مافی خۆپیشاندان لە نێوان فەرەنساو كوردستان

عەلی مەحمود

پێنج شەمە 23ی حوزەیران, بۆ فەرەنسییەكان رۆژێكی پڕ  مشتومڕی سیاسی گەورە بوو , بۆ دیموكراسیەتیش لەو وڵاتە  تاقیكردنەوەیەكی سەخت بوو,  خەریك بوو دوای 54 ساڵ جارێكی دیكەو  لە ساڵی 1958 بەدواوە بۆ دووەمجار  دیموكراسیەت لە وڵاتی فەرەنسا لەكەدار بكرێت,  بەوەی  پارێزگاری شاری مەزنی پاریس بڕیاریدا مۆڵەتی  خۆپیشاندانی  بە كرێكارانی پاریس نەدرێت, بۆ ئەوەی  لە 23ی یۆنی  10یەمین خۆپیشاندانی خۆیان دژ بە هەموار كردنەوەی  یاسای كار ئەنجام  بدەن, بە بەهانەی  ئەو بارگرژییەی لە دوا خۆپیشاندانی  هەفتەی رابردوو لە شارەكە  ئەنجامدرا, تیایدا خۆپیشاندەران پەلاماری زۆر بانك و فرۆشگاو  خواردنی خێرای نیشانە  ناسراوەكانی سەرمایەداری جیهانیان داو زیانی زۆریان پێیان  گەیاند .

وەلێ  رەتكردنەوەی مۆڵەتەكە ,  وەك  رۆژانە  رودەدات لەم وڵاتە,  هەر وا  وەك لای خۆمان بە بێدەنگی  رەت نەبوو, بووە بابەتی گفتوگۆی  تەواوی كەناڵەكانی راگەیاندن و مشتومڕی  سەركردە سیاسییەكان, تەواوی سەركردەی حیزبەكان و كەسە بە نفوزەكان قسەی خۆیان كرد و ئیدانەیان كرد, بەشێكیان لە ناو پارتی سۆسیالستی دەسەڵاتدارو ئیتلافی حوكمڕانیش بوون, لە لایەن حكومەتیشەوە  وەزیری ناوخۆ لە گەڵ بەرپرسی ساندیكای سی جی تی فلیبپ مارتینز  پاڵەوانی ناڕەزایەتی كرێكارانی فەرەنساو  و ساندیكای  ئێف ئۆ كۆبوەوە, هاوكات سەرۆكی فراكسیۆنی سۆسیالستەكان (پارتی دەسەڵاتدار) لە پەرلەمانی وڵات بەرەو روی بڕیارەكە بوەوە  وتی گەورەترین هەڵەیە, هەموو ئەم مشتومڕانە لە كۆتادا حكومەتی ناچاركرد لە بڕیارەكەی پاشەكشە بكات و لە دوا لەحزەكاندا بە بڕیارەكەیدا بچێتەوەو مافی  خۆپیشاندان بدات بە كرێكاران, بەمەش  دیموكراسیەت سەركەوتەوە  و رێپێوانەكە  ئەنجامدراو ناو نرا بە  رێپێوانی سەركەوتنی دیموكراسیەت .

لە هەمان وڵات ,  ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ 54 ساڵ لەمەوپێش و لە ساڵی 1962 دا بە هەمان شێوە  رێگا نەدر بە خۆپیشاندانێك  بۆ پشتیوانی لە ئاشتی لە جەزائیر ئەنجام بدرێت  لە شاری پاریس ,  كە حیزبی شیوعی فەرەنسی  و ساندیكای كرێكاری سی جی تی نزیك لە ئەو پارتە رێكیان خستبوو , خۆپیشاندانەكە كرا , وەلێ  كەوتە  بەر پەلاماری حكومەت  و 9 كوژراوی  لێكەوتەوە بە تاوان كۆتایی هات, ئەو رۆژە چووە ریزی یەكێك لە رۆژە رەشەكانی مێژوەوە,  واتا لە هەردوو  حالەت  ئەوانەی مۆڵەتی  خۆپیشاندانیان  لێ وەرگیرایەوە لەو 54 ساڵە  هەر یەك لایەن بوون  ئەویش ساندیكای سی جی تی یە , كە بەردەوام  بەشی شەقام و  داكۆكیكردن بووە  لە مافی كرێكاران و گەلانی ژێر دەست, وەلێ بۆ جاری دووەم نەدانی مۆڵەتی خۆپیشاندان پێیان , لە هەناوی كۆمەڵگای فەرەنسادا ناڕەزایەتییەكان بەرفراوانتر بوو, مشتومڕە  سیاسییەكان گەرموگوڕتر بوو , هەر بۆیە حكومەت ناچار كرا لە بڕیارەكەی پاشەكشە بكات, لە كۆتا لەحزەكاندا مافی رێكخستنی خۆپیشاندان لە گەڵ ئەگەری هەر كارێكی نەخوازراو بداتەوە بە هاوڵاتیان .

لەوكاتەوە  فەرەنسا زۆر روداوی گەورەی وەك  خۆپیشاندانە بەرفراوەنەكانی 1968 ی بەخۆوە بینییوە , كەچی مۆڵەتی خۆپیشاندان بۆ جارێكیش لەم وڵاتە رەت نەكراوەتەوە بۆ هیچ گروپ و پارت و دەستەیەكی سیاسی, كە رۆژانە وڵات  دەیان خۆپیشاندان بەخۆوە دەبینێت , جاری واش هەیە سەدان , حكومەت وێڕای بارگرژی و پەلامارەكان بۆ سەر هەندێك ناوەندی ئابووری و حكومی , دیموكرسیەت و یاسا ناچاری كردووە مۆڵەتی خۆپیشاندان بدات و خۆشی بۆ لێكەوتەو ئەگەرەكانی ئامادە بكات, چونكە بەرەو روبونەوەی ناو رێپێوانەكان بۆتە دیاردەیەكی نۆرماڵ لە ئەوروپا, ئەم دیاردەیەش  نەبۆتە رێگر لە بەردەم مۆڵەت نە دان بە خۆپیشاندانەكان.

لە هەرێمی  كوردستان  هەوڵدەدرا یاسایەكی خۆپیشاندانی باڵاتر لەوەی فەرنسا پەسەند بكرێت, كە تیایدا مۆڵەت وەرگرتن بۆ خۆپیشاندان  هەر نەمێنێت بگۆرێت بۆ ئاگادار كردنەوە , من زۆرجار لەو مشتومڕانە دەكشامەوە  كە دەوترا مۆڵەت لە ئەوروپا نییە, چونكە دەزانم هەیە و خۆمیش زۆرترین مۆڵەتی ئەو ساڵانەم بۆ گردبونەوەو خۆپیشاندانەكان وەرگرتووە, ئێستا ئەوەی گرنگە ئەوەیە, دەبێت لە كوردستان پێش بوونی یاسای خۆپیشاندان, دەسەڵاتدارانی كوردستان ناچار بكرێن دان بە بوونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە دژیان بنێن, بە دروشم نا لەسەرەوە  ئیدعا بكرێت, بەڵكە گرنگ ئەوەیە  لە خوارەوە  جێ بەجێ بكرێت,  لە كوردستان ئەوە گرنگ نییە  مۆڵەت وەردەگرترێت یان نا بۆ خۆپیشاندان؟, بەڵكە ئەوە  گرنگە كەی  مۆڵەت دەدیت بە خۆپیشاندان دژ بە خۆت!!!!!, بە پێچەوانەی  فەرەنساوە  لە كوردستان  مۆڵەتی  یەك خۆپیشاندانیش  نەدراوە زەرەری  بۆ پەزەكانی  دەڤەرەكە  هەبوبێت!!.

كەواتە پێویستە لە كوردستان مافی خۆپیشاندان بكرێتە ئەمری واقیع , ئەوجا بیر لە جوانكردنی یاساكەی  بكرێتەوە, ئەوەش  پێویستی بە ساندیكای بەهێزو پارتی شۆرشگێرو سیاسەتمەداری وەك فەرەنسا هەیە  .



24/06/2016



وتارەکانی تری نوسەر