیمان ناخوێنێتەوە، با لە دەوری مێزی یەكڕیزی و تەبایی كۆبینەوە، هەڵەو شكست و تاوانەكانمان بشارینەوە، با بۆ دۆست و دوژمن بسەلمێنین كە ئێمە هەر وەك خۆمانین و نەگۆڕاوین، باهەموو عالەم بزانن كە ئێمەی كورد هەر ئەوەین كە هەین نەژیانێكی نوێمان دەوێ‌ و نە ئامادەشین بمرین!

 باهەر یەك ڕیزو تەبابین چونكە هێشتا كەس لە برسا نەمردووە، كارەباو مۆلیدە روناكی لە ماڵەكانمان نەبڕیوە، جارێ‌ خەڵك هەر دەچن بۆ شایی و سفرەی ماڵان خواردنی لێ نەبراوە، سەرماو بەفری تازە باریویش كەسی لێرەق نەكردوینەتەوە..، هەر یەك ڕیزی و تەبایی باشترە خۆ هێشتا بیرە نەوت هەرماوە راستە كەركوك و نیوەی خاكی كوردستانمان لەدەستداوە، بەڵام هێشتا شاری تر ماوە، خەمتان نەبێ ئێمەش هەر ماوین و دەمێنین، بیرتانە چیرۆكە كە دەڵێ‌ مێشە تێرەكان لەولاشە زامارە دور مەخەنەوە، چونكە مێشی چاوچنۆكتر ئامادەیەو دێ‌.

 نەكەن خەڵكینە باوەر بەداهاتویەكی باشتر بكەن و چونكە قەت لەمڕۆتان باشتر نابێ‌، وەرنەوە هەموو وەرنەوە جارێكی تر یاریەكە سەر لە نوێ‌ دەستپێ ئەكەینەوە!


11/12/2017



وتارەکانی تری نوسەر