دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی هەرێم یان هەڵوەشانەوەی پۆستی سەرۆکی هەرێم؟!

نیاز سەعید
لەگەڵ دەست لەکارکێشانەوەی کاک مەسعود لەپۆستی سەرۆکی هەرێم لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا؛ بەیاسایەک دەسەڵاتەکانی ئەو پۆستە بەدەستپێشخەریی پارتی و بەیاسایەکی تازەی گەرماوگەرمی پەرلەمان؛ لەژێرسیناریۆی سڕکردنی پۆستی سەرۆکی هەرێم؛ زۆرایەتییەکەی درا بەسەرۆکی حکومەت و کەمێکیشی درا بەسەرۆکی پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەریی.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە؛ ئایە لەم کاتەداو بەهۆی تێکچوونی باڵانسی هێزو زۆریی فشارو گووشارەکانی حکومەتی عێراق و ئامادەیی بۆ مساوەمەو سازانی ناچاریی؛ پۆستی سەرۆکی هەرێم هەڵنەوەشێندراوەتەوە لەژێر سیناریۆی سڕکردن، بێگوومان لەداهاتووش دۆزینەوەی پاساوو سینارۆی تر؛ بۆ نەبووژانەوەی ئەم پۆستەو کۆتایی پێهێنانی یەکجارەکیی؟!
ئایە ئەو پاساوە ڕاستە؛ کە ئەڵێت لەڕابردووداو بەهۆی شەڕی داعش و دەوڵەتی ئیسلامیی خەلافەتەوە؛ لەسەر بنەمای پێویستیی و هەستیاریی قۆناغ و ئەرک و ململانێکان؛ کاک مەسعود ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بۆ درێژکراوەتەوەو ئێستا دوای تەواوبوونی شەڕی داعش؛ ئیتر کاک مەسعود نایەوێت لەوە زیاتر مانەوەی لەپۆستەکەی بۆ درێژبکەنەوە؟!، لەکاتێکدا ناکۆکیی و ململانێکانی ئێستا لەگەڵ حکومەتی عێراق؛ ئەگەر لەقۆناغی شەڕی داعش زیاترو مەترسیدارتر و هەستیارتر نەبێت؛ ئەوا کەمتر نییە، ئەی بۆ ئێستا لەبری درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی؛ کەس باسی پێویستیی مانەوەی کاک مەسعود ناکات و دەست لەکارئەکێشێتەوە، لەبری دانانی کەسێکی تر بەوەکالەت؛ کەچی پۆستی سەرۆکی هەرێم سڕ ئەکرێت؟!
ئایە سڕکردنی ئەم پۆستە؛ بۆ ئەوە نییە کە هیچ کەسێکی تر؛ بێجگە لەکاک مەسعود؛ بەشایستە نازانرێت بۆ دانیشتن لەسەر ئەو کورسییە؟!
ئایە نەئەتوانرا کەسێکی تر؛ وەکو (سەرۆکی کاربەڕێکەر- تصریف اعمال)، ئەگەر جێگری سەرۆکی هەرێم، یان سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، یان سەرۆکی پەرلەمان بووایە؛ لەبری کاک مەسعود، تاکو هەڵبژاردنی داهاتوو ڕابسپێردرایە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە لەدەسەڵاتدا، لەبری هەڵوەشانەوەی ئەو پۆستە بەناوی سڕکردنەوە؟!
ئایە ئەوەی لەپەرلەمانی کوردستاندا گووزەرا؛ بۆ ئەوە نەبوو تاکو بەو میکانیزمەیە ڕێگریی بکەن لەکەسانی تر؛ لەسەر کورسیی سەرۆکایەتیی هەرێم دانەنیشێت، مادەم کاک مەسعود لا ئەچێت لەسەری؟!.
ئایە ئەنجوومەنی شوورای هەرێم؛ نەیئەتوانی شیکردنەوەیەک بۆ چارەسەری ئەو بۆشاییە بکات، وەک چۆن بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی کاک مەسعود کردی؟!.
ئایە لەڕووی یاساییەوە؛ لەهیچ وڵاتێکی تردا، ئەزموونێکی تری بەم چەشنە هەیە، لەگەڵ لەسەر کارنەمانی سەرۆک لەدەسەڵاتدا؛ پۆستی سەرۆک سڕ بکرێت و لەگەڵیدا بەیاسایەک دەسەڵاتەکانی بدرێتە ئۆرگانی تر لەدەسەڵاتدا؟!
ئاماژەکان دەریئەخەن کە کاک مەسعود؛ لەژێر کاریگەریی فاکتەری عێراقیی و دەرەکیی؛ دەستی لەو پۆستە کێشایەوە، نەک لەژێر کاریگەریی فاکتەری ناوخۆیی و نەگوونجانی یاسایی، پارتەکەی کاک مەسعودیش؛ ئەو یاسا تازەیەشیان لەپەرلەماندا بۆ ئەوە دەرچوواند، تاکو هیچ کەسێکی تر؛ نە(بەوەکالەت) و نەوەک (کاربەڕێکەر)؛ لەسەر کورسیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دانەنیشێت!
لەدیدو جیهانبینیی پارتیدا؛ بێجگە لەکاک مەسعود، کەسی تر شایستەی ئەوە نییە لەسەر کورسی سەرۆکی هەرێم دابنیشێت و ناشهێڵن دابنیشێت، چاوەڕێش ئەکەن لەداهاتوودا؛ ئەگەر ڕەوش و بارودۆخ و پەیوەندییەکان ئاسایی بوونەوەو زەمینەڕەخسا؛ ئەوا کاک مەسعود، ببێتەوە بەسەرۆکی هەرێم، یان ئەگەر بۆ ئەو نەڕەخسا؛ ئەوا کەسێکی زۆر نزیک لەخۆی، ببێت بەسەرۆکی هەرێم، ئەوسا بەیاسایەکی تر؛ دەسەڵاتەکان وەرئەگرنەوە بۆ سەرۆکی هەرێم، ئەمە لەکاتێکدا ئەگەر بڕیار بێت؛ لەکوردستاندا پۆستی سەرۆکی هەرێم بمێنێت و مساوەمەی لەسەر نەکرابێت !

01/11/2017



وتارەکانی تری نوسەر