بێ مووچەیی بۆ کوردستان و داهاتی باجی مۆبایلی خەڵکی کوردستانیش بۆ عێراق!

نیاز سەعید
حکومەتی کوردستان بەچەند هەنگاوێک ، هەموو پەیوەندییەکی ئابووریی و دارایی لەگەڵ حکومەتی ناوەندییدا ؛ گەیاندە بنبەست و لەبەرامبەردا ، بڕیاریدا سیاسەتی سەربەخۆیی ئابووریی پەیڕەوبکا ، واتە لەبری پشتبەستن بەبوودجەی حکومەتی ناوەندیی ؛ حکومەتی هەرێم پشت ببەستێت بەداهات و سەرچاوە دارایی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان .

لێرەدا باسی شکستی سیاسەتی سەربەخۆیی ئابووریی ناکەم ، کە ئەوەندەی سیناریۆیەک بوو ، ئەوەندە سیاسەتێکی دیفاکتۆو لەبەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان نەبوو، چونکە کاریگەریی ئەو سیاسەتە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە خەریکە خەوو هیوای سەربەخۆیی نەتەوەییشمان لێ ئەکات ؛ بەدەردی مووچەو کارەباو سووتەمەنیی و ...هتد و ڕیسەکەمان لێئەکاتەوە بەخووری !

لێرەدا مەبەستمە باسی یەکێک لەسەرچاوە سەرەکییەکانی داهات بکەم بۆ دابینکردنی بوودجەی حکومەت ، کە ئەویش بریتییە لەداهاتی باج ، لەناویاندا ؛ باجی کۆمپانیاکانی مۆبایل ، کە کوردستان زێدی دوو کۆمپانیای گەورەی مۆبایلە ، ئەوانیش ئاسیا سێڵ و کۆڕەک تیلیکۆم .

ئەگەر هەڵە نەبم ، زۆرترین بەشداربووان و بەکارهێنانی هێڵەکانی ئەو دوو کۆمپانیایە ، لەهەرێمی کوردستاندایەو کەمایەتییەکەی لەشارەکانی تری عێراقدایە ، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ، بۆچی حکومەتی هەرێم لەم بوارەدا پەیڕەوی سیاسەتی ئابووریی سەربەخۆیی ناکات ، ئەگەر بڕی هەموو ئەو باجەش لەو دوو کۆمپانیایە وەرنەگرێت ، کە ئەیدەن بەحکومەتی ناوەندیی عێراق ، ئەتوانێ بەهێندەی ڕێژەی بەکارهێنانی هێڵەکانی ئەو دوو کۆمپانیایەو داهاتەکەیان لەکوردستاندا ، بڕی شایستەی باجی هەرێمی کوردستانی لێ جیا بکاتەوە ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە حکومەتی هەرێم ئەتوانێ بەگوێرەی شایستە ، بەشی خۆی لەباجی کۆمپانیای مۆبایلی (زەین)یش وەربگرێت ، کە تاڕادەیەک ئەو مۆبایلەش لەکوردستاندا بەکارئەهێنرێت ، دۆزینەوەی ئەو داتایانە ، لەسەر سیستەمی کارکردنی ئەو کۆمپانیایانە زۆر ئاسانە ، کە تیایدا بزانرێت ڕێژەی بەشداربووان و بەکارهێنەرانیان و داهاتەکانیان ، چ لەهەرێمی کوردستاندا ، چ لەعێراقدا چەندە ؛ تاکو بڕی شایستەی باجییان بۆ هەرێمی کوردستان لێوەربگیرێت ، چونکە ڕەوا نیە بەباجی مۆبایلی خەڵکی کوردستان ، حکومەتی ناوەندیی مووچەی مووچەخۆرانی خۆی دابین بکات ، لەوە ناڕەواتر ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم تاکو ئەم ساتە ، لەسەر ئەم بابەتە هیچ هەڵوێستێکی نەبووە ، نارەواترینش ئەوەیە کە یەکێک لەدوو کۆمپانیا سەرەکییەکە ، کۆمپانیای ماڵباتی جەنابی سەرۆک وەزیرانەو بەبەرچاوی سیاسەتی ئابووریی سەربەخۆی کوردستان و نەهاتنی بوودجە لەحکومەتی ناوەندیی و لەم دۆخی قەیرانە داراییە بێ وێنەیەدا ، ملیارەها دۆلاری باجی مۆبایلی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان ، بخرێتە ناو قاسەکەی بەغداوە !

05/02/2016



وتارەکانی تری نوسەر