كازمى لە توركيا

بورهان شێخ رٶوف
ئەم سەردانەى مستەفا كازمى سەرۆكوەزيرانى  عێراق بۆ ئەنقەرە چوارەم گەشتێتى لە دواى دەستبەكاربوونى يەوە بۆدەرەوەى وڵات،دواى سەردانى ئێران و ئەمريكاو  چەند وڵاتێكى ئەوروپا،لە دواى ئەوەى لە ١٤ی ئۆكتۆبەرى ٢٠٢٠  لەڵايەن سەرۆك كۆمارى توركياوە بانگهێشتنامەيەكى فەرمى ئاڕاستە كرا, كە  باڵوێزى توركيا لە بەغداد ( فاتيح يەڵدز ) گەيانديە دەستى،تێيدا خواستى ئەوەى دەربڕي بوو كە عێراق لە پلەى يەكەمى گرنگى پێدانەكانى  ئەردۆگانەو خوازيارە كە پەيوەندييەكانيان لە بوارى سياسى و ئابورى و ئاسايشەوە بۆ پێشەوە بەرن.

هەرچەندە عێراق و توركيا لە دواى ٢٠٠٣ ەوە بە تايبەتى پەيوەندييە ئابورييەكان و ئاڵوگۆڕى بازرگانى لە نێوانياندا بە قەبارەيەكى زۆر هەڵكشانى بە خۆيەوە دى، كە لە ساڵى ٢٠١٩ گەيشتە ( ١٥,٨) مليار  دۆڵار،كە ساڵى ٢٠١٨ (١٣) مليار دۆڵار بوو،بەڵام ئێستا خوازيارن ئەو بڕە بەرز بكەنەوە بۆ (٢٠) مليار دۆڵار لە ساڵانى داهاتوودا،لە كاتێكدا هەموو ئەو جموجووڵ و ئاڵوگۆڕانە لە ڕێگەى دەروازەى ئيبراهيم خەليلى هەرێمى كوردستانەوە ئەنجام دەدرێت.

پێشتريش ساڵى ٢٠٠٨ ئەنجومەنى باڵاى هاريكارى ستراتيجى لە نێوان عێراق و توركيا دامەزراو،لە ساڵى ٢٠٠٩ يش (٤٨) ڕێككەوتننامەى جۆراوجۆر لە بوارەكانى ئاسايش و وزە و ئابورى و دابينكردنى وزە بە تايبەتى نەوت كە عێراق ١٥%  خواستى توركيا لە نەوت دابين بكات.

ئاو
يەكێك لە كێشە گەورانەى كە ساڵانێكە لە نێوان ئەم دوو وڵاتە درواسێ دا هەيە كێشە و قەيرانى ئاوە كە سەرچاوەى هەردوو ڕووبارى گەورەى عێراق ديجلەو فورات لە توركياوە هەڵدەقووڵێن،توركياش بەنداو و پڕۆژەى زۆر و زەبەڵاحى دروستكردووە كە پێچەوانەى هەموو ياساو ڕێساو عورفە نێودەوڵەتيەكان،بەشى عێراق وسورياش دەخوات و جارجار ئەوەش بە گوێ ى عێراق و وڵاتانى تريشدا  دەدات كە ڕۆژێك دێت ئێمەش ئاوەكەمان وەكو نەوت دەفرۆشين،بەڵام لە چەند ساڵى ڕابردوو كە ڕادەى باران بارين زۆربوو نەك نەيتوانى ئاوەكە لە دراوسێكانى ببڕێت بەڵكو ئاوەكەشى بە توندى بەردايەوە.

كورد
كێشەيەكى ترى ئاڵۆز و درێژخايەنى نێوان عێراق وتوركيا كوردە، بەشێكى زۆرى خاكى كوردستان كە بە كوردستانى مەركەزى (ناوەندى) ناسراوە و گەورەترين بەشى كوردستانە لە ڕوىڕوبەرو ژمارەى دانيشتووانەوە لە بندەستى توركيايە و نكوڵى لە بوون و مافەكانيان دەكات و لە هەر وڵاتێكى تريش بە تايبەتى عێراق و سوريا مافەكانى كورد بچنە پێش كێشەو بەربەستى بۆ دروست دەكات، هەرچەند ئێستا لە عێراقدا دۆخەكە گۆڕاوەو كورد هەرێمێكى فيدراڵى دەستوورى هەيە .بەڵام بوونى گەريڵاكانى پەكەكە لە سنورەكان و چياى قەنديل پەيوەنديەكانى عێراق و توركياى ئاڵۆزكردووە و زۆر جار توركيا سەروەرى ئاسمان و خاكى عێراق پيشێل دەكات و خەڵكى سڤيل دەكاتە قوربانى .
ئەردۆگان و كازمى چيان وت؟

ئەردۆگان وتى، من پشتيوانى يەكپارچەيى خاكى عێراق دەكەم و ڕێز لە هەموو پێكهاتەكانى دەگرم بە كوردو عەرەب و توركمانەوە،هەروەها وتى  ئەوانە هەموو براى ئێمەن بە جياوازى ئايين و نەتەوە و ئاينزاوە ! كە ئەمەمان بە واقيعى نەديووە لە ڕابردوودا هيوادارم بۆ لەمەودوا وابێت، پشتيوانى حكومەتەكەى كازمى دەكەم بۆ بەگژاچوونەوەى تيرۆر و كۆرۆنا .هەروەها ئەردۆگان لە بارەى ئاويشەوە وتى هیوادارم ئەم بابەتە لە ناكۆكيەوە ببێتە خاڵى هاوكارى.

كازميش سەرەڕاى خوازيارى پەيوەندى باشى نێوان هەردوو ڵا، ڵابردنى هەموو كۆسپ و تەگەرەكانى بەردەمى،وتى عێراق دژى سياسەتى جەمسەربەندييە و ناچێتە هيچ جەمسەرێكەوە دژى جەمسەرێكى ترو خوازياريشين دەست لە كاروبارى يەكدى وەرنەدەين، دەرگاى عێراق كراوەيە بۆ وەبەرهێنەرانى توركيا لە عێراق وەبەرهێنان بكەن لە ئاوەدانكردنەوەى عێراق، لە سەر بابەتى ئاسايش سنورەكان و پەكەكە  كازمى وتى ئێمە هەنگاوى پێويست دەنێين بۆ پاراستنى سنوورەكان ئەوەش كارێكى ئاسان نابێت بۆ كازمى و حكومەتەكەى لە بەر زۆر هۆكار كە لێرەدا دەرفەت نيیە باسيان بكەم.

لە كۆتاييدا هەرچەندە عێراق و توركيا دوو ڕێكەوتننامەى باج و ڕۆشنبيرييان واژۆ كرد، زۆر شتى تر باس كرا لە سەر ئاو و ئاسايش و تيرۆر كە هەريەكەيان خوێندنەوەى جياوازييان بۆى هەيە، پێناچێت لەوە زياتر هيچى بچێتە بوارى جێبەجێكردنەوە لە كاتێكدا ئەمريكا لە قۆناغى ڕاگوزەردايە بۆ گۆڕانكارى سەرۆك كە دواتر شێوازو ڕوخسارى سياسەتى ناوچەكە سيمايەكى تر وەردەگرێ .

21/12/2020



وتارەکانی تری نوسەر