جینۆسایدی ئێزدیەکان لەلایەن داعشەوە لە دۆکۆمینتی نێو نەتەوەییدا

بورهان شێخ رٶوف
کەریم خان سەرۆکی تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان (( UNITAD )) بۆ پرسی لێپرسینەوە و بە دۆکۆمینتکردنی تاوانەکان داعش لە عێراق ڕایگەیاند ، زۆر بەڵگەو دۆکۆمینتی ڕوون و ڕاشکاو جێمتمانەو بڕوا پێھێنەرمان دۆزیووەتەوە،گەواھی دەرن تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام تاوانی گەورەیان دەرھەق بە ئێزددیەکان ئەنجامداوە ساڵی ٢٠١٤.

ڕاپۆرتەکەی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی ١١/٥/ ٢٠٢١ بڵاوکراوتەوە ،ئاشکرایکردووە ڕێکخراوی داعش سەرکەوتوو بووە لە بەرھەمھێنان و پێشخستنی چەکی کیمیاوی ،ھەروەھا چەکدارەکانی دەوڵەتی داعش ھەردوو غازی کیمیاوی کلۆرو خەردەلیان بەکارھێناوە لە کردەوە تیرۆریستیەکانیاندا لە عێراق ،بەتایبەتی دژبە ئێزدییەکان کە بەر  گەورەترین شاڵاوی قڕکردنی ئتنیکی و پاکتاوی ڕەگەزی کەوتن ، ژن و مناڵەکانیشیان تاوانی ئەتککردنی سێکسییان دەرھەق کراو بە کۆیلەو سەبایا کران .

ھەرلەو سۆنگەشەوە بوو لە ئەیلولی ٢٠١٧ ئەنجومەنی ئاسایش بە کۆی دەنگ بڕیاری  پێکھێنانی تیمێکی لێکۆڵینەوەی دا بۆ یارمەتیدانی عێراقیەکان بۆ کۆکردنەوەی ھەموو بەڵگەو دۆکۆمینتەکان بۆ ئەوەی کارئاسانی بکرێت بۆ لێپرسینەوە لە تاوانبارانی داعش واتە ئەندامان و چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ئەوانەی ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە کە لە ڕیزی تاوانەکانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و کۆکوژییدایە.

ڕاپۆرتی شەشەم

کەریم خان سەرۆکی تیمەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش لە شەشەمین ڕاپۆرتی لیژنەکەیاندا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێوەدەوڵەتی کە لە شەش مانگی ڕابردوودا کۆیان کردۆتەوەو زۆر بەڵگەو دۆکۆمینتی گرنگی تێدایە لەسەر تاوانەکانی داعش .

ھەروەھا باس لە پێشڤەچوونی گرنگ دەکات لە کۆکردنەوەی بەڵگەی جینائی و ئاماژەی ڕوون لە ناو گۆڕە بە کۆمەڵەکان و  زانیاری وردو جێمتمانە لە سی دی ( قرس ) ی دیجیتاڵیەکانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش ، ھەروەھا بەکارھێنانی زانست و تەکنۆلۆجیا ی پێشکەوتوو بۆ چارەسەرکردن وگەڕان و بەدەستھێنان و پاراستنی ئەو زانیارییانە ، کەئەمەش بواری ڕەخسان بۆ تیمەکە کە خشتەیەکی کات دیاری بکات بۆ چالاکی و جموجووڵەکانی داعش .

بەڵگەی تەواو لە سەر کۆکوژی ئێزدییەکان

کەریم خان  سەرکەوتنی تیمەکەی لە دۆزینەوەی بەڵگەو دۆکۆمینتی ڕاست و دروست و بڕواھێنەر بەوەی کە توندئاژۆکانی داعش تاوانی کۆکوژی و قڕکردنی بە کۆمەڵیان بەرامبەر بە ئێزدییەکان وەکو تاقمێکی ئایینی جیاواز بەمەبەستی لەناوبردنیان لە ڕووی جەسەدی و بیۆلۆجیەوە بە چرکەساتێکی مێژوویی وەسفکرد .

تیمەکەی کەریم خان زانیاری زیاتر لەسەر کوشتنی ھەزاران ئێزدی ئاشکرادەکات ، ئەویش لە ڕێگەی ئیعدامی بە کۆمەڵ یان گوللەبارانکردنیان لە دواوە لە کاتی ڕاکردنیان یان خوڵقاندنی دۆخێکی سەخت بۆئەوەی بمرن و گیان لە دەست بدەن بە تایبەتی لە چیای شەنگال کە شوێنێکی زۆر سەخت و دژواربوو کە لە کاتی ھەڵاتنیان گیانیان لە دەستدەدا .

ھەروەھا  تیمەکە ئەوەشیان ڕوون کردۆتەوە ھەزاران لە ئێزدییەکان کراون بە کۆیلەو ژن و مناڵەکانیان ڕفێنراون ولە خێزانەکانیان دوور خراونەتەوە ، ناشیرنترین شێوەی ڕەفتاری ھۆڤیانەیان لە گەڵدا کراوە لەوانە دەستدرێژی سێکسی بەردەوام و بەکۆمەڵ جۆرەھای تر لە توندوتیژی سیکسی کە مرۆڤ ناتوانێت بۆ ماوەی درێژو ساڵەھا بەرگەی بگرێت کە ئەمەش بووە ھۆکاری مردنی چەندانی تریان .

لەلایەکی ترەوە تیمەکەی کەریم خان ئەوەشی ئاشکرا کردووە تاوانەکانی داعش تا ئێستاش درێژەی ھەیە بە بەردەوامی کاریگەری وکاردانەوەکانی ئەو تاوانانە ،لەوانەجیاکردنەوەو دابڕانی ھەزاران ژن و مناڵ لە خێزانەکانیان ،  فڕاندنی ژنان و کچانی ئێزدی و بە کۆیلە کردیان و دوورخستنەوەیان بەتایبەتی ئەوانەی سکپڕبوون تاوەکو مناڵەکانیان لێ بسَننەوە ، بە تایبەتی تا ئێستا ھەندێک ژن و کچانی ئێزدی ون بوون و دیار نین کەس چارەنووسیان نازانێت ، یان دیلن و کۆیلەو سەبایای جەنگن لەلای چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی !.
بەرنامەی چەکی کیمیاوی داعش.

کەریم خان جگە لە کارەکەی سەرۆکی ئەم تیمەیە، ڕاوێژکاری نەتەوەیەکگرتووەکانیشە باس لەوەدەکات بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە ئامێرو دەزگا ئەلیکترۆنیەکانی داعشەوە دەستیان کەوتووە ،داعش بەرنامەی پێشخستن و بەرھەمھێنانی چەکی کیمیاوی و بایۆلۆجی ھەبووە ،کەئەمش تیمەکەیانی ناچارکردووە کە دۆسێیەکی لێکۆڵینەوەش بۆ ئەو بابەتە بکەنەوە .

کەریم خان ئەوەشی ئاشکراکردووە ئەو بەڵگەنامەو دۆکۆمینتانەی دەست تیمەکەی کەوتوون باس لەوەدەکەن  کە تیرۆریستانی داعش تاقیگەکانی زانکۆی موسڵیان بەکار ھێناوە وەکو ناوەندی بەرنامەی چەکی کیمیاوی دەوڵەتی ئیسلامی بە پشت بەستن بە شارەزایی وتوانا زانستیەکانی مامۆستایانی زانکۆ و پزیشکەکان لە ناوەوو دەرەوەی عێراق .

سەرەتا کەریم خان دەبێژێت داعش دەستی گرت بە سەر ئەو ماددەی کلۆرەی کەلە وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاودا ھەبوو لە ساڵی ٢٠١٤ ،دواتر کلۆرەکەیان پێشخست بۆ ئاوێتەی ژەھراوی کوشندەی لەوانە سالیۆم ،دواتر ئەم پێکھاتە ژەھراویانەتاقی دەکرایەوە بەسەر زیندانیە زیندووەکاندا دوای دەبووە ھۆی مردن و گیان لەدەستدانیان .

ھەروەھا باس لەوەش دەکات  دواتر داعش سیستمەکەی پێشخست و غازی خەردەلی بەرھەمھێنا ناسراوە بە (( خەردەلی کبریت )) کە دواتر لە مانگی ئازاری  ساڵی ٢٠١٦ بۆ لێدانی شارۆچکەی تازەخورماتوو لە پارێزگای کەرکوک لە ڕێگەی چل مووشەکەوە بەکاری ھێنا.

کەریم خان ئاماژەی بەوەشکردووە کە خۆی دەبێتە سەرۆکی داواکاری گشتی لە دادگای جنائی نێودەوڵەت لە ١٥ حوزیرانی ٢٠٢١ ، ئەم دۆسێیە بە خێرایی بۆ پێشەوە دەڕوات ، پێدەچێت ئەنجامە سەرەتاییەکانیلە ماوەی پێنج مانگدا تەواو ببن ،تاکۆتایی ئەمساڵ ٢٠٢١ ،ھەروەھا تیمەکە پێشبینی دەکات  ئەنجامی سەرەتاییش دەربکەوێت کە باسی تاوانەکانی دژ بە کەمینەکانی کریستیان و کاکەیی و شەبەک و تورکمان و شیعەو و سونەلە عێراق بکات سەرباری کوشتاری زیندانیە شیعەکان لە زیندانی بادۆش کە ٦٠٠ کەسی تێدا کوژرا .

کەریم خان ئەنجومەنی ئاسایشی ئاگادار کردەوە کە تیمەکەی گەیووەتە ئەو ئاکامەی کە ڕێکخراوی داعش تاوانی جەنگی دەرھەق خوێندکاران و فەرمانبەران و بەڕێوەبەرانی ئەکادیمیەی ئاسمانی تکریت ئەنجامداوە،ئەویش دوای دیلکردنیان و ئەشکەنجەدانیان بەکۆمەڵ لەناویان بردوون لە حوزەیرانی ٢٠١٤.

لەلایەکی ترەوە کەریم خان باسی ڤیدیۆیەک دەکات کە داعش لە تەموزی ٢٠١٥ بڵاوی کردۆتەوەکە پرۆسیسی کوشتن پیشاندەدات ، کە ئەمەش ھاندانێکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرایە تاوانی کۆمەڵکوژی شیعەموسڵمانەکانە .

لە کۆتاییدا کەریم خان ھیوای وایە کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسایەک دابڕێژێت کە ببێتە بنەمایەک بۆ دادگاییکردنی ھەموو ئەندامانی تاوانباری دەوڵەتی ئیسلامی داعش ، بەرامبەر بە تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی و کۆمەڵکوژی ئەنجامیانداوە .
بەڵێ منیش لە گەڵ بەرێز کەریم خان دەبێژم نەک ھەر  بۆ داعش بەڵکو پێویستە بۆ ھەموو تاوانەکانی تری ئەنفال وکیمیاباران  ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش ڕێکاری پێویست بگرنە بەر بە ناساندنی بە جینۆسایدو قەربووکردنەوەی قوربانیان و زیانلێکەوتووان .

17/05/2021



وتارەکانی تری نوسەر