ده‌كرێت به‌ خۆمان له‌به‌غداوه‌ ململانێی هه‌ولێر بكه‌ین؟

عیماد عەلی

بێگومان تاكه‌ كه‌سێك نیه‌ نه‌زانێت  كه‌ ئه‌م ده‌سه‌لاته‌ و حزبه‌كانی گه‌نده‌ڵن و به‌ بێ هیچ ده‌ربه‌ستێك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پرسه‌ مێووییه‌ خوێناویه‌كه‌مان ده‌كات و بارودۆخه‌كه‌ی گه‌یاندۆته‌ ئه‌م رۆژه‌ی ده‌یبینی، ‌كه‌س حه‌سودیمان پێ نابات. به‌ڵام چاره‌سه‌ی ئه‌م قه‌یرانانه‌ و راست كردنه‌وه‌ی باره‌كه‌ به‌ هه‌ڵه‌شه‌یی له‌ ره‌فتارو ته‌نها كاركردن له‌سه‌ر بنه‌مای كاردانه‌وه‌ و دژایه‌تی وئامانجی پۆپۆلیستیانه‌ له‌ پێناو چه‌ند ده‌نگێك و به‌ پرنسیپی تۆپینی خۆم و كه‌ره‌كه‌م، كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت؟

ئه‌م فشاره‌ی ئه‌مڕۆی له‌سه‌ر كوردستان له‌ئارادایه‌ له‌ زۆر لایه‌ن و مه‌به‌سته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، مه‌رج نیه‌ ته‌نها شیعه‌كانی به‌غدا یان ده‌سترۆیشتوانی عیراقی پاشكۆی ده‌وروبه‌ر بن... ده‌شێت ورده‌ ململانێی نێوان جه‌مسه‌ره‌ گه‌وره‌كان خۆی تێی خزاندبێت و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش چیلكه‌ بخه‌نه‌ ژێر پشكۆ هه‌میشه‌ گرداره‌ داپۆشراوه‌كه‌وه‌. كۆرۆنا زۆر هاوكێشه‌ی سیاسیی گۆڕی و پێگه‌ی وڵاتانی له‌ق كرد و مامه‌ڵه‌ هه‌مه‌جۆره‌كانی هه‌ر وڵاتی زلهێزی خسته‌ نێو گێژاوی به‌خۆداچونه‌وه‌ و دووباره‌ دارشتنه‌وه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یان و، بێگومان په‌یوه‌ندیه‌ دیبلۆماسیه‌كان توشی بومه‌له‌رزه‌یه‌كی گه‌وره‌ بوون و تا جێگیربونی ره‌وشه‌كه‌ وێنه‌ی ناوچه‌كه‌مان به‌ روونی بۆ ده‌رناكه‌وێت و له‌وبه‌ینه‌شدا وه‌زعی كوردستان له‌سه‌ر شاخی مانگاكه‌ی نێو به‌له‌مه‌كه‌دایه‌.

با بێینه‌وه‌ سه‌ر كورده‌ حه‌یاته‌كه‌ی خۆمان. كێ ده‌سه‌لات به‌ڕیوه‌ ده‌بات و ئه‌و خه‌ڵكه‌ چۆن ئه‌و شوێنه‌ هه‌ستیارانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێریان پر كردۆته‌وه‌ و ئینجا ته‌ماشای لێدوان و كاری ده‌سه‌لاتداری و به‌ناو ئۆپۆزسیۆن بكه‌ن، ئه‌وه‌ت بۆ روون جه‌بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی به‌دیناكرێت خه‌تی سووره‌ له‌ سیاسه‌تكردنی ئه‌م په‌رله‌مانتار و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی هه‌ولێر و به‌غدایه‌ كه‌ با بڵێین قه‌ده‌ری گه‌لی كورده‌ وا توشیان بوون، یان ئه‌م هه‌ویره‌ هه‌ر ئه‌م نانه‌ی لێده‌بێته‌وه‌. ئه‌م به‌رپرسی رێكه‌وت و ده‌ركئه‌وته‌ی هه‌ڵه‌ و له‌دایكبوی رۆشنبیری گه‌لی كوردستان به‌خۆی وای كردووه‌ ده‌رئه‌نجامی پرۆسه‌ سیاسیه‌ به‌یه‌كداچووه‌كه‌ خه‌ڵكانێك ده‌ركه‌ون كه‌ ته‌نها رۆژێكیش تێڕامانێكیان له‌ ره‌فتاری خۆیان نه‌كه‌ن و وه‌كو له‌سه‌ر سكه‌یه‌كدا بنله‌ لایه‌ن ئه‌ربابه‌كانیانه‌وه‌ پاڵێان پێوه‌نراوه‌ و بیر له‌ ویستگه‌یه‌ك نه‌كه‌نه‌وه‌ و ته‌نها میلی ده‌مانچه‌یه‌كیان هێناوه‌ته‌وه‌ و له‌ پشتی سه‌ری شۆفێری قه‌تاره‌كه‌ داناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌هیچ شوێنێك نه‌وه‌ستێت و خوای ده‌كرد كۆتاییی ئه‌و كاروانه‌ به‌ پێكدادان له‌گه‌ڵ قه‌تارێكیی تردا ده‌بوو یان له‌سه‌رسكه‌كه‌ ده‌رده‌چوو و ده‌كه‌وته‌ نێو زه‌ریایه‌كه‌وه‌ و خۆیشیان تێیدا له‌گه‌ڵ هه‌مووان ده‌خنكان، و دواتر به‌ ئاگاش نایه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌شیمانی دادیان بدات.

ئیمه‌ كه‌توشی ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌نده‌ڵ بووین، ركه‌به‌ره‌كانیشیان  پشت په‌رده‌ی ئه‌ودیوی شانۆكه‌ ناخوێننه‌وه‌ و ده‌رهێنه‌ر و نوسه‌ر و ته‌نانه‌ت كاره‌كته‌ری راسته‌قینه‌ی سه‌ر شانۆگه‌ریه‌كه‌‌ش ناناسن و نازانن ئامانجیان له‌م كارانه‌ چیه‌. كێشه‌ی ئه‌م تازه‌ سیاسیانه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر كارێك بكه‌ن رۆڵ و پیلانی توركیا و ئێران له‌ ناوه‌ندی عیراق دژ به‌ هه‌رێم و لێكه‌وته‌ی ململانێكانی  ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره‌ جیهانیه‌ به‌گژیه‌كداچووه‌ له‌سه‌ر ساحه‌ی سیاسی عیراق له‌به‌رچاو ناگرن له‌ لایه‌كه‌وه‌ و، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ رۆڵی  تایبه‌تی خۆیان له‌بیركردووه‌ كه‌بۆ چی له‌ به‌غدان و به‌تایبه‌تی په‌رله‌مانتارانی كورد لهپه‌رله‌مانی ‌عیراق  و وه‌زیره‌كانی ئه‌وێنده‌ركه‌ ئه‌ركێكی تاییه‌تی خۆیان هه‌یه‌ و تێكه‌ڵی به‌ كوردستان ده‌كه‌ن، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ حاڵیانه‌ و ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ی هه‌رێم مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن و ناتوانن له‌ ئه‌ركه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی خۆیان له‌ به‌غدا جیبه‌جێ بكه‌ن، ده‌بوو خۆیان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵبژێرن نه‌ك بۆ ئه‌و ساحه‌ فراون و كاری سیاسیه‌ ئاڵۆزه‌ی كه‌ بیر و عه‌قڵی  ئه‌مان بۆی ناچێت.

كه‌س نه‌یوتووه‌ ئه‌م حزبانه‌ی ده‌سه‌لاتی كوردستان به‌ یه‌كێتی وپارتی و گۆڕان و سه‌رجه‌م داروده‌سته‌كانیان له‌ حزبه‌ پاشكۆكانیش دڵسۆز و ده‌ستپاك و داوێنپاكن، كه‌س نه‌یوتووه‌ مه‌حسوبیه‌ت و مه‌نسوبیه‌ت له‌كوردستان نه‌ماوه‌، كه‌س نه‌یوتووه‌ پاره‌ی كوردستانیان ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ نه‌كردووه‌ وژیانی نه‌وه‌ له‌دوای نه‌وه‌یان دابین نه‌كردووه‌ ونه‌خستۆته‌ ده‌ست قه‌ده‌ر و هیڵێ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ هه‌مووشتێك داناوه‌ كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لدا ده‌بێت، كه‌س نه‌یوتووه‌ حساب بۆ به‌رژه‌وه‌ندی باڵا  ده‌كه‌ن و وه‌زعی كوردستاتنیان باش خۆیندۆته‌وه‌، كه‌س نه‌یوتووه‌ ئه‌مانه‌ لێی ده‌زانن و به‌ موو هه‌ڵه‌ ناكه‌ن، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ته‌نانه‌ت منداڵێكیش ئه‌و سیفه‌ته‌ زۆر نایابانه‌یان!! ده‌زانێت، به‌ڵام ده‌كرێت تۆ قسه‌ له‌سه‌ر شتێك بكه‌یت له‌ تایبه‌تمه‌ندی تۆ نیه‌ له‌ ئه‌ركی تۆ نیه‌ و به‌ڵكو ده‌كرێت خه‌لكی دیكه‌ بیقۆزێتوه‌ و زیاتر زه‌ره‌ر له‌ خۆت و میله‌تیش بده‌یت و ته‌نها مه‌به‌ستت به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌ كه‌سی و حزبی بێت؟ تۆهاورێه‌كی حزبیت و سه‌ربه‌خۆ نیت ده‌كرا شانت بدایه‌ته‌ به‌ر باری كوردستان ئه‌گه‌ر ململانێكه‌ی ئێره‌ت پێ باشتر به‌سودتره‌، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر ته‌كلیفی خۆت ناكه‌یت بۆ ئه‌وه‌ی زانیاری به‌ حزبه‌كه‌ت بده‌یت ئه‌وا ئه‌ندام په‌رله‌مان و وه‌زیر و گزیر و ده‌سه‌لاتی جۆراوجۆری حزبه‌كه‌ت و هاوڕێی خۆت لێره‌ زۆره‌  ده‌توانیت هه‌ر زانیاری ورایه‌كت هه‌بوبێت به‌وانی ببه‌خشیت و ئه‌وان رێگه‌ له‌و سه‌لبیاتانه‌ بگرن و له‌ ململانێی نێوخۆیی كوردستان بیخه‌نه‌ روو. 

 

30/04/2020



وتارەکانی تری نوسەر