کۆدەکانی بەرەنگاربوونەوە.. بۆ دەرنەچوون بەسەرکردایەتیی !

نیاز سەعید

لە دوایین کۆنگرەی (ی ن ک) ، (بەندە) یەکێک بووم لە پاڵێوراوەکان ، لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەک لە هەڤاڵانی ئەندامی کۆنگرەو دەرەوەی کۆنگرە، جەختیان لەوە ئەکردەوە ، کە من نەک هەر دەرئەچم ، بەڵکو لەو دەرچووانەی بازنەی سلێمانی ئەبم ، کە دەنگێکی بەرچاو بەدەستئەهێنم ، بەڵام من گەشبین نەبووم و ڕاشکاوانە بە هەندێکیانم ئەووت ؛ مەرج نییە ئەنجامەکە بەو جۆرە بێت کە ئێوە باسی ئەکەن ، چونکە ترس و گوومانم لە دەرکەوتنی ئەنجامی شۆک و سوپرایز هەبوو ؛ دوور لە خواستی ئێمەمانان ، نەک لەسەر ئەوەی کە دەنگی دەرچوون ناهێنم ، بەڵکو لەسەر ئەو بنەمایەی کە ئیرادەی دەرنەچوون بۆ (بەندە)و چەندین پاڵێوراوی تر ؛ لەلایەن (جەمسەرەکان!!) لەئارا بوو ، ئەویش لەبەر ناپەسەندییم و ڕەتکردنەوەم ؛ لەلایەن زۆرینەی جەمسەرەکان ؛ کە پێکەوە بەشداربوون ؛ لە داڕشتنی لیستێکی تەوافووقی مەرکەزیی تۆکمەی پێشوەختی کۆنگرە ؛ بۆ سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی پلەو پۆستەکان ، بەسەر خۆیان و ئەو پاڵێوراوانەی تر ، کە مەبەستیان بوو  ، هاوکات پێشبینیی ئابڵۆقەدان و بەرەنگاربوونەوەشم ئەکرد ، لە بەدەستهێنانی دەنگی کەمتر ؛ لە دەنگی دەرچوون .

 

 
(بەندە)و بەشێک لە پاڵێوراوەکانی تریش ؛ بۆ دۆزینەوەی هۆکاری ڕاستەقینەی دەرنەچوون ، پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشی تایبەتیی خۆمان بکەین ، هۆکارە نادیارو هۆکارە کاریگەرەکانی پەیوەست بە ناپەسەندیی و ڕەتکردنەوەمان لەلایەن جەمسەرەکان دەستنیشان بکەین ، پێویستە بەوردیی بگەڕێینەوە بۆ باکگراوەندو تایبەتمەندییەکانی  خۆمان ؛ لەڕووی پرانسیپ و دیدو بڕواو کردەوەو بەهاو ڕێبازی کارکردن  و خەسڵەتەکانی کەسایەتیی ، هەروەها جیاوازیی هەڵوێست و ناکۆکیی و ململانێکانیش ؛ نادیدە نەکەین و بیهێنینە پێش چاوی خۆمان ، دەرەنجام ڕوون ئەبێتەوە  چی بووەتە هۆی دروستبوونی جیاوازیی گەورەو لێکدابڕان و نەمانی متمانە بەئێمەمانان .

 

 
لەم سۆنگەیەوە ئەتوانم بڵێم ؛ هۆکاری سەرەکیی نەویستن و ڕەتکردنەوەو بێ متمانەیی زۆرینەی جەمسەرە دەستڕۆیشتووەکان  بۆ ئێمەمانان ؛ پەیوەستە بە بوونی دوو باکگراوەندی جیاواز ، ئەگەر ئەو هەموو جیاوازییە هەبێت ، ئیتر چۆن ئەوان ئەهێڵن ؛ بۆ بەرێوەبردن و سەرکردایەتییکردنی یەکێتیی ، ئێمە ببینە هاوشان و هاوبەش و هاوتەریب  لەگەڵ ئەوان ، بەدڵنیایی ئەوان پشتیوانیی لە کەسانی متمانەدار ؛ لەسەر بنەمای مەرج و خەسڵەتەکانی خۆیان ئەکەن ، هەربۆیە هەمیشە لەو جۆرە هەڵبژاردنانەدا ؛ ئەنجامی شۆک و سوپرایزی تێ ئەکەوێت ، یەکێک لەو ئەنجامانەش بریتییە لە دەرچوونی ڕێژەیەکی بەرچاو ؛ لەو پاڵێوراوانەی کە لەسەر مەیل و ئاراستەی ئەوانن و لەگەڵیاندا هەست بەدڵنیایی و ئارامیی ئەکەن. 

 

 
(کۆدەکانی بەرەنگاربوونەوە !!)

 
١-لەگەڵ ئەوەی کە (ی ن ک)م ؛ بەهێزی سیاسیی هەڵبژێردراوی خۆم زانیوەو خزمەتی رێبازو ئامانجەکانیم کردووە ، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە خاوەنی بیربۆچوون و هەڵوێستی جیاوازی خۆم بووم ؛ ئەو کاتەی کە پێویستی کردبێت ، لە میدیا ، یان لەناو (ی ن ک) ، بە میکانیزمەی جیاجیا دەرمبڕیوە ، چەندین جار ئەم جیاوازییە لای بەشێک لە سەرکردەکانی (ی ن ک) ، پەسەند نەبووەو جێی پرسیارو گوومان بووە .

 
٢-هیچ کات کارم بە دەستەگەریی نەبووە ، دژی بووم و بەرەنگاریی بوومەتەوە ، ئەگەر بمویستایە ئەمتوانی بە پشتبەستن بە دەرچووانی خولەکانی پەیمانگەی کادیران ؛ کارم بۆ دەستەگەریی بکردایە ، ئەگەر هەر هەڤاڵێکی  دەرچووی پەیمانگەی کادیران ؛ پێچەوانەی ئەمە  زانیاریی لایە ، وەڵامم بداتەوە ، بەپێچەوانەوە (بەندە) لەسەر رێنمایی کاریزمای نەمر مام جەلال ؛ هەمیشە دژی دیاردەی دەستەگەریی و گرووپ ؛ کادیرانمان پەروەردە ئەکرد ، بەردەوام ئەنجام و لێکەوتەو زیانەکانی دیاردەی دەستەگەرییمان بۆ ڕوون ئەکردنەوە ، لەم سۆنگەیەوە ؛ خودی خۆم و پەیمانگەی کادیران ؛ کەوتبووینە بەر جامی تووڕەیی و کاردانەوەی توندی بەشێک لە هەڤاڵانی دەستەگەریی لەناو (ی ن ک) ، چونکە ئەیانزانی لە پەیمانگەی کادیران ؛ کادر لەدژی دەستەگەریی پەروەردە ئەکرێت  ، ڕەنگە بەلاتانەوە شۆک و سەیر بێت ؛ لە سەرەتای ساڵی (٢٠١٣)ەوە ، لەکاتێکدا خواستی بەشدارییکردن لە خولەکانی پەیمانگە ؛ ئێجگار زۆر بوو ، کەچی لەلایەن مەکتەبی ڕێکخستنەوە ، ڕێگریی کراوە لە کردنەوەی خول لە پەیمانگەی کادیران و لە (٧) ساڵی ڕابردوودا ، تەنها (١) خولیش نەکراوەتەوە ، هەموو ئۆرگانە باڵاکانی (ی ن ک)یشمان ئاگادارکردۆتەوە ، بەداخەوە هیچ بەدواداچوونێکیان بۆ ئەم کێشەیە نەکردووە ، (بەندە) چەندین دۆکیۆمێنتم لەم بارەیەوە ئامادە کردبوو ؛ تا لە کۆنگرە ئەم کێشەیە بخەمە ڕوو ، بەڵام بەهۆی کەمیی ماوەی کۆنگرە ، ئەو دەرفەتە نەڕەخسا ، هەوڵ ئەدەم لە وتارێکی تردا بە دۆکیۆمێنت ، وردەکاریی ئەم خاڵە بخەمەڕوو ، لەکاتێکدا لەو (٧) ساڵەدا ئەتواندرا ؛ زیاتر لە (٢٠٠٠) کادیر ، دەیان خولی بنەڕەتیی و ڕووناکبیریی و پسپۆرییان لە پەیمانگە تەواو بکردایە .

 
٣-(بەندە) لەلایەن بەشێک لە سەرکردەکان بە هاوسۆزو لایەنگری (گۆڕان) لەقەڵەم دراوم ، بۆیە بەردەوام تووشی گووشارو فشارو  بەرەنگاربوونەوە بوومەتەوەو کاریان بۆ تەنگ پێهەڵچنینم کردووە ، ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە ؛ کە بۆچوون و تێگەیشتنم ، لەسەر شێوازی بەرێوەبردنی ناکۆکیی و ململانێ ناوخۆییەکانی ناو (ی ن ک) ؛ پێش جیابوونەوەی (گۆڕان) ، جیاوازتر بووە لە لێکدانەوەی بەشێک لە سەرکردەکانی تر ، لەم ڕووەوە ڕووبەڕووی ئەو ڕەخنەیە ئەبوومەوە ، بۆچی لە دژی ئەو جیابوونەوەیە ڕەخنەم نییە ، لەکاتێکدا ڕەخنەم لە هەردوو لا هەبوو ، بەڵام پێموابوو  ؛ شەڕی ڕاگەیاندن ئەوەندەی خزمەتی دامرکانەوەی ئاستی ڕقی بەرزی هەندێک هەڤاڵی سەرکردایەتیی ( ی ن ک) ئەکات ، ئەوەندە خزمەت بە ڕەوشی گشتیی و پرۆسەی سیاسیی (ی ن ک) و باری ئاسایشیی گشتیی دەڤەری سەوز ناکات ، بەتایبەتیی کە ئەگەری شڵەقانی دۆخ و تەقینەوەو پێکدادانی توند هەبوو لە نێوان (ی ن ک)و (گۆڕان)دا ، من بە ئێستاشەوە باوەرم بەیەکگرتنەوە ، یان هەماهەنگیی و دروستکردنی هاوپەیمانییەکی تۆکمەو بەهێز  ؛ لەنێوانیاندا هەبووە هەیە ، (بەندە) بۆ هێنانەدی ئەو ئاواتە هەوڵی خۆم داوە ، لەم سۆنگەیەوە باسی ئەزموونێکی خۆم ئەکەم لەدوایین ساتەکانی ساڵی (٢٠١٠) ، ئەو کاتەی ڕۆژی هەینیی (٣١/١٢/٢٠١٠) ، بە دیداری تایبەتیی و دووقۆڵیی ڕەوانشاد و سەرکردەی نەمر مام جەلال شاد بووم ، پاش ئەوەی کە ڕاپۆرتێکم بۆ ناردبوو ، دوای گەیشتنی ڕاپۆرتەکە لەسەر داوای خۆی ؛ بە دیداری شاد بووم ، لەو دیدارەدا پشتیوانیی خۆی بۆ ناوەرۆکی ڕاپۆرتەکەو دروستکردنی هاوپەیمانیی لەگەڵ (گۆڕان) دەربڕی ، تەنانەت وتی گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی کە یەکگرتنەوەش زۆر پێویستە بۆ دوای هاوپەیمانیی ، پاشان لەسەر داوای خۆی ؛ بەدەستی خۆم ئەو ڕاپۆرتەم برد بۆ هەڤاڵانی دەستەی کارگێری (م.س)و دواتر نێردرا بۆ ژمارەیەکی تر لە هەڤاڵانی (م.س) ، بەڕاستیی من سڵم کردەوە ، لە گەیشتنی ئەو ڕاپۆرتە بۆ هەڤاڵانی (م.س) ،چونکە من بۆ ئەوانم نەنووسیبوو ، بەتایبەتیی بۆ رەوانشاد مام جەلالم نووسیبوو ،  ئەو ترس و نیگەرانیی لە دەموچاوی مندا خوێندەوە و لەگەڵ دوا ماڵئاواییدا پێی وتم ؛ ئەزانم لە چی ئەترسیت ، دڵنیابە هەتا مام جەلال ما بێت ؛ کەس ناتوانێت زەفەرت پێ بەرێت ، شایەنی باسە یەکێک لە سکرتێرەکانی  مامی نەمر ؛ گوێبیستی ئەم گفتوگۆیەی کۆتایی نێوانمان بوو !! 

 
سەبارەت بە(گۆڕان) ؛ خوێندنەوەو لێکدانەوەم بە ئێستاشەوە ، لەوەدا چر ئەکەمەوە کە ئەو جیابوونەوەیە ؛ باکگراوەندێکی مێژوویی هەبوو ، زیاتر لە ناکۆکیی تایبەتیی و میتۆدی کارکردنی جیاوازەوە ئیلهامی وەرگرتبوو ، نەک ناکۆکیی فکریی و سیاسیی قووڵ ، زۆر دژی جیابوونەوەکە بووم ، ئۆباڵی ئەنجامە خراپ و زیانبەخشەکانی ئەو جیابوونەوەیەش ؛ ئەخەمە ئەستۆی سەرکردایەتیی هەردوو لا ، بەتایبەتیی کە ئەو جیابوونەوەیە بووە هۆکاری سەرەکیی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز ؛ بە بەرژەوەندیی (پارتی) ، پاش جیابوونەوەکە هەموو درک بە هاوکێشەو دەرهاویشتەو لێکەوتەو دەرەنجامە خراپەکانی ئەو گۆڕینی هاوسەنگیی هێزە ئەکەین ، کە (ی ن ک)و (گۆڕان) تیایدا ؛ کەمایەتیین لەبەرامبەر ڕکابەرە کلاسیکییەکەیاندا ، هەردوو لا لەبری دەستپێشخەریی و هەنگاونان بۆ نزیکبوونەوە لە یەکتر  ؛ زیاتر لەیەکتر دوور ئەکەونەوە  ، هەردوو لا بە دیار وەرینی  گەڵا بە گەڵای ئەو درەختە گەورەیەی جاران و قەدێکی گەورەی ئەو درەختەوە دانیشتوون ؛ کە لەساڵی (١٩٧٥)ەوە ، نەمامێک بوو ، بە ڕووبارێک خوێن ئاودراو نەشونمایکردو پەلوپۆی هاویشت ، بەڵام لەهەرەتی قەدو باڵاکردندا ؛ بەهۆی ناکۆکیی دەروونیی و ململانێ ناڕەواکان و بەهۆی گەندەڵیی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و کارکردن بۆ خەم و بەرژەوەندییە تایبەتییەکان و لادان لە ڕێبازو ئامانجی (ی ن ک) و  ڕێبازی مامی نەمر ، لەلایەک ئەم درەختە ؛ لە نەشونما کەوت و قەدێکی گەورەی لێ بڕایەوە ، لەلایەکی تریش ؛ ئەوەی کە ماوەتەوە ، دیسان بەهۆی ناکۆکیی و ململانێی تر و بەهۆی درێژەدان بە لادان لە ڕێبازو ئامانجە ڕاستەقینەکان ؛ ئەو بەشەی کە ماوە ؛ ئەویش مەترسیی خەزانی لەسەرە !! .  

 
لەناو (ی ن ک)دا ؛ ئاراستەیەکی دەسترۆیشتووی توند ؛ لەدژی نزیکبوونەوەی (ی ن ک)و (گۆڕان) هەبوو ، کەسانی دەستڕۆیشتووی ناو ئەو ئاراستەیە  ؛ ئێمەمانانیان بە تابووری (گۆڕان) لەقەڵەم ئەدا ، باش بوو (گۆران) ؛ پارتی فەرمانڕەواو خاوەن دۆسیەی نەوت نەبوو ، ئەگینا ئەو ئاراستەیە ؛ بەوەرگرتنی پارەو ئیمتیازی نەوتیش تاوانباری ئەکردین !!.

 
شایەنی باسە (بەندە) بۆ پشتگیرییکردن ، لەو ڕێککەوتننامەیەی کە ڕۆژی (١٧/٥/٢٠١٦) لە نێوان (ی ن ک)و (گۆڕان)دا ، بە ئامادەبوونی هەردوو ڕەوانشادو سەرکردەی نەمر (مام جەلال و نەوشیروان مستەفا) ئیمزاکرا ، وتارێکم بەناوونیشانی (یەکێتیی و گۆڕان .... هەنگاوێکی مەزن و هیوایەکی مەزنتر) ، لەژمارە (٦٩٧٥)ی ڕۆژی (١٩/٥/٢٠١٩) ی ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ)دا بڵاوکردەوە .

 
٤-بەهۆی نووسینی چەندین وتاری ڕەخنەیی لەسەر ؛ وتار و هەڵوێست ، کاری میدیایی و سۆشیال میدیایی ، پرۆژەو کاری بزنسی (شاسوار عەبدولواحید) ، تووشی کاردانەوەی خراپ و وەرگرتن و گەیشتنی چەندین پەیامی بێزاریی و ڕقاویی هەندێک لە لێپرسراوی دەستڕۆیشتووی سیاسیی بزنسمانی پشتی پەردە بوومەتەوە ، چونکە لەلای ئەوان ؛ وا لێکدراوەتەوە کە لە پشتی (شاسوار عەبدولواحید)ەوە ، (بەندە) ئەوانی کردۆتە  ئامانج  ، ئەمانیش بە مافی خۆیانی ئەزانن ، لە کاتی گونجاوو هەستیاردا ؛ کار بۆ تەنگ پێهەڵچنینی (بەندە) بکەن !

 
٥-پێش دەستپێکردنی چوارەمین کۆنگرەی (ی ن ک) ؛ (بەندە) دوو وتارم لەژمارەیەک لە ماڵپەڕە بەربڵاوەکانی (شار ، وێستگە ، سپی میدیا ، ئاوێنە ، میللەت پرێس )و تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکدا بڵاوکردەوە ، ئەویش بۆ ئامانجی خزمەتکردنی ئاراستەی نوێبوونەوەی (ی ن ک)و سەرکردایەتییەکەی ؛ کە ئاراستەیەکی ڕادیکاڵ و زۆرینە بوو ، لە بەرامبەر ئاراستەی موحافزکاری دەسەڵاتداری ناو (ی ن ک) ، ئەفسووس لە ناو کۆنگرەداو  لە دەرەنجامدا ؛ ئەم ئاراستەیە بووە قووربانی تەوافووقێکی تۆکمەو مەرکەزیی ، هەروەها ڕۆژێک بەر لەدەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرکردایەتیی ، وتووێژێکی کوورتی تەلەڤزیۆنییم  لە سەتەلایتی (GK) ئەنجامدا ، لەو وتووێژەشدا ؛ جەختم لەسەر پێویستیی گۆڕینی زۆرینەی سەرکردایەتیی (ی ن ک) کردۆتەوەو بانگەشەم بۆ نوێبوونەوەی سەرکردایەتیی کردووەو بەبەرپرسیارم زانیون ؛ لە هەموو ئەو شکست و کێشەو گرفت و داکشانانەی کە بەسەر (ی ن ک)دا هاتووەو بەدەق پێموتن ؛ (چۆن ئێوە لە تەمەنی بیست ساڵەکاندا بوونە ئەندامی سەرکردایەتیی و م.س ؛ ئەبێت ئێوەش ئامادە بن بەسنگێکی فراوان ، ڕێ بە نەوەیەکی جیاوازتر بدەن ؛ بۆ وەرگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییە لەئێوە) ، بانگەشەی (بەندە) بۆ نوێبوونەوەی سەرکردایەتیی ؛ بووە هۆی دروستبوونی بێ متمانەیی و نیگەرانیی و بێزاریی لای بەشێکی بەرچاو لە سەرکردەکان ، لەبەرامبەرم . 

 
٦-لەناو کۆنگرەدا ؛ ململانێیەکی تازەی شاراوە هەبوو ، بۆ کردنە ئامانجی ئەو پاڵێوراوانەی کە لەسەر یەکێک لەجەمسەرەکان ئەژمار ئەکران ، یان بە نزیک لێی لەقەڵەم ئەدران ، لەلایەن جەمسەرێکی تر ، لەو بەئامانجگرتنەدا ؛ (بەندە)و چەندین پاڵێوراوی تر ، فۆکسی بەرەنگاربوونەوە لەدژمان خرایەگەڕ !
سەرەڕای بوونی ئەو کۆدانەی بەرەنگاربوونەوە ؛ بەپشتیوانی ژمارەیەکی بەرچاو لە دەنگدەران ؛ توانیم (٢٣٠) دەنگ بەدەستبهێنم و لەناو (١١٣) پاڵێوراوی بازنەی سلێمانییدا ، ببم بەزنجیرەی سییەمین لەناو پاڵێوراوەکاندا ، لە کاتێکدا تاکو زنجیرەی (٢٣) ؛ بوونە ئەندامی سەرکردایەتیی .



30/12/2019



وتارەکانی تری نوسەر