نامەیەکی سەر ئاوەڵا بۆ بەڕێز وەزیری تەندروستی

دلاوەر سۆفی

لە زیاتر لە دەساڵ پێش ئێستاوە بەندە لە ڕێگای ماڵپەڕی ( سپی ) و ڕۆژنامەی ئاوێنەو چەند ڕۆژنامەو پێگەی ئەلەکترۆنی ترەوە بۆ  چەند جارێک لە دەرگای وەزارەتەکەتان ئەدەم، بەڵام مەخابن نازانم کەس لە ماڵ نەبوە یا  ئەو ڕۆژانە میوانیان قبوڵ نەئەکرد ، وا ئەمجارەش دێینەوە بەو هیوایەی ئەم جارەیان بێ هێوا نەبین .

بەڕێز جەنابی وەزیر : لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵەوە پەتاو بەڵای کۆرۆنا بەرۆکی سەرجەم دنیاو مرۆڤایەتی گرتوە ، کوردیش بەدەر نیەو ئێمەش دانیشتوی ئەم هەسارەیەن ، هەر بە گەیشتنی شەپۆلی پەتاکە بۆ دەڤەرەکەمان ، بەڕێزتان لە شاشەی (تی ڤی)ە کانەوە  ئەبینران کە چالاکانە بە ئەرکەکانتان هەڵئەسان ، هەروەها لە ئامۆژگاریو ڕێنماییەکانتان ئاگادار بوین جێگەی سوپاسە ، ئەوەی جێ سەرسوڕمانە  وەزارەتەکەی بەڕێزتان لە ڕێنماییەکانتاندا فەرمانتاندا کە زۆر شوینو جێگەی گشیتی دابخەن ، لە وانە هۆڵی گشتیو پرسەو مزگەتو یانەو گەلێ شوێنی تر ، کاتێکیش فەرمانی کردنەوەیتاندا مەرجو ڕێنماییتان سەپاند وەک بەکارهێنانی دەمامک ، دەستکێش ، دەست شتن ، بەکارهێنانی پاکژکەرەوەکان ( معقم) گەلێک ڕێنماییتر ، کە شایەنی دەستخۆشیە . 

بەڵام دیاردەیەک ئەبینرێت کە  زۆر ترسناکە  ، ئەویش نازانرێت ، بە مەبەستە یا هۆکارێکی تری هەیە کەوا چاوپۆشیان لێئەکرێت ، یا خاترانەیە ، ئەوا بە مەجبوری ئەیخەینە بەر دیدی بەڕێزتان ، بزوێنەرەکەشی ترسی کۆرۆنا ڤایرۆسە ، کە دڵنیام ئەگەر کۆرۆناش نەبێت پێوستیەکی هەنوکەییە کە پێدا چونەوەو چاودێریەکی چڕ بکرێت ، ئەویش نەخۆشخانە تایبەتەکانو کلینیکی تایبەتی ئێورانی پزیشکەکانە ، من وەک هاوڵاتیەک چەندین گلەییو گازندە ئەبیەم ، ڕۆژانە باس لەو دیاردانە ئەکرێت کە کەرتی تەندروستی دا ئڕزێنێ هەر لە بازرگانی کردن بە دەرمانو بە خودی نەخۆشەوە تا ئەگاتە ئەوەی شەراکەتی نێوان پزیشکو دەرمانخانەو تاقیگەو تیشکو سۆنەر ، کە نەخۆش ئەبێتە نێچیرێکی قەڵەو کە ڕاوچیەکان چاوی تێئەبڕن ،  بۆیە بە پێویستم زانی بەڕێزتانی لێ ئاگادار بکەینەوە بەڵکو هیمەتێک بفەرمون بە هاوکاری لیژنەکانی قیمقامیەت بۆ سەپاندنی مەرجو ڕێنماییە تەندروستیەکان بەسەر نەخۆشخانەو کلینیکە تایبەتەکاندا کە بە هیچ جۆرێک گرنگی پێنادەن ، بۆیە لێرەدا نمونەیەک ئەخەمە بەر دیدی بەڕێزتان کە لە ڕۆژی ٢٥ /١٠/٢٠٢٠ دا سەردانی کلینیکێکی تایبەتی چاوم کرد بۆ هەندێک پشکنینی چاو بۆ باوکم ، تێبینی ئەم خاڵانەم کرد کە لێرەدا تۆماریان ئەکەم .

١ــ گوێنەدان بە تایبەتمەندی نەخۆش ، کە وا بەکۆمەڵ نەخۆشەکان ئەکرێنە ژووری یاریدەدەری پزیشک بۆ پشکنین کە لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا ، لە ڕوی خۆپارێزیو پزیشکیەوە کفرە !
٢ــ پاکژ نەکردنەوەی ئامێرەکانی پشکنین ، بەڕێز جەنابی وەزیر لێرەدا نامەوێت ناوی پزیشکەکە ئاشکرابکەم بەڵام ناوو ناونیشانی لەلای( سپی میدیا) وە لەلای خۆم وەک نوسەری ئەم بابەتە پارێزراوە ، هەر بۆ ئەو مەبەستە ، ئەوە ئەخەمەبەردیدی بەڕێزتان کە خودی خۆم پێم ڕاگەیاندن ، ئامێرێک نەخۆش جەناگەی بخاتە سەرو ناوچەوانی پێوە بنێ پێویست ئەکات بۆ هەمو نەخۆشێ پاکژ بکرێتەوە و ڕوپۆش بکرێت بە جۆرێک نایلۆن کە تەنها جارێک بەکاردێت ، ئەوەی ئەمەوێ بیڵێم ئەوەیە لەگەڵ یاریدەدەری پزیشک کەوتمە قسەو پێم وت ، 
من -  کاکە ئەوە نابێت و هەڵەیە ئەبێت ئامێرەکەت پاکژ بکەیتەوە .
ئەو – زۆر موهیم نیە  .  
من – کاکە چۆن موهیم نیە کۆرۆنا لە ناویە ڕۆژانە خەتر تر ئەبێت .
ئەو – وەڵا ئێمە بیرمان ئەچێت ، بۆ تۆ بیرمان ناخەیتەوە .
من -  کاکە چۆن ئەبێ بیرت بچێت ، ئەوە پەیوەستە بە ژیانی ئینسانەوە .
ئەو – پانزە هەزار دینارم بدەرێ هەقی ئەو فەحسە .
من – ئەیبۆ بیرت ناچێت کە داوای پارەکە ئەکەیت ، یاخود ڕازی ئەبیت چواردە هەزارم لێوەربگیت ، باشە بە دکتۆر ئەڵێم .
ئەو – باشە پێی بڵی کەیفی خۆتە . 
پاش ئەم گفتوگویە چوینەوە لای دکتۆر ، زۆر بەڕێزەوە پێم وت دکتۆر من مەبەستم شکات نیە بەڵام لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا ، پێویست ئەکات ئاگاتان لە تەندروستی نەخۆشەکانتان بێت ، بەڵام گلەییم هەیە لە ستافەکەت ، کە بەم جۆرە نا تەندروستە هەڵسوکەوت لەگەڵ نەخۆش ئەکەن ،  نازانم وەڵام نەدانەوەکەی بێمنەتی بو یا گرنگی نەدانبو بە پرسەکە ! کە ئەگەر لێکدانەوەی بۆ بکرێت ، ئەوە ئەگەیەنێت کە نەخۆش وەک کاڵا وایە لای بەێزیان .
جا بە پێویستم زانی لەڕیی ئەم نامەیەوە بەڕێزتان ئاگادار بکەم کە لە مافی نەخۆش بپرسنەوە ئەگەرنا کلینیکەکان ئەبنە سەنتەری بڵاوبونەوەی کۆڤید ١٩، جگەلەوەی گلەییەکان زۆرو کەموکوڕیەکانیش بێکۆتایین ، هەر لە نرخەوە کە لەگەڵ قەیرانو گیرفانی خەڵکدا گونجاو نیە ، تا نەشیاوی خەستەخانەکانو کلینیکەکان کە ئەگەر لیژنەکانی قایمقامیەت سەردانیان بکەن زۆریان وەک کەبابخانە یا دەلاکخانە لافیتەی داخستنیان پیا هەڵئەواسرێ ، جا ئیتر خۆتانو بەرپرسیارێتیتانو مافی نەخۆش

                                    دلاوەر عەلی سۆفی کەریم 
تێبینی : ئەو بابەتانەی کە رۆبەڕوی وەزارەتەکان کراوە
 بشمکوژی مەمنونم  : ڕۆژنامەی ئاوێنە ژمارە ٥٣٨ 
٨/٤ /٢٠١٠ چەند پێشنیاری بۆ وەزیری ساخڵەمی ڕۆژنامەی هاوڵاتی ژمارە ٦٥١
  ٢٥/٦/ ٢٠١٣ مەیدەن بە قەڵبەیەکدا  ڕۆژنامەی ئاوێنە ژمارە ٣٨٣ 

 

01/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر