حاجیەکانی لاسڤێگاس

دلاوەر سۆفی

لەو ڕۆژەوە مرۆڤ سنگی دایک بەر ئەداو زمانی ئەپژی ئەبێتە بونەوەرێک کە بەردەوام داوا و داخوازی هەیە ، ئیتر  داواکاریەکانی لە دایکو باوکەوە دەستپێئەکات بۆ دەورو پشت ، تا ئەگاتە خواوەندەکان ، بۆیە  بەپێی ئاین و ئەو ژینگەیەی تیا پێئەگات خوا و خواوەند بۆ خۆی هەڵئەبژێ ، ئەیان پەرستێ لە بەرامبەرێشدا داوای لە خواکان هەیە . ئاینەکانو پەیامبەرانیش جۆرەها ئەرکو نوێژو فەرزو سونەتو ... تاد لەو ئەرکە ئاینیانەیان کردوەتە پەیرەو بۆ موریدو ئەوانەی باوەڕداری ئاینەکەیانن ، لە زۆرێک لە ئاینەکاندا یەکێک لە ئەرکەکانی خاوەن باوەڕ (حەج) ە هەرچەندە حەج لە ئاینی ئیسلامدا  فەرزە بەڵام وا ڕێکخراوە کە ئەو باوەڕدارانەی ئەو ئەرکە بەجێئەگەیەنن ئەبێت توانای دارییان هەبێت ،بەڵام لە سەدەی بیستەمدا بە هۆی ئاسانی هۆکارەکانی گواستنەوەوە زۆرێک لە موسوڵمانان ئەم ئەرکە جێبەجێ ئەکەن ،هەندێ جار  خەڵکی کەمتواناش  ئەو ئەرکە بەجێ ئەگەیەنی یاخود ئەگەر لەوادەی دیاریکراودا نەبێتو نەتوانێت ئەوا ڕێو شوێنی تری بۆ ئەگیرێتە بەر، وە ک ئەوەی لە ئاینی ئیسلامدا (عەمرە ) دروست بو بەتایبەتی لەم ڕٶژگارەدا کە شێوەی دیاردەی وەرگرتوە ، هەروەها لە ئاینی مەسیحدا چەند جۆرێک لە و فەرزانە هەیە وەک سەردانی (کەنیسەی قیامەت) و (کەنیسەی مەهد) کە شێوەی حەجیان وەرگرتوە ، لە ئاینی جولەکەشدا حەج هەیە کە سەردانی دیواری پیرۆزە لە تەلئەبیب ، یا حەج لە تونس لە (کەنشتەی غەریبە) ،هەرچەندە بەپێی هەندێ لێکدانەوە حەج جۆرێک لە یارمەتیدان بوە بۆ دانیشتوانی دەورو بەری ئەوجێگایانەی کەلای باوەڕ دارانی ئاینەکان پیرۆزیان هەیە ، تاوەکو لە جێبەجێکردنی ئەرکی حەجدا حاجیان پارە خەرجبکەن وە خێرو قوربانی بکەن و بەسەر خەڵکی ئەو ناوەدا بیبەخشنەوە ، بەڵام ئەوەی مەبەستی ئێمەیە کە ئەمڕۆ سەدەی بیستو یەکە،ئەو وڵاتانەی ئەو مەزارگایانەیان تێکەوتوە خاوەنی گەورەترین سامانی نەوتی جیهانن بەتایبەت وڵاتی سعودیە کە بەهۆی سامانی نەوتەوە یاری بە ئابوری جیهان ئەکا ،هەروەها دەست وەردانە کاروباری زۆرێک لە وڵاتانی تریش ،ئەوی ڕونیشە دەسەڵات دارانی ئەو دەوڵەتانە خاوەندارێتی پیرۆزیەکانیشیان ڕاگەیاندوە ،بۆ خەڵەتاندنی ئاین پەروەرانیش خۆیان بە خزمەتکارو مجەوری ئەو پەرستگاو مزگەوتانە لە قەڵەم ئەدەن ، سەیرەکە لەوەدایە ئەو دەسەڵاتدارو شاو شازادانە سودمەندی یەکەمن لەوخێروبێرەی ئاین پەروەران ئەیبەنە وڵاتەکەیانەوە ،  کە ڕەنگە داهاتێک بێت لە داهاتی نەوت زیاتر بێت وە ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان نەوت کۆتایی بێت یا وزەیەکی تر جێگەی بگرێتەوە ، ئەوا حەج نەکۆتایی هەیەو نە هیچ شوێنێکی تر ئەبێتە قیبلەو نەزرگا و پیرۆز ئەکرێت .واتە ئەوان میراتگری سەرەکین بێئەوەی لە ناخدا خۆیان هیچ ڕیزێکیان هەبێت بۆ ئەو پیرۆزیانە . بگرە باوەڕیشیان پێی نیە ، بەڵام ئامادەن حەجو عەمرەکانیان بەرنە لاسڤێگاس کە گەورەترین سەنتەرە لە سەرزەی بۆ قومار وە لەوێ تەواف بکەن
 ئەو بەناو خزمەتکارانە ، کاتێک سەرزەمینی پیرۆز جێئەهێڵن ڕوئەکەنە ئەوروپاو ئەمریکا و لە قومارخانەکانی مۆنتیکارلۆو لاسڤێگاس ئەگیرسێنەوە ، هەمو پیرۆزیەکان لایان ئەبێتە چەند فیشێکی قومار یاخود پێکێکی ساردوتەزیو کە خانمێکی چاوکاڵ ئەیداتە دەستیان ونۆشی ئەکەن ، ئەمەیان نە ئیشی ئێمەیە و نە مافی ئێمەشە قسە لەسەر ئازادی هیچ کەسێک بکەین ، بەڵام ئەوەی پێویستە بوترێ وە بە بیری ئیمانداران بهێنریتەوە بۆ ئەوەی باش بزانن کە ئەو  پارەیەی کە ئەیبەن و لەو دەڤەرانەدا خەرجی ئەکەن ، بەو نیازەی بەهەشت مسۆگەر بکەن ، شازادەکان ئەو بەهەشتەیان  گۆڕیوەتەوە بە بەهەشتەکەی داونتاون لە لاسڤێگاس ، کەواتە جێی خۆیەتی بڵێین کە ئەوان وابن ئیتر لەسەر ئیمانداران پێوێستە بزانن کە ڕێگای تریش هەیە بۆ بەهەشت ، ئەوێش بە دروست کردنی پرۆژەی خێرخوازی لە وڵاتەکەی خۆماندا وەک دروست کردنی قوتابخانەو نەخۆشخانەو چەندان هەنگاو بۆ کاری خێری تر ، هەروەها رەنگە دروست بێ موفتیەکان پلانو پرۆژەی خێرخوازی بۆ ئیمانداران بخەنە ڕو بۆ نمونە چی ئەبێت ئەگەر ڕێکخراوێک هەبێت بۆ یارمەتی دانی ئەو قوتابیانەی توانای داراییان نیە بەردوام بن لە خوێندن ، یاخود  کۆمەکی ئەو نەخۆشانە بکەن کە قەتیس ماون بەدەست خۆیانەوە ،  ڕەنگە مافی ئەوە بە خۆمان بدەین ئەو پەندە کوردیە بە بیر هەموان بهێنینەوە کە ئەڵێت (تا ماڵ وەستابێت مزگەوت حەرامە ) ، تا برایانی ئازیز بزانن لەم سەر زەمینەی خۆشمان خێر ئەکرێت ڕەنگە هەندی خێر هەبێت نەک بە‌ حەجێک بگرە بەدو حەجو سیانیش قبوڵ بێت .   


07/11/2016



وتارەکانی تری نوسەر