لە ڕاپەڕینە مەزنەکەوە بیستوپێنچ ساڵ تێپەڕیوە و چاوەڕێین کارەبا بێتەوە چاوەڕێین غاز بە بۆری بێتە ماڵەکانمانەوە،چاوەڕێن خەڵوزی بەرد بێتە بەرهەمو خۆمانی پێگەرم کەینەوە ، چاوەڕێین بێکاری کەم ببێتەوە هەمووئەم چاوڕوانیانەمان لە و شەمەندەفەرە بارکرد کە چاوەڕێبوین بگاتە سلێمانی ، چاومان ڕوا سەبرمان سوا ،پردی تەحەمول پچڕا ،لەدوای کۆڕەوەکەوە پێشبڕکێبو لە نێوان حیزبە کوردستانیەکاندا ، کێ زوتر دەستی بگاتە جەنابی دیکتاتۆر وپاڵەوانەکانی ئەنفال تا لای سەرو دانیشێ دەست لەملان بە و دیدارە شەرەفمەندبێ ، کاتێکێش بەغدا بە حسابوکتابی خۆیدا چوەوە، ئیدارەی لە کوردستان کێشایەوە ، خەڵكی کوردستان شانیان دایە بەر بارگرانی ژیانو بەڕێکردنی ئەو قۆناغە سەختە ، سەربەرزانە دروشمی ( سەری بەرزبۆ موچە نەوی ناکەین )یان بەرزکردەوە ، لەودەمەدا خەڵک حیزبەکانی بە پەیامبەرو فریشتە ئەزانی !هێشتا دەرنەکەوتبو کێنو چین؟ خەڵک بێئاگا بو لەوەی ئەوان خەریکی تاڵان کردنو ئاودیو کردنی وڵاتو دابەشکردنی داهاتی گومرگەکان بون ، هەرچیان پێکرا کردیان لە گیرفان پڕکردنو وڵات کاول کردن ، تا کار گەیشتە ئەوەی لەسەر بەشە تاڵانی ڕێک نەکەوتن ، شەڕی نەگریسی ناخۆیان دامەزراندو چەند هەزار گەنجێکی بێگوناهیان کردە قوربانی پۆستو پارەو بنەمالەکانی خۆیان ، کوردستان بوبە دوو میرنشین، هەرکەس بۆ خۆی ، کێ قارەمانە زۆرتر و زوتر دەوڵەمەند ببێت ، کاتێکیش لە بەرژەوەندی ئەمەریکا نەبو شەڕی براکوژی بەردەوام بێت بە چاو لێسورکردنەوەیەک بەیەک تەقەڵ بەیەکا دایدرونەوە .لێرەوە خەڵک وردە وردە مەعدەنەکەیانی ناسی، زانی چعەیارێکن .
سەیرەکە لەوەدابووسەرکردەکان بێشەرمانە باسیان لە ئەستۆپاکی خۆیان ئەکردو ، میلەتیان تاوانبار ئەکرد وەک ئەوەی ئەمان نەبوبن فەرمانیان دابێ یەکتری داپاچن ،گوایە ئەوان فریشتەن لە ئاوی شەو پاکتر بون، بەدەست میلەتەوە گیریان خواردوە ! ئەوان ئاگادارنەبون کە کولێرەیەک ئەبوایە ئاردەکەی لە زۆنی زەرد دوجار گومرگ بکرایە و لە زۆنی سەوزیش بە هەمان شێوە ، ئەوەی دور لە هەواداریو ماستاوی حیزبایەتی چاوێک بەو مێژوە پڕ لە شەرمەزاریدا بخشێنێتەوە ئەتوانێت ئەو ڕاستیانە بدۆزێتەوە کە دو کەرت کردنی وڵاتو دوئێدارەیی لە بەرژەوەندی هەردو دەسەڵاتدا بوە ، هەموو حەرامەکان حەڵاڵ کران ، تاوانبار کرایە دادوەر ، قوربانی کرایە تاوانبار پەلکێشکردنی سوپای بێگانە شەرمی تیا نەما ، سەرسەختترین دوژمن کرایە برابەش ، وڵاتی تەسلیم کرا، میلەتیش کام کێو بەرزە بابیگرێ .
پاش مێژویەک لە تاڵان کردنو نا عەدالەتی، حیزبی کوردیو حکومەتی کوردی، لە دوژمنەکان کەمتریان پێنەکردین ، کاتێک پەلکێش کردنی سوپای بەعس ناونرا خاڵی وەرچەرخان، بەرامبەرەکەش دوانەکەوت لەپەنابردن بۆ دوژمنێکی کە ، ئیتر هیچ بەهایەک نەما بۆنیشتمان !بۆ میلەت! بۆ هیچ پیرۆزیەک کە ئەم خەڵکە قوربانی بۆ داوە ! جگە لەتاڵانوبڕۆی سامانی گشتی ، یاسا بوبە پارەیەکی قەڵب کە لە هیچ بازاڕێکدا ڕەواجی نەما، بو بەو ئاشەی بە ئاو و ئارەزوی دەسەڵاتداران ئەگەڕێ ،ناشەرعی بەشەرعی ئەڵێت کشمەلیک، حیزب لەم مەملەکەتەدا بوە بە کۆمپانیای بازرگانی و بزنس ، گرنگ ترین سێکتەر کە بە دەستی ئەنقەست سوکو ڕسوا کرا،پەروەردە و زانکۆکان و دامەزراوە عیلمیەکان بو، لەو ڕۆژەوە کە قبوڵ خاس هاتەکایەوە زانکۆو کۆلێجەکان ئاخنران بە کەسانێک کە لە قۆناغەکانی ئامادەییدا لە تەلەبە تەمەڵو فاشیلەکان بون ،بڕوانامەی دوکتۆراو ماجستێر بێ بەهاکرا دەیانو سەدان کەس بون بە هەڵگری ئەو جۆرە بڕوانامە فەلو تەزویرانە ،دەیانو سەدان کۆمپانیای وەهـمی و چەندین فێڵو تەڵەکەبازی بۆ قۆرغکردنی بازاڕ، چەندین تازە دەوڵەمەد وەک قارچک هەڵتۆقینران، بێ گرنگیدان بە باگراوندەکانیان ! داگیر کردنی هەمو جومگەکانی کاروبازرگانی بازاڕی تەنیەوە ، ئەمە مشتێکە لەو خەرمانە گەندەلیەی هەموان باسی ئەکەن، مناڵی قۆناغی سەرەتایی! هەرزەکاران! کرێکاران !کەسانی پلە باڵاش لە حیزبوحکومەت سەرباریبێ ، بەیەک دەنگو بە کۆرس ئەلێن ( گەندەڵی) ،بەکوردی لەهەموو کۆڕو کۆبونەویەکدا ، لە هەمو جێگایەکدا ، باس باسی گەندەڵیە ، بەڵام لە هەموی سەیرو سەمەرەتر ئەوەیە بەرپرسانو سەرکردەکانو قسەکەرە بێشەرمەکانیان دەمیان لەڕەشەخەڵکەکە گەرمترە باسی گەندەڵی و ناعەدالەتیو قەڵبوقولاپیەکانی ئەم وڵاتو دەسەڵاتە ئەکەن،تا گەندەڵی بوە پەتایەک لە پەتای تاعون ترسناکتر، هەموو وڵاتی گرتەوە بەڵام دەسەڵات وای دەرئەخات کە ئەوان فریشتەی ئاسمانن و دورن لەو درمو پەتایە ،وەک ئەوەی ئەم میلەتەی ئەوان فەرمانڕەوایی ئەکەن میلەتێکی نمەک بەحەرامن و نازانن ڕەعیەت بن ، ئەگینا دەسەڵاتو حوکمڕانی ماڵێکی بێعەیبە !
ڕوقایمیەکەیان گەشتۆتە ئاستێک بۆ هەمو کەتنێک کە لە دەستیان ئەقەومێ وەڵام ئەدەنەوە، پاساوی بۆ ئەهێننەوە بە مەرجێک هەندێ جار لوتیان ئەتەقێ بەو پەندەدا کە ئەڵێ ( عوزر لە قەباحەت خراپترە) جونکە زۆرێک لە پاساوەکان جێگەی پێکەنینو گاڵتەجاڕین ، بۆ نمونە پۆلێ نەخۆش چاویان ئەبێت بە قەزاوەگێڕی مافیایەکی دەرمان ، بەڵام وەزارەتی پەیوەندیدار بە دەمێکی گەرمەوە پاساوی بێسەروبەرەی زۆر بەسەر خەڵکدا پەخش ئەکات ، بەدەیان پرۆژەی وەهمی کەشف ئەکرێت پارەکەی فتکراوە ، نەوەزیرێ نە گزیرێ نە بەرپرسێ فزەی لێوە نایەت ، چەندین لیست لە میدیاوە بڵاو ئەبێتەوە کە بەسەدان ناوی موچەخۆری بندیوارو بەرسێبەری تیایە و لەوەش نەهامەتی تر ئەوەیە زۆرێکیان بڕوا نامەکانی کە پێی دامەزراون ساختەیە ، نەماندی وەزیرێ جێگری وەزیرێ شتێ بڵێ یا خوانەخواستە توڕە ببێ یا خۆی سەغڵەتکا،یا لە پیلکەی دەرچێو قەزاوبەڵادور ئیستیقالەیە بفەرموێ، یا کاتێ وەزارەتی سامانە تایبەتەکان ببورن سامانە سروشتیاکان چەندین بەڵێنی قەبەو پانمان ئەداتێ تا لا ئەکەینەوە قازانج سەری مایە ئەخوات، داری سواڵ ئەداتە دەست مەردمەکە ، کەس نیە بڵی ئەفەنم بەری چاوتان کلی پێوەیە ، ئەوەی لە سەرخاکی ئەم نیشتمانە ئەگوزەری ناڵێم لە وڵاتە پێشکەوتوەکاندا بەڵکو لە وڵاتانی جێهانی سێهەمیشدا ڕوبدات رەنگە نەک بەرپرسو وەزیر بگرە حکومەتیش دەستی لە کارئەکێشایەوە ، لەوڵاتی خواپێداوا بۆ بومەلەرزەیەک یالافاوێک، کە وەزارەتی پەیوەندیدار توانای بەسەر کێشەکەدا نەشكی ئەوا ماڵ ئاوایی ئەکات، هەرلە تەموزی ئەمساڵدا بو دیڤد کامیرۆنی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیای عوزما حکومەتی بەجێهێشت لەبەر ئەوەی ئەو پێشنیاری کردبو ڕیفراندۆم بکەن ، لە پرۆسەکەدا سەرنەکەوت ،لە هەفتەی ڕابوردودا سەرەک وەزیرانی ئیتالیا لەبەر ئەوەی لەڕیفراندۆمەکەدا موەفەق نەبوو دەستی لە کار کێشایەوە ، هەر لە هەمان ڕۆژدا بو سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا لەسەر داوی هاوسەرەکەی داوای لێبوردنی کردو ماڵ ئاوایی لە دەسەڵات کرد، لێرەش هەرکەس دەستی لە کورسیە شکاوێ گیربێ ئیتر ئازیزان بەخێر بە حوکمەت خۆشی لاناچێ ، هەر کورسیەکەی خۆیو جانتاکەی سەلامەت بێت، میلەت بەجەهەنەم ،لەنیوزلەندا خانمی وەک خانمەکەی سەرەک وەزیران هەیە! لێرەش نەک ژنی ئەسڵی بگرە ژنە نهێنیەکانیش لەسەر داهاتی ئەم وڵاتە بون بە ملێونێر بۆ قژبڕینێک ئەچن بۆ کان لە فەرەنسا ،یا لەمەڕ ئێمە تازە بەتازە نە هەر سەرۆکایەتیەکان بگرە بەرپرسە سیاسیەکانیش پۆستەکانیان کردوەتە میراتیو ئەیبەخشنە کوڕوکچو نەوەکانیان، ئێستا کاتی ئەوە هاتوە بپرسین کاتێک سوپای وڵاتێک کە بەدرێژایی مێژو و تا ئەمڕۆش نکولی لە بونمان ئەکات دێتە سەر عەرزمان ، کام وزیر لەحکومەتەکەی ئێمە وتی لەل ؟ کاتێک خەوبینین لە گەنجێکی ئەم وڵاتە حەرام ئەکرێت کام وەزیر توڕە بو ؟ قەڵەم تیرۆکرا! ئاین ڕێزی لێ ناگیرێ! ژن کوشتن ڕێژەیەکی ڕەزاقورس تۆمار ئەکات! ئازادی نەک بەرتەسک ئەکرێتەوە بەڵکو بەرەو قۆناغی یاساغ کردن ئەبرێ ، ڕۆژێک بەغدا دوژمنە و ڕۆژێک برا! کام بەرپرسی حکومەت دەستی بەرزکردەوە بڵی وانیە یا وانابێ؟ کێشەی ئەمڕۆ موچەو بژێویە ، بەڕێز وەزیری پەروەردە دیتە سەر شاشە و ئەفەرموێ لە فڵان ڕۆژەوە دەوامی فەرمیە دەرگای قوتابخانەکان ئەکرێنەوە ، بۆیە تا مافی پرسیار کردنیشمان لێ زەوت نەکراوە با بپرسین ؟ کاتێک ئەمرتان فەرمو فڵان ڕۆژ دەرگای قوتابخانەکان با بکرێنەوە ، لە یادتان چوبو بوو زلحیزبکەی بەڕێزتان بەخوێندنگە ئەڵێت قوتابخانە ؟لە دەڤەری سلێمانیش ئەهلی خوێندنگە دەسەڵاتدارن، تا ئێستە ئەو دو زلحیزبەی دەسەڵات بە میراتی ئەزەلی ئەزانن لەسەر وشەی خوێندکارو قوتابی ڕێک نەکەوتون ، ئەی نەتان پرسی مامۆستا چۆن بەچارەکە موچەو بە چوار مانگ جارێ ئەژی؟ گەورەم نان زەرورە بۆ مرۆڤ ،یا کاتێک فەرموتان هەر مامۆستایەک لە سەرەتای مانگی دوانزەوە دەوامی نەکردبێ ئەوا بە غیاب بۆی هەژمار ئەکرێت ،یا ئەفەرمون بایکۆت خەڵکی لە پشتەوەیە ، بۆ ئێوە موچەتان داوە وئەو خەڵکەی پشتەوە فڕاندویانە ؟ گەورەم خەڵک برسیەتی ، بیستوشمانە برسێتی رەگی هاری بەدەمەوەیە ،جا خوبکا برسیەکان لێتان هار نەبن ، ئەی بۆ بە مامۆستایان ناڵێی برسیتان نەبێ، و سەرماتان نەبێو، نەخۆشیش مەکەون، تا ئەم دەسەڵاتە تێر ئەخواو شتێکی لێزیاد ئەبێت بۆ ئێوە ، نەنگی لەوە نەنگی تر ئەبێت چیبێت ڕیکخراوی خێر خوازی خێر بە میلەتێک بکا لەسەر دەریایەک نەوت بێت ، ئایا ئەو ئەنجومەنی وەزیرانەی بەڕێزیشتان جانتای پەوەردەکەیتان ناوەتە بن هەنگڵ، باجی کەم کردوەتەوە ؟ ئایا نەوتی سپی بۆ خۆ گەرم کردنەوە نرخی لە بازاردا چەندە ؟ بەداوای لێبوردنەوە تکایە ئاگاداربن مەبەستمان نەوتەکەی بەڕێز هەورامی نیە بە هەڵە تێمان مەگەن چونکە دەستمان لەوەیان شتوە ، ئایا ڕسوماتی معامەلاتی هاوڵاتیان هەڵگیراوە؟ باسی نرخی گۆشت ناکەین، ئایا نرخی کارەبا بە نەبونیشەوە بوە بە چارەک ، ئایا بانکەکان لەسەر قیستەکانی خانوبەرەو هاوسەرگیری ئەوەستن یا لێمان خۆش ئەبن ؟ یا حکومەتەکەتان بە ڕبە لێمان ئەکڕێ بە هۆقە پێمان ئەفرۆشێتەوە ،تەنها خەیاڵتان لای خۆتانە چۆن خۆتان پێبگەیەنن ،مەبەستمان لایەنی داراییە نەک زانستی، گەورەم نەبەتەنها بەڕێزتان بەڵکو سەرجەم کابینەکەتان لە خۆتان بپرسن؟ پاش بڕینی قوتی خەڵک چی ماوە بیبڕن؟ گەردن ؟ ئێمە نازانین لە بچوکترتن بەرپرسەوە تا گەورەترینتان چۆن ڕێگە بەخۆتان ئەدەن؟ داوا لە فەرمانبەران بکەن فەرمانەکانتان جێبەجێ بكات لە کامسەر زەمیندا بەسکی برسیو گیرفانی خاڵی وماڵی ساردوسڕەوە دەوام کراوە لەکاتێکدا کە هەموو میلەت ئاگادارە چی ئەگوزەرێ ؟ خۆتان لەچ نازو نیعمەتێکدان ،ئایا مناڵی وەزیرەکان خوێندکارن ؟ یا قوتابین ؟ یا لەکام وڵات لە کام های سکوڵدا ئەخوێنن، یا چۆن وڵات تاڵانو هەرزانفرۆش ئەکرێ ؟ نازانین ئەوانەی دێنە سەر شاشەی تی ڤی یەکان لە هەر ئاستو پلەو پایەیەکدابن، چۆن ڕویان دێت داوا لە میلەتێک بکەن کاریان بۆ بۆ بکات کە خۆیان بە ئەنقەست سزای ئەدەنو برسی ئەکەن ؟یاخود لە لەندەنەوە لە پانێلی تاڵانی نەوتو غازی هەریـمدا بانگی ئەوە ئەدەن بەگوێماندا گوایە حکومەتی هەرێم پیلانی هەیە ببورن پلانی هەیە خەرجی کەم بکاتەوە و داهات زیاد بکات بەڵام چۆن پلانێک ، قوربان لەسەر شانو ملی ئەم خەڵکەی حکومەتەکەی وەک مۆتەکە سواری شانی بوە ، برادەرینە خەڵک لەوە وشیار ترە لەوەی بە هەمو دوعایەکتان بڵێ ئامین ، ئەبێت ئەو ڕوە لەو ڕوە قایم تر بێت کەشێخێ هەجوبێژ (شێخ ڕەزای تاڵەبانی ) لەیەكێک لە بەیتە هەجو تەبعەکانیدا ئەڵێ ( چەرمی ڕوی هێند قایمە شمشێری میسری نایبڕی .... گەر بەکەوشی کەی دەمێنێ تا قیامەت نادڕێ ) شێخ سەدو بیست ساڵێ پێش ئێستا وای فەرموە ، تۆ بڵێ گەر سەرێ لە گۆڕەکەی دەربێنێو ، بۆ چەند ساتی سەیری تی ڤی یەکانی ئەم هەرێمە بکات گوێێ لە جڤینتان بێت، چاوێ بەئەحواڵی مەملەکەتا بگێڕێ چیمان پێبڵێ ؟