کەرتی تایبەت یا کەرتی ئازیزان

دلاوەر سۆفی


لە دوای داڕمانی ئابوری ئەو وڵاتانەی سەربە بلۆکی ئیشتراکیەت بون، دەرکەوت کە هێشتا زوە بۆ مرۆڤایەتی کە بتوانێت فەلسەفەکەی مارکس پیادە بکات، لەبەر تاکە هۆکارێکی سادە و ساکار ئەویش ئەوەبو کە لەو ڕۆژگارەدا(شۆڕشی ئۆکتۆبەر) نەتوانرابو ئاستی ڕۆشنبیری تاکەکانی کۆمەڵگای ڕوسی بەجۆرێک خەمڵێنرابێ کە هەموان خۆ بەخاوەنی وڵاتو دامودەزگاکانی بەرهەم هێنان بزانن، وە هەمان پەتا گشت ئەو وڵاتانەشی گرتەوە کە بون بە موریدی ئەو تەریقەتە ، سەری گڵۆڵەی باسەکەی ئێمە ئەوەیە بڵێین ، ئەو سیستەمانە بەناچاری ملیان دا کە ڕوبکەنە کەرتی تایبەت ، کە لە هەندێک لەو وڵاتانەدا گەندەڵی بەیاسایی کراو لەهەندێکیشیانا کەمێک سڵاویان دایەوە بوە هۆی هەڵتۆقینی جۆرەها دەوڵەمەند ، دامەزراندنی چەندین باندی مافیایی بۆ هەڵلوشینی سامانی گشتی ، لەپاڵ ئەمەدا تاڕادەیەک ، هەڵی کار گۆڕانی بەسەرداهات ،هەروەها ئاستی بژێویش تاکیش ، هاوتەریب چینایەتی دەرکەوتەوە چێنێکی ‌هێجگار باڵا سەری هەڵدا چینێکی زۆر هەژاریش دەرکەوت .هەروەها هەندێ سەرچاوە باس لەوە ئەکەن کە ڕوسیا لە لێڤڵی یەکەمدایە لە گەندەڵی تایبەت سازیدا ، بەڵام وڵاتە سەرمایەدارەکان ئەو تایبەتسازیەیان بەجۆرێک بەرجەستەکرد کە دوای لێکۆڵینەوەی زانستی وە پەنابردنە بەر چەندین پسپۆرو ئەکادیمی ، هەر بۆیە وڵاتەکانی وەک بەریتانیا و ئەڵمانیا وە فەرەنسا ئەزمونی سەرکەوتویان هەیە .


دوای ئەم چەند نمونەیە بابێینە سەر ئەزمونی کوردستان کە ڕەنگە ڕوسیا لە چاو ئێمەدا جێگەی تەوافوزیارەت بێت ، پاش گۆڕبەگۆڕ بونی ڕژێمەکەی عۆجە ، دیارە بەپێی یاساو عورفیش بێت هەمو ئەو دامەزراوە و کارگەو سامانی ژێر زەوی سەرزەویانە موڵکی گشتین ، بەخودی حکومەتیشەوە ،ئەبنە میراتی گەل، دەسەڵاتی نوێ وەک ئەمانەت لێیبەرپرسە ،لەکاتی گۆڕێنیان یاخود هەڵوەشاندنەوەیان یاخود فرۆشتنیان پێویستە ، پەیرەوی ئەویاساو ڕێنماییانە بکرێت کە پەیوەستن بەو پرسەوە ، خۆ ئەگەر بگەڕیینەوە بۆ یاساکانی عێراق ئەوا ئەبینین کە هەمو ئەو پرسانە بە یاسا ڕێکخراون ، بەڵام لێرە وەک میراتی وەجاغکوێردابەش کراو قۆزرایەوە بۆ ئازیزان و کەسوکاری بەر پرسان، شارەزا پەیدا کرا ، لە گشت بوارەکانی هونەریو یاساییو بەڕێوەبردندا ، تا حەرام حەڵال بکرێ، دور لە چاوی ڕەقیبو میلەت کرا بە موڵکی تایبەت ،چەندین دەوڵەمەندی تازە هەڵتۆقی ، ئەگەر بە دۆسیەی هەندێک لەو دامەزراوەو کارگانەدا بچێنەوە ، ڕەنگە یاساو ڕێنمایی و عەقل تیایاندا سەرگەردان ببێت ، یاخود دۆسیەکان بابردبنی، بۆ نمونە کام لەو کارگەو دامەزراوانە بە پێێ یاسا و ڕێمنایی خراونەتە مەزاتەوە کامیان لە ڕۆژنامەیەکدا ڕێکلامی فرۆشتنو تایبەت سازیەکەی بڵاو بوەتەوە ، ئایا خەمڵاندن بۆهیچ کام لەم کارگەو پرۆژانە کرا و دە دەرزەن پرسیاری تریشئەمە سیحری ئەو تایبەتسازیە بو کە لە هەسارەی کوردستاندا موڵکی گشتی تیا فتکرا ، یاخود وەبەرهێنانی کوردوستان لەکام سوچی ئەم دنیایەدا لە ئێمە ئەچێت ؟ زەوی بدرێت بەوەبەرهێن بە بەلاش یا بە نرخی تۆڵەکە، قەرزی سەد ملیۆنە دۆلاریش عەوازەکەی بێت ، پرۆژەکانیشیان بفرۆشنەوە بە هاووڵاتیان بە دۆلاری ڕەقو کاش ، پرۆژەکەش لە ڕەهنی قەرزی کاکی وەبەرهێندا بێت ، قەرزەکەش قەرزی بێنەو نیە بێت ، ئەمەو هەزار گەندەڵی تریش ، لێرەدا رەنگە میلەت مافی ئەوەی هەبێت پرسیارێ بکات ئەرێ ئێمە گەندەڵ ترین یا ڕوسیاکەی پۆتینە فەنی ، بۆ ئەوان ئەتوانین بڵێین دە مارکس گۆڕ هەڵتەکێنە ، ئەی بۆ ئەم خەراباتەی لەمەڕ خۆمان بڵێین چی ؟


27/08/2016



وتارەکانی تری نوسەر