له‌نیوان گه‌نده‌ڵی شاسوار و ده‌سه‌ڵاتی كوردستاندا

عیماد عەلی

كه‌س نیه‌ باوه‌ڕی به‌وه‌ نه‌بێت كه‌ شاسوار عه‌بدولواحید هه‌ر هیچ نه‌بێت فریودانی شه‌رعی له‌بۆندی رێكه‌وتنی پشه‌كه‌كانی چاڤیلاند كردووه‌ و غه‌دری له‌زۆر خه‌ڵك كردووه‌، به‌ تایبه‌تی خێزانی هه‌ژاری وا هه‌یه‌ كه‌ زێڕی ماڵ و منداڵی بۆ به‌شداری كردن له‌و پشكانه‌دا فرۆشتووه‌ . هه‌مووان ده‌زانن كه‌ له‌و كاته‌دا له‌مانگی هه‌نگوینی و سه‌رده‌می قازانجگۆڕكی بوو له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ده‌سه‌ڵاتی زۆنی سه‌وزی ئه‌و ده‌مه‌، بۆیه‌ له‌ ناو رێكخستن و راگه‌یاندنی ئه‌و كاته‌ی خۆیانه‌وه‌ پروپاگه‌نده‌ی پیاو چاكی و خواپه‌رستی وراستگۆییان بۆ ده‌كرد، به‌ڵام دواتر له‌به‌ر ناكۆكی سیاسی و ئابووری و یه‌كتربڕی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان دژایه‌تی یه‌كتریان كرد و دواتر بوون به‌دوژمنی یه‌كتر. ئه‌وه‌ی روونه‌ كه‌ خودی شاسوار خۆی به‌ ته‌نها راسپۆتین نیه‌ بتوانێت ئاوا ئه‌و فێڵانه‌ بكات و به‌به‌رزه‌كی بانانه‌وه‌ بۆی ده‌ربچێت و هیچ كه‌سێك نه‌توانێت دادگایی بكات، بۆیه،‌ ئاشكرایه‌ كه‌ ئه‌م كه‌ڵه‌گاییه‌ی ئه‌م سه‌رمایه‌داره‌ هه‌زار هۆكاری تێدایه‌ و به‌هێزترین بۆچون كه‌ خه‌ڵكی قسه‌ی له‌سه‌ر بكات ئه‌وه‌یه‌ كه‌  ده‌سترۆیشتووی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌م پیاوه‌دا خۆی مه‌ڵاس داوه‌ و پشتی گرتووه‌، بۆیه‌ وا به‌ بێمنه‌تی قسه‌ ده‌كات و باكی به‌ هیچ نیه‌. له‌ هه‌مان كاتدا له‌ كاتێكدا كه‌ حكومه‌ت نزیكه‌ له‌ ئیقلاسبوون، موچه‌ی موچه‌خۆران نادرێت ئه‌و پاره‌یه‌كی زۆری قه‌رزی حكومه‌تی لایه‌ و (كه‌سیش لێره‌ له‌م زۆنه‌) پێی ناڵێت به‌ری چاوت ئه‌برۆی پێوه‌یه‌. ئه‌وه‌ی  ئاشكراشه‌ كه‌ له‌م  زۆنه‌ كاری خۆی ده‌كات و هه‌موو كاره‌كانی ئه‌گه‌ر فرتوفێڵیش بێت له‌م ناوچه‌یه‌ جێبه‌جێ ده‌كات .

له‌ به‌رامبه‌ردا، ده‌سه‌ڵاتی كوردی، كه‌ به‌خۆی نغرۆی گه‌نده‌ڵیه‌ و نادادی و نا روونكاری وا یكردووه‌ كه‌ سه‌دان جار به‌قه‌د شاسوار پاره‌ی ئه‌م میله‌ته‌ی به‌ راسته‌وخۆ بێت یان ناراسته‌وخۆ به‌ فیڕۆ داوه‌ و ده‌یان گه‌نده‌ڵی ده‌سترۆیشتوو به‌ فتروفێڵی شه‌رعی و پاره‌سپیكردنه‌وه‌ و په‌یوه‌ندی ژێڕ به‌ژێڕ ده‌یان قات پاره‌ی زیاتر له‌م شاسواره خواردووه‌ و بووه‌ به‌ ملیۆنێر و ته‌نانه‌ت ملیاردێرێش به‌سه‌ر ئه‌م میله‌ته‌ داماوه‌ و كه‌سیش باسی ناكات.  ته‌نده‌ر و ته‌نده‌ده‌ر كاری  و هاوبه‌شی ده‌سه‌ڵات و مه‌قاوڵ و بازرگان و به‌فیڕۆ دان و ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی  پاره‌ی زه‌به‌لاح  و كڕینی موڵك و عه‌قار له‌لایه‌ن گه‌نده‌ڵكارانی ده‌سترۆیشوو و بازرگانان و خه‌ڵكانی ده‌ربار له‌ سه‌رجه‌م كونوقوشبنێكی جیهان شایه‌تی گه‌نده‌ڵیه‌كی نهێنی و ته‌نانه‌ت ئاشكرای زۆرن له‌م هه‌رێمه‌ بێ كه‌سه‌دا.

ئێستا كه‌ له‌م قه‌یرانه‌ داراییه‌دا وا حكومه‌ت نزیكی مایه‌پوچبوونه‌، تازه‌ ده‌سه‌ڵات خه‌ریكه‌ به‌دوای قه‌رزی كۆنه‌وه‌یه‌ و ئه‌وه‌ش به‌ رێگه‌ی ناعه‌داله‌تی و هاندانی خه‌ڵك و به‌كارهێنانی راگه‌یاندن و فشاری سیاسی  كه‌ به‌خۆی له‌به‌ر مه‌رامی سیاسی پێش دادپه‌روه‌ری ده‌رده‌كه‌ویت و تاك لایه‌نه‌  فشاری دروستی كردووه‌.  به‌ڵێ بێ متمانه‌یی وایكردووه‌ كه‌ هیچ كه‌س باوه‌ڕی به‌م حكومه‌ته‌ نه‌بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ راستیش له‌ هه‌وڵی سه‌پاندنی دادپه‌روه‌ریدا بێت و  له‌ كڕۆكی كاره‌كانی نیاز پاكیش بێت و مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه‌ی مافی خه‌ڵك بێت. 

بۆیه‌ خه‌ڵكی مافخوراو حه‌قی خۆیه‌تی به‌ دادپه‌روه‌رانه‌ مافی خۆی وه‌رگرێته‌وه‌ و غه‌دری لێنه‌كرێت و سزای فێلبازان بدرێت ، به‌ڵام كۆمه‌لێك پرسیار له‌مباره‌وه‌ ده‌كرێت و پێویسته‌ دسه‌ڵات به‌خۆی وه‌ڵامیان بداته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خاوه‌ن ماف متمانه‌ی پێبكات و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك باوه‌ڕی پێبكات كه‌ حكومه‌ت له‌ پێناو ئه‌و فشار ده‌كات و ئه‌وییش پشتگیری بكات:

* ئایا زوڵم و زۆری و غه‌در له‌ خه‌ڵك ته‌نها له‌ لایه‌ن شاسواره‌وه‌ روویداوه‌ و كه‌سێكی دیكه‌ نیه‌ له‌م كوردستانه‌ گه‌نده‌ڵكاریی زۆرتری له‌ شاسوار  كردبێت و به‌ ساخته‌چێتی و فرتو فێل پاره‌و مافی ئه‌م میله‌ته‌ی خواردبێت؟

*حكومه‌ت ده‌توانێت هۆكاری هه‌ڵتۆقینی  له‌ناكاوی ئه‌و هه‌موو ملیاردێره‌  بۆ خه‌ڵك باس بكات و بڵێت ئه‌مه‌ت له‌كوێ بوو، بۆ ئه‌وه‌ی ماتمانه‌ بۆ خۆی بگێڕێته‌وه‌؟

* ئه‌گه‌ر شاسوار ره‌خنه‌ی نه‌گرتایه‌ و خۆی به‌ ئۆپۆزسیۆن له‌قه‌ڵه‌م نه‌دایه‌ و را\گه‌یاندنه‌كه‌ی فزه‌ی لێ نه‌هاتبا، ده‌سه‌ڵات ئه‌و فشاره‌ی ده‌كرد؟

* بۆچی ده‌سه‌ڵات باسی سه‌رجه‌م گه‌نده‌ڵكاران له‌ زاخۆوه‌ بۆ خانه‌قین ناكات و ساخته‌چیه‌كان ده‌رناخات و ته‌نها و وه‌ك به‌ ئاشكرا دیاره‌ به‌مه‌به‌ستی سیاسی  باسی شاسوار به‌ ته‌نها ده‌كات؟

* بۆچی باس له‌و به‌رپرسه‌ ملیاردیڕانه‌ ناكات كه‌ به‌ فرتوفێڵی زه‌قی ئاشكرا و ته‌نها له‌به‌ر ده‌سه‌ڵاتی فراوانیان توانیویانه‌ له‌ رێگه‌ی ئیستغلیلال كردنی پۆسته‌كانیان ده‌وڵه‌مه‌ند بن ؟ 

* بۆچی كه‌سێك له‌و به‌رپرسانه‌؛ چی له‌كاتی پۆست وه‌رگرتن  یان له‌كاتی به‌رپرسیارێتی حزبی ئه‌ستۆپاكی خۆیان ده‌رناخه‌ن و كه‌س ناڵێت بۆچی ئه‌وه‌ ناكه‌ن و به‌ گه‌نده‌ڵیش حساب ناكرێن؟

* بۆچی ده‌سته‌ی ده‌ست پاكی هه‌رێم ده‌سته‌مۆ كراوه‌ و تا ئێستا هیچ رۆلێكی نیه‌ و خه‌ڵكی ملكه‌چ به‌ڕێوه‌ی ده‌بات و گومان له‌ خودی خۆشیان هه‌یه‌؟

بۆیه‌، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی كوردستان ده‌یه‌وێت خه‌ڵك متمانه‌ی پێ بكات و حه‌قوحقوقی خه‌ڵك وه‌ربگرێته‌وه‌، با به‌یه‌كه‌وه‌ و به‌یه‌ك پاكێج پشتخانی چۆنێتی هه‌ڵتۆقینی سه‌رجه‌م ملیاردێره‌ تازه‌كان به‌ خاوه‌ن پۆسته‌ باڵا حكومه‌ی و حزبیه‌كلنیشه‌وه‌ ئاشكرا بكات، ئه‌وسا میله‌ت باوه‌ڕی پێده‌كات و فشاره‌كانی حكومه‌ت له‌سه‌ر شاسوار ته‌نها به‌ مه‌به‌ست و ئامانجی سیاسی نازانێت  و له‌وباوه‌ڕه‌دا ده‌بێت كه‌ سبه‌ینی راگه‌یاندنه‌كه‌ی شاسوار بكه‌وێت به‌شانوباڵا هه‌ڵدانی ده‌سه‌ڵات، هه‌مان ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ شاسواری لێ نابێت به‌ حه‌زره‌تی مه‌سیح و  به‌ ده‌ست و داوێن پاك و نه‌زیه له‌قه‌ڵه‌م نادرێت، به‌هه‌مان شێوه‌ی خه‌ڵكی تری ده‌سترۆیشتووی خاوه‌ن بڕیاری گه‌نده‌ڵ. 

 

23/06/2020



وتارەکانی تری نوسەر