داعش لە بێشكەوە تا گۆڕ

بورهان شێخ رٶوف

ڕۆژی 23/ئازار 2019 وتەبێژی هەسەدە هێزەكانی سوریای دیموكرات كە لە زۆرینەی كورد پێكهاتوون و ئەمریكا پشتیوانی یان دەكات  مژدەی سەركەوتن و كۆتایی هاتنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ڕاگەیاند لەدوا پێگەیان لە ڕۆژهەڵاتی فورات و بە دیاریكراوی لە شارۆچكەی باغۆز لە ڕۆژهەڵاتی دیرزۆر هەموو بنكەو بارەگاكانیان ڕزگار كراو تارومار كران .

بۆیە پێم باش بوو لەم كاتەدا كە  دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی  داعش سەرەنگوم بوو پانورامایەكی خێرای چۆنیەتی سەرهەڵدان و نەشونماكردنی و فەرمانڕەوایی چوارساڵی پڕلە كارەسات و ماڵوێرانی و تاوانی گەورە گەورەو هەتك كردنی حورمەتی مرۆڤ و كوشتن و لەناوبردنی هەركەسێك كە لەگەڵیاندا نەبێت و تا جینوۆسایدی ئێزیدییەكانی شەنگال و بە سەبایاو كەنیزەك كردنی كچ و ژنانەكانی یان .

ڕاگەیانی دەوڵەتی خەلافەت 

لە 29/حوزەیرانی 2014  تاقم و گروهە چەكدارەكانیان دەوڵەتی ئیسلامی یان لە عێراق و شام ڕاگەیاند لە هەموو ئەو ناوچانەی كە لە ژێر دەستەڵاتیاندا بوو ,لە تۆمارێكی دەنگی كە بڵاویان كردەوە لە یەكەم ڕۆژی مانگی رەمەزانی ئەو ساڵەدا ناوەكەیان گۆڕی بۆ  (( دەوڵەتی ئیسلامی )) بەم گۆڕانكاریەش بۆ یەكەم جار دوای نزیكەی سەد ساڵ  ڕێككەوتنامەی سایكس _ بیكۆ یان هەڵوەشانەوە  قوولە كانی سنووری نێوان عێراق و سوریایان تێكداو ئەبوبەكر بەغدادیان وەكو خەلیفەی ئیسلام ڕاگەیاند داوایان لە خەڵكی  كرد پەیمان و سۆز و موبایەعەی بكەن .

ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە 10 / حوزەیران 2014 دەستیانگرت بە سەر شاری مووسڵ دووەم گەورە پارێزگای عێراق دوای ئەووەی سوپاو هێزەچەكدارەكانی عێراق شەڕییان نەكردو هەمووچەك و تەقەمەنی و كەرەسە سەربازییەكانیان دا بە دەست چەند سەد چەكدارێكی داعشەوە كە بەو چەكو تەقەمەنی و كەرەسانە سێ‌ یەكی خاكی عێراقیان داگیركرد دواتر .

هەرچەندە پێشتریش لە ساڵی 2013 شاری ڕەقەو دێر زور و بەشێك لە شاری حەلەب ی سوریایان داگیركردبوو بەم شێوەیە هەردوو شاری مووسڵ و ڕەقە بوون بە پایتەختی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی .

لە 5 تەمووزی 2014 بۆ یەكەمجار ئەبوبەكر بەغدادی دەركەوت لە تۆمارێكی فیدیۆیی داوای لە موسڵمانان كرد سۆزی پێ بدەن و موبایەعەی بكەن .
بۆیە ئیتر لەو كاتەوە دەستیانكرد بە جێبەجێ‌ كردنی شەریعەتی ئیسلام بە دیدو بۆچوونی خۆیان بۆ ئایین و بۆ ئیسلام كە هەزارو چوارسەد ساڵی ڕابردووی سەرهەڵدانی ئەو ئایینە ئەمە شێوازێكی نوێ‌ ی توندوتیژی و لە ناوبردن بوو چ بە جێبەجێ‌ كردنی حوكمی ئیعدام بە سەرخەڵكێكی زۆردا بە تاوانی  خیانەت و بەكرێگیراوی بۆ بێگانەو زینا و بەگشتی هەموو ئەوكەسانەی كە وەكو ئەوان بیریان نەدەكردەوە مەحكوم بوون بە ئیعدام .

جگە لە بە كەنیزەكردنی ئافرەتانی یەزیدی و كڕینو فرۆشتن كردن پێ یانەوە لە بازاڕەكانی ڕقەو مووسڵ ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤیش تۆمەتباریان دەكەن بە پاكتاوكردنی ڕەگەزیو ئتنیكی و جینۆساید و ئەشكەنجەدانی زیندانیان ,  لەمانەش مەترسیدارتر و دڕندانەتر ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی چەندین پرۆسەی كوشتن و سەربڕین و سووتاندنی تۆماركردو بە فیدیۆیی و لە تۆڕەكانی ئەنتەرنێت و تۆڕكۆمەڵایەتیەكانەوە  پەخشیان دەكرد هەروەها چەندین كردەوەی خۆكوژی و تەقاندنەوەی بۆمب و بۆمبڕێژكردنی ئۆتۆمبیل و داهێنانی چەندین شێوازی نوێ‌ یان داهێنا و بەفەرمی بەرپرسیارێتی خۆیان لێ‌ ی ڕادەگەیاند لە عێراق و سوریا كە خەڵكێكی زۆری سڤیل یان دەكردە ئامانج و دەبوونە قوربانی .

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ لە ناوبردنی داعش 

لە دوای سەرهەڵدانی ئەم ڕەوتە توند ئاژۆ و  تاوانبارە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ لە ناوبردنی داعش پێكهات لە حەفتا دەوڵەت بە سەرۆكایەتی ئەمریكا  و هەر ئەمریكا خۆی بەتەنها 5000 سەربازی ڕەوانەی ناوچەكە كردو لە مانگی ئەیلەلی 2014 یەكەم پەلاماری ئاسمانی بۆ سەر بنكەو بارەگاكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە سوریا دەستپێكرد دوای ئەوەی پێشتر لە عیچراق پەلاماری دابوون .

سەرەتای تێكشكان و پاشەكشەی داعش

لە 26كانوونی دووەمی 2015   هێزە كوردییەكانی سوریا بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش شاری كۆبانی یان لە داعش ڕزگارو پاك كردەوە .
لە 31 ئازاری 2015  سوپاو هێزە چەكدارەكانی عێراق پارێزگای سەلاحەدین كە ناوەندەكەی شاری تكریتە لە داعش پاككردەوە دواتریش  شارەكانی ڕومادی و فەلووجە و شەنگال ڕزگاركران لە تیرۆریستانی دەوڵەتی خەلافەت.
لە ئابی 2016 هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) شاری مەنبەج یان ڕزگاركرد لە داعش و گروهەكانی ئۆپۆزەسیۆنی سوریای سەر بەتوركیا دەستیان گرت بە سەر شاری جەرابلس و باب ی سەربە پارێزگای حەلەبی سوریا لە مانگی شوباتی 2017 .
لە 10 تەمووزی 2017 حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزەچەكدارەكانی عێراق ڕزگاركردنی تەواوی شاری مووسڵی ڕاگەیاند دوای نۆ مانگ هێرش و شەڕو ئۆپەراسیۆنی بەردەوام  بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش .
لە 17 / تشرینی یەكەمی 2017 هەسەدە شاری ڕەقەی پایتەختی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامیشی لە بندەستیان دەرهێنا.
لە مانگی كانوونی یەكەمی 2017 سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق عەبادی سەركەوتنی تەواوی بەسەر هێزەكانی داعش لە عێراقدا ڕاگەیاند .

لە گۆڕنانی داعش دوا وێستگە 

لە 23 ئازاری 2019 هەسەدەو ئەمریكاش لەلای خۆیەوە سەركەوتنی تەواویان بەسەر سوپای جەهل و ڕەشپۆشی داعشدا ڕاگەیاند لە دوا پێگەیان لە باغۆزی ڕۆژهەڵاتی سوریا .
لە كۆتاییدا سەرەڕای ئەوەی دوا بنكەو بارەگاو پێگەی ئەو هێزە وەحشیگەرە كۆنترۆڵ كرا  لە عێراق و سوریا بەڵام ئێستاشی پێوەبێت لە بیابانەكانی عێراق و بادییەی شام خۆیان حەشارداوەو شانەی نووستوویان لە زۆر شوێن هەیە مەترسی جدییان هەیەبۆ ئارامی و سەقامگیری ناوچەكە  , چونكە هەموو ئەو فاكتەرانەی كە زەمینەیان خۆش كرد بۆ سەرهەڵدانی ئەم ڕەوتە توندئاژۆیە  هێشتا ماون , بۆیە ئەركی هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەكەشە كە ئەو ئەركە قوورسە بگرنە ئەستۆ ئەویش چارەسەركردنی كێشەو ئاریشە ئاڵۆزەكانی وڵاتانی ناوچەكە چ لە دابینكردنی دادپەروەری و یەكسانی هاوسەنگی و شەفافیەت و خزمەتگوزاری و دابینكردنی هەلی كارو ئازادای و نانو خۆشگوزەرانی.




11/04/2019



وتارەکانی تری نوسەر