شفرەی سەردانی بەرهەم ساڵح بۆ روسیا

رەمەزان کەریم
     لە ژیانی سەركردەی سیاسیدا زۆر جار رووداو هەیە كە دەبێتە كۆتایی هێنان بەو ژیانە یان دەبێتە هەنگاوێكی گەورەی نوێی مێژووی، ئەم سەردانەی ئێستای بەڕێز بەرهەم ساڵح بۆ روسیا، رووداوێكی گرنگی مێژووییە.

     لە سەر سەردانی بەرهەم ساڵح جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی و سەرۆك وەزیرانی پێشووی كوردستان ئەوەی كە من لە نزیكەوە ئاگادارم لە دپلۆماتەكانی روسیا لە كوردستان و عیراق، دەوڵەتی روسیا وەكو دەوڵەت بە بڕیارێكی ستراتیجیك كاك بەرهەمیان دەعوات كردووە، ئێستا بە لای روسیاوە دۆسیەی كورد گرنگە، ئەو دەوڵەتەش پێویستی بەوەیە لەگەڵ سەركردەی زیرەك مامەڵە بكات.

     لە باكووری كوردستان بەڕێز(سەڵاحەدین دەمیرتاش)یان بانگهێشت كرد بۆ روسیا، لە رۆژئاوای كوردستان بەڕێز(ساڵح موسلیم)یان بانگهێشت كرد، لە باشووری كوردستانیش بەڕێز (بەرهەم ساڵح)یان بانگهێشت كرد وەكو دەوڵەتمەدارێكی سەركەوتوو لە ئاستی كوردستان، عیراق، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. روسیا و ئەمەریكا پێیان وایە بەرهەم ساڵح جێگرەوەی بەڕێز سەرۆك مام جەلالە، وەكو كەسایەتییەكی كاریزما توانی هاوسەنگی راگرێ لە نێوان شیعە و سونە، توركیا و ئێران، ئەمەریكا و روسیا. دەزگاكانی لێكۆڵینەوەی ستراتیجیكی دەوڵەتی روسیا پێیان وایە: بەرهەم ساڵح دەتوانێ‌ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا لەم گۆڕانكاریانەدا ببێتە سەرۆكێكی بەهێز چ لە ئاستی عیراق و چ لە ئاستی كوردستان.

     ئەمەریكا و روسیا و دەوڵەتە زلهێزەكان، لە داهاتوویەكی نزیكدا كاك بەرهەم وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە تایبەتی سەرۆك كۆماری عیراق دەتوانێت سەركەوتوانە ئەركی خۆی جێبەجێ‌ بكات و قەیرانەكانیش چارەسەر بكات. دوای نەخۆش كەوتنی مام جلال بارودۆخی كوردستان و عیراق دیارە بە چی قەیرانێكی قوڵدا تێپەڕ دەبێت. دوای نەخۆش كەوتنی مام جەلال، بەرهەم ساڵح بە گشتی لە ناو گۆشەگیریەكدا بوو، كورد وتەنی: نرخی زێڕ لای زێڕنگرە، مام جەلال توانیبووی كاك بەرهەم لە خزمەتی سیاسەتدا بۆ كورد و كوردستان و بە گشتی بۆ گەلانی عیراق چ لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و چ لە ئاستی عیراقدا و چ لە ئاستی كوردستانی گەورەدا و چ لە ئاستی هەرێمی كوردستاندا و چ لە ئاستی یەكێتی وەكو حزب یارمەتیدەر بێت. دوای نەخۆش كەوتنی مام جەلال، ئەمە چوار ساڵە كاك بەرهەم بەناو گۆشەگیرییەكدا تێدەپەڕێ، بەڵام لەم چوار ساڵەدا، كاك بەرهەم توانی هەر لەناو سیاسەتدا بمێنێ‌ و خزمەتێكی باشیش بكات، نموونەش بۆ ئەمە: كاك بەرهەم توانی رۆژئاوای كوردستان و ئەمەریكا لە یەكتر نزیك بكات و ئەمەریكاش خزمەتێكی باشی رۆژئاوا بكات، هەروەها بۆ ئەمەریكا و باكووری كوردستانیش بە هەمان شێوە. جگە لەمە بە رێگای كۆنفرانسی زانكۆی ئەمەریكی لە سلێمانی توانی سەرجەم دیبلۆمات و سیاسەتمەدار و ئەكادیمیسیانە بەناوبانگەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان كۆبكاتەوە. 
     لە دەر ئەنجامدا روسیا دەرگا داخراوەكانی پێش بەرهەم ساڵحی كردەوە و كۆتایی بە گۆشەگیریەكەی هێنا.


13/04/2016



وتارەکانی تری نوسەر