دار هەڵگرە سەگی دز دەرئەكەوێت

عیماد عەلی
ئەوەتا لەیەك كاردانەوەدا بە ناچاری، بۆ فشارێكی راستەوخۆ و دەرخستنی حەقیقەتەكان ، حكومەتی هەرێم نیمچە دانپێدانانێكی  بە داهاتی هەرێمدا نا و، دەڵێت مانگانە داهاتی هەرێمی كوردستان دەكاتە یەك ترلیۆن و بیست ملیار دینار ، بە جیاوازی 390 ملیار دینار زیاتر لەوەی لە بودجەكەی بەغدا بۆ هەرێم دیاریكراوە . كەواتە بۆچی تا ئێستا لەم برە پارەیەی بەردەستتان كە هەر  زۆر بەكەمی حسابی بكەیت هەر مانگەو دەتانتوانی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران بە تەواوی بدەن نەك چارەكە موچەكە و بە دوو مانگ جارێك، ئێستا چۆن لەگەڵ خەڵكدا مامەڵەدەكەن . ئەی بۆ وەڵامی خەڵك نادەنەوە، هەر هیچ نەبێت باس لەوە بكەن ئەم هەموو قەرزە لە پای چی، كە داهاتی كوردستان لە موچەدان و خەرجی بەكاربردن زیاتریش بووە، بۆچی باس لە شكستی راستەقینەی خۆتان ناكەن و داوای لێبوردن ناكەن و،  خۆتان بە راست لەقەڵەم دەدەن  . 
بۆیە، لەم ماوەیەی پێشودا، ئەگەر خەڵكی كوردستان گومانێكی هەبوو لەمەر بری داهاتی كوردستان  و لەحاڵەتی نیمچەباورەێكدا بووبن كە ئەو پارەیەی دێتەدەستیان بەشی موچە و خەرجیەكان ناكات و ئەو قەرزانە دەستی گرتوون و ئەم موچە برینە سیاسی نیە وەك نەیارانی پارتی و خەڵك باسی دەكەن، بەڵام لەئەمرۆ بەدواوە زۆر شت روون بووەوە . ئەم داهاتەی كە حكومەتی هەرێم بە فەرمی بە خۆی دەڵێت  و دان بەوەدا دەنێت كە بودجەكەی بەغدای سەبارەت بە هەرێم  لە داهاتی خودی هەرێم كەمترە، ئەگەر وەك تائەمرۆ بەسەربەخۆ نەوت بفرۆشێت، ئەمە وەزعی داهات و دزی و گەندەڵی ئەم دەسەڵاتەی وەك رۆژی رووناك و بێ پێچوپەنا بۆ خەڵك دەرخست و، ئەگەر ئەم یاسایەی بودجەی پەرلەمانی عیراق نەبوایە قەت ئەم دانپێدانانەمان نەدەبیست و نەدەبینی . بۆیە وەك پەندە كوردەكەی خۆمان دەڵێت دار هەڵگرە سەگی دز دەرئەكەوێت، وا بە سوكە دارهەڵگرتنێكی راست و دروست و راستەوخۆو، شتەكان دەركەوتن و  ئەم حكومەتە دەڵێت ئەی گەلی كوردستان، داهاتی حكومەتی هەرێم لەوە زیاترە كە لە بەغدا دانراوە، كەچی بەغدا دەڵێت ئەمەی لە بودجەدا دانراوە بەشی موچەخۆران و خەرجی بەكاربردنیش دەكات، لەولاشەوە هەرێم بەو داهاتە زیادەشەوە بۆ دوو ساڵە موچەی فەرمانبەران نادات .
بۆ سێ ساڵە خەڵك دەناڵێنێت و حكومەت بێباكە لە هەموو شتێك و تەنانەت گوێ لە خانەوادەی شەهیدانی بەرێزیش ناگرێت، وا ئەمرۆ كە تەنها یەك رۆژمان لەبەردەم ماوە بۆ تێپەراندنی بودجەی عیراق، حكومەتی هەرێم  بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت نەهێڵێت بەوشێوەیە بروات، دەڵێت، بە‌مە‌بەستی دڵنیابوون لە وردەكاریی و بەراوردكارییە‌كانی نێوان داهاتی هەرێم  (بەقسە و دانپێدانانی خۆی ) لەگەڵ ئەوەی بەشی هەرێم لە بودجەی بەغدادا دیاریكراوە و خستنەرووی دۆكیۆمینتەكان و ڕاپۆرتەكانی شیكردنەوە، میوانداریی سەرجەم ئەندامانی بەرێزی فراكسیۆنە كوردستانیەكانی  پەرلەمانی عیراق بۆ كۆبونەوە و خستنەرووی راستیەكان دەكەن . حكومەتی هەرێمی كوردستان جارێكی دی ئامادەیی تەواوی خۆی دەردەبرێت بۆ دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدرالێ و لەبەرامبەر دابینكردنی تەواوی شایستە داراییەكانی  مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، ئە‌وا حكوومەتی  هەرێم ئامادەی رێككەوتنە لەگەڵ حكومەتی فدیراڵ بە مە‌رجێك زیان بە هەرێم نەگات . ئا لەم كاتەدا و بە دانپێدانانی راستیەكان بەو شێوەیە  و وائێستا ناچاریت لەگەڵ ئەندامانی فراكسیۆنەكان دانسوتان بكەیت و جارێكی تر بۆ سەرخەڵەتاندن و، هیچت بۆ نەمابێتەوە بە ناچاری لە كاتی بەسەرچودا پەنا بۆ ئەندامانی پەرلەمان بەریت و لەمەو پێش هیچ منەتێكت نە بە میلەت و نە بە پەرلەمانی كوردستان نە عیراق و نە هیچ دڵسۆزێكی كوردستان و نە بەكەس نەبێت، ئەمرۆ بۆ جاپۆشینی كردەوە نابەجێ و شكستەكانت بەم شێوەیە بدوێیت كە زۆر شەرمەزاریە . بۆیە حەقە بڵێین لەبەغدا دار بەرزكرایەوە لە هەولێر دەركەوت .


07/12/2016



وتارەکانی تری نوسەر