جوان مێردێ فریای هەزارمێرد کەوێ

دلاوەر سۆفی

لەوڕۆژەوە حکومەتی هەرێم تەپڵی نابوتی لێداوە گوێبیستی گەلێ قسەی قەبەوسەیر ئەبین ، بۆ نمونە باسی بوژانەوەی کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ ئەکەن لەوەش سەیروسەمەرەتر هەندێ بەرپرسی نابەرپرس باسی کەرتی گەشتو گوزار ئەکەن ، ئەمە ئەگەر وابوایە ئەبوو هەرگیز پێویستمان بە داهاتی نەوت نەبوایە بۆ موچە ، با لەکەرتی پیشەسازیەوە بڕوانین بەپێی داتاکانی ژووری بازرگانیوپیشەسازی زیاتر لە دوو لەسەرسێی کارگە بچوکو ناونجیەکانی کەرتی تایبەت وەستاون ، بگرە ڕەنگە هەر نەشمابن ، هۆکاری ئەمەش ئەو دەروازە ئاوەڵایانەی سنورەکانن کە لەبەردەم هاوردەی کاڵای دەروجیراندا نەک ڕێگری لێناکرێ بەڵکو ئاسانکاریشی بۆ ئەکرێت ، جابۆیە ئەتوانین بڵێن ئاوا بەرهەمی ناوخۆ ئەپارێزن؟ کەرتی پیشەسازی چۆن ئەبوژێننەوە ؟

خۆئەگەر بڕوانینە کەرتی کشتوکاڵ ئەوە دیارە لە کەرتی پیشەسازی وێرانترە ، هەرکاتێک بەروبومی ناخۆ پێئەگات ، لەدەروازە سنوریەکانەوە بەلێشاو و بەنایاسایی بەرهەمی کشتوکاڵی ئامدیو ئەکرێت، کاتێک وەرزی پێگەیشتنی دانەوەێڵەیە ، ئەوە گەورە کۆمپانێاکان ئەکەونە هاوردەی گەنم لە وڵاتانی دراوسێوە ، ڕەنگە هەر ئەم هۆکارەشبێت بەغدا پارەی گەنمی جوتیاران نەدا ، خوێنەری ئازیز ئەوەی کەوتە بەر دیدی بەڕێزتان سەربوردەیەک بو لەحاڵی ئابوری مەملەکەت ، بەڵام ئەوەی مەبەستە ، پرسی گەشتوگوزارە ، بەڵام کام گەشتوگوزار؟ کۆڵەکەکانی گەشتوگوزار زۆرن ، لەوانە شوێنەوارە مێژوویەکان، ڕێگاوبان ، با بپرسینو بڵێین ئەگەر کەسێکی بیانی بێت و بیەوێ چاوی بە شوێنەوارە مێژوویەکان بکەوێ ، مەگەر بە کۆپتەر بۆی بڕوا ، نمونەی  سێ شوێنەواری مێژووی باس ئەکەین کە  زۆر باس ئەکرێن ، ئەوانیش پەیکەری نرامسین لە دەربەندگەوری قۆپی قەرەداغ ، ئەشکەوتی قسقاپان لەچەمی ڕێزان ، ئەشکەوتی هەزارمێرد لە بەرانان ناوچەی سلێمانی، کاتێک سەردانی پەیکەرەکەی نرامسین ئەکەیت توشی داچڵەکینێک ئەبیت کەمایەی سەرسوڕمانە ، با بپرسین بە فەرمانی کێو بە چبڕیارێک توانیتان بەناوی چاککردنو نۆژەنکردنەوەوە دەستکاری بکەن ؟ 

 کام شارەزاتان بۆ هێنا تا ڕێگەتان پیشانبدات ؟ ئەوجۆرە پەیکەرانە چۆن چاک ئەکرێن ؟ هەرهیچ نەبێت بەسەرهاتی (پەیکەری بەزەیی مایکڵ ئەنجیلۆتان ) بخوێندایەتەوە  ، ئیتالیا  کە بەلانکەی پەیکەرتاشی دنیا حساب ئەکرێت جورئەتی ئەوەی نەکرد بێ پرسی چەند شارەزایەکی جیهانی غەیرە ئیتالی ئەوپەیکەرە کە لە کەنیسەی سانپیترۆیە  چاک بکات ، بۆ چاک کردنی تەنها یەک پەنجەی ئەوپەیکەرە ،داوایان لە یۆنسکۆ کرد شارەزایانی جیهانیان بۆ بنێرێت !  ئەشکەوتەکەی قسقاپان لە چەمی ڕێزان  جکە لە خراپی ڕێگەکەی بەجۆرێ شێوێنراوە مرۆڤ ڕوی نایەت ئەگەر میوانێکی بیانی هەبێت بیبات بۆ ئەوشوێنەوارە بڵی منیش گەلێکی جیاوزم ئەمەش شوینەواری نیشتیمانەکەمە ، هەرئەمەندەی یادگاریو قسەی هەلەقومەلەقو دڵ وتیر لێنوسراوە ئەبێتە مایەی شەمەزاری ، بەڵام لەهەمو ئەمانە داماوترو فەوتاوترو پشتگوێخراو ئەشکەوتەکەی هەزارمێردە .

ئەشکەوتی هەزارمێرد وەک ئەڵێن یەکێکە لەوشونەوارانەی کە شارەزایانو مێژوو نوسان باس لە سی بۆ پەنجا هەزارساڵ ئەکەن کە مرۆڤی تیا ژیاوە ، ئەمە ئەکرا وەک بەرپرسانی قسە زل ئەفەرمون جێگەیەکی گەشتیاری بێت . بەڵام بەکوێدا بۆی بڕۆیت ؟  ڕێگاکەی بەجۆرێکە کە مەگەربە قاتریا هێستری یەرغە بتوانیت بیگەیتێ، هەر بۆیە چەند وێنەیەکی ئەخەینە بەردیدی بەڕێزتان ، وە ڕوی دەممان ئەکەینە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانو ئەڵێین جوان مێردێک نیە فریای هەزارمێرد بکەوێ ؟؟

 

22/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر