یەکێتیی وگۆڕان هەنگاوێکی مەزن و هیوایەکی مەزنتر

نیاز سەعید
ئەمڕۆ(١٧-٥-٢٠١٦)،(یەکێتیی)و(گۆڕان)، هەنگاوێکی مێژوویی مەزن و کاریگەرییان نا، بەدەر لەپیرۆزبایی و دەستخۆشیی، زۆرینە پێیوایە ؛ ئەو هەنگاوە نابێت هەر بۆ مۆرکردنی ڕێککەوتننامەیەک بێت، بۆ کاری هاوبەش و هەماهەنگیی، لەنێوان دوو هێزی سیاسیی ، بەڵکو ئەبێت ئەو ڕێککەوتننامەیە، چەندین پەیامی هیوابەخش لەگەڵ خۆیدا هەڵبگرێت ، چونکە لەلایەک ڕێژەیەکی بەرچاو لەجەماوەر، نەک هەر بەپێکهاتنەوەو بەئاشتبوونەوەی هاوسەنگەرانی دوێنێی پڕ لەشانازیی و سەروەریی تێی ئەڕوانن، بەڵکو وەکو پرۆژەیەکی ڕزگارکەریش؛ ئومێدی گواستنەوەی ئەم قۆناغە دژوارو ڕەوشە پڕ لەقەیرانەی هەرێمی کوردستان؛ بەرەو دەربازبوون و هەستانەوەو بووژانەوەی هەمەلایەنەی لەسەرهەڵئەچنن. ئەگەر بمانەوێت دان بەڕاستییەکی تاڵدا بنێین، ئەوەیە کەجیابوونەوەو لێکترازان و ململانێی ڕابردوودی نێوان (یەکێتیی)و(گۆڕان)؛ هاوسەنگیی هێزی بەزیانی پرۆسەی سیاسیی و بەرژەوەندییە گشتییەکان و پرۆسەی فەرمانڕەوایی لەهەرێمی کوردستاندا گۆڕی، بەجۆرێک هەرچی جڵەوی گرنگ و جوومگەی بەهێزو دۆسیەی هەستیارو زیمامی ئموورو هەرچی دەستپێشخەرییەک هەبوو، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی سیاسیی و ئابووریی و وەرچەرخانی سیاسیی و چارەسەری کێشەو قەیرانەکان؛ بەقۆستنەوەی هەندێک زەمینەو فاکتەرو هەڵەی ئەوانی تر؛ کەوتە دەست یەک لایەن، بەئێستاشەوە ئەو لایەنە، نەک نەیتوانی کەشتییەکە بگەێنێتە کەناری ئارام؛ بەڵکو خەریکە بەرەو سێگۆشەی بەرمۆدا ئاراستەی ئەکات، لەولاشەوە ئەگەر قارەمانێتیی و گیانبازیی و قووربانیدانی هێزی پێشمەرگە نەبووایە، ئێستا ئەبووایە هەرێمەکەمان لەڕەوشێکی تری نەخوازراودا بووایە!. ڕێککەوتنی(یەکێتیی)و(گۆڕان)، نابێ ببێتە ڕێککەوتنێک تەنها بەئامانجی پرۆتۆکۆل، بەڵکو ئەبێت چەندین ئامانجی بۆ خزمەتی بەرژەوەندیی گشتیی لێ بەرجەستە ببێت، ئەبێ پرۆژەی جدیی بۆ گۆڕینی ڕەوشی چەقبەستووی ئێستای لێ بەرهەم بێت و چیدی بەئارامگریی و چاولەدەستیی؛ ملکەچ نەبین لەبەردەمی دیفاکتۆیەکدا کەئەوەندەی بەرهەمی هەوڵی سەرکێشیی و تاکڕەویی و موزایەدەو سەپاندنی ئەجێندای تایبەتییە، ئەوەندە بەرهەمی سیاسەتێکی ڕاست و تەندروست و پەرەگماتیکیی نییە، ئەرکێکی سەرەکیی ئەم ڕێککەوتننامەیە، بریتییەلە گێڕانەوەی هاوسەنگیی هێز بۆ قەبارە ڕاستەقینەکەی خۆی ،ئەرکێکی تریش؛ خستنەڕووو بەپراکتیزەکردنی گریمانەو ئەگەرو پلاتفۆرم و ئەلتەرناتیڤیی جیاواز، بۆ ناو پرۆسەی سیاسیی و فەرمانڕەوایی، هەروەها خستنەگەری ئیرادەو پێداگریی وهەوڵ و ڕێگە جیاجیاکانی گووشارو فشار، بۆ چارەسەری بنەرەتیی قەیران و کێشەکان ، ئەرکێکی گرنگتریش ئەوەیە کەداڕشتنی سیاسەتە گشتیی و ستراتیژیی و بڕیارە گرنگ و چارەنووسسازەکان؛ لەسەر بنەمای ڕۆڵ و هاوبەشیی ڕاستەقینە، بەشەرعیی و بەنیشتمانیی بکاتەوە، نادادپەروەریی جوگرافیی چارەسەربکات ،پرۆسەی فەرمانڕەوایی لەقۆرخکاریی ڕزگاربکات ،جڵەوو زیمامی ئموور لەتاکڕەوییەوە بۆ ڕۆڵ و بەشداریی و هاوبەشیی؛ بەگوێرەی قەبارەو شایستەیی شەرعیی ڕێکخاتەوە، هەروەها پرۆسەی دیموکراسیی سەقامگیربکاتەوەو ئارامیی سیاسیی بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی سروشتیی خۆی.
ئەم ڕێککەوتننامەیە، ئەبێ ببێتەوە بەمەشخەڵانێکی نوێ ، بۆ ڕووناککردنەوەی ئەو توونێڵە تاریک و داخراوەی کە بەناوی مەشرووعییەتی سەورییەوە، هەوڵی پەلکێشکردن ئەدرێین بۆی، هەربۆیە ئەم ڕێککەوتننامەیە، پێویستە ببێتە کۆسپ و ڕێگر، لەبەردەم جێبەجێبوونی پرۆژەو ئەجێندای تایبەتیی و نانەتەوەیی تاکڕەویی، ئەبێ ببێتەهۆی گێڕانەوەی ئاکارو خەسڵەتە جوانەکان لەکاری سیاسییدا، ئەخوازرێت ببێتەهۆی دروستکردنی ڕووداوو گۆڕانکاریی و وەرچەرخان، بەخزمەتی داواکاریی و خواستەکانی جەماوەر، یان بوونەوەی هەردوو هێز بەداینەمۆکەی جاران، کەیەک بزوێنەرو یەک جەستە بوون، زۆریان بەدەستهێناو خەرمانیان پڕ لەبەرەکەت بوو، بەڵام کەلێکترازان؛ کەمیان بۆ مایەوە! 
بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە بەسەرکەوتوویی، هەروەها بۆ هێنانەدیی ئامانجەکانی؛ پێویستە سەرکردایەتیی هەردوولا، بەگیانی بەرپرسیارێتیی و هاوڕێبازیی جاران، بەسنگی فراوان و گیانی لێکبووردن، بەلەبەرچاوگرتنی هەستیاریی ئەم قۆناغەو خەم و قەیرانەکانی خەڵک، بەدرککردن بەهەڕەشەو مەترسییەکان و بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و هەڵکشانی زیاتر لەڕووی نەتەوەیی، بۆ بەفیڕۆنەچوونی خوێنی ڕژاوو خەباتی ڕابردووی و قوربانییەکانی نەتەوە؛ کار بۆ جێبەجێبوونی ئەم ڕێککەوتننامەیە بکەن، بەرژەوەندیی تایبەتیی و ناکۆکیی و ڕق و گیانی تۆڵە؛ بکەنە قووربانیی سەرخستنی ئەم ڕێککەوتننامەیەو خۆئامادەکردن بۆ هەنگاوێکی تر، بەرەو هێنانەدی هیوایەکی مەزنتر؛ پێشموایە ئەگەر لەناو هەردوولادا؛ ڕیفراندۆمێک بکرێ بۆ پەسەندکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە؛ بەدڵنییایی زۆرینەی ڕەها، زۆر زیاتر لەداڕشتن و ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەیەکیان لە(یەکێتیی)و(گۆڕان) ئەوێت.


18/05/2016



وتارەکانی تری نوسەر