با نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای بکات

رێبوار كەریم وەلی
(1)
حكومەتی هەرێمی كوردستان یان بە واتایەكی دیكە ئیدارەی پارتی دیموكراتی كوردستان (چونكە حیزبەكانی دیكەی بەشدار هیچ جیاوازییەكیان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆندا نییە)، سەبارەت بە پرسی نەوت و مووچەی خەڵك لەژێر گوشارێكی قورسی سلێمانیدایە. هەربۆیە پارتی، داوای لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەكانی كوردستان (واتە چوار حیزبەكە و ئەوانی دیكەش) كردووە، لە دانیشتنێكدا لەوبارەیەوە زانیارییان پێبدات.

پارتی و یەكێتی لانیكەم تا سەرەتای 2014، لە هەموو بودجە و داهاتی ئەم وڵاتەدا شەریك و برابەش بوونە و هێندەی یەكدی بەرپرسیارن لە هەرچییەك كە روویدابێت. ئەمڕۆ نامەنووسین بۆ ئەم و ئەو و خەڵك ورووژاندن كەس لەژێر باری ئەو بەرپرسیارێتی و تۆمەتانە رزگارناكات. 

شیرینیی گرێبەستەكانی نەوت، كە تاوەکو نێوەڕاستی 2011، خۆی لە نزیكەی  4 تا 5 ملیار دۆلار دابوو و لە بانكێكی نێودەوڵەتیدا بوو، بەشێوەی فیفتی فیفتی لەنێوان پارتی و ماڵباتی تاڵەبانیدا دابەشكرا (چونكە بەرپرسانی یەكێتی ئاگادار نەبوون، هەربۆیەش دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال، داوای ئەو پارەیەیان دەكردەوە). ئینجا لە پاسەوانیی بۆڕییەكانی نەوت و غازەوە بیگرە تا دەگاتە گواستنەوەی پاشماوەی پاڵاوگەكان، هەمووی بەشێوەی رێككەوتنی دووقۆڵی  بۆ كەس و كاربەدەستانی یەكێتی (بەتایبەتیش باڵی دەستڕۆیشتوو) و پارتی بووە. 

لە سەرەتای ساڵی 2014 دا نێچیرڤان بارزانی، بە ئاگاداری و تەنانەت بەشداریی باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی، رێككەوتنێكی ستراتیژیی 50 ساڵەی لەگەڵ توركیا ئیمزاكرد، بەڵام ئەوكات باڵی دەستڕۆیشتوو، كە پێویستیان بە مەشروعیەت و پشتیوانیی پارتی هەبوو و لەو وەزعەشدا سوودمەند بوون، هیچ ناڕەزایەتییەكیان پیشاننەدا. 

كاتێک دەست بە هەناردەكردنی نەوتی كەركووك كرا لەڕێگەی بۆڕیی نەوتی كوردستانەوە (لە كێڵگەی بای حەسەن و ئاڤانا)، چونكە باڵی دەستڕۆیشتوو پشكی خۆی لە سێ كێڵگەكەی دیكەوە بە بیانووی پاڵاوتن لە سلێمانی، رەوانەی ئێران دەكرد، كەس لە خەمی موستەهەقاتی خەڵكی كەركوك نەبوو. نێچیرڤان بارزانی لە هەموو نەوتی كەركوك 75 هەزار بەرمیلی بۆ حكومەتی بەغدا هێشتۆتەوە، كەچی نوێنەرانی ئەو باڵە لە بەغدا تەلەڤزیۆن بە تەلەڤزیۆن دەگەڕێن بۆئەوەی بڵێن رێككەوتنی وا لەگەڵ بەغدا نەكراوە و داوای روونكردنەوە و هەڕەشە لە عەبادی دەكەن كە چۆن رێككەوتنی وایكردووە! بۆیە گرنگە لەو دانیشتنەدا، سەرۆكی حكومەت لەجیاتی ژمارەی بەرمیل و نرخی نەوت، ئەو راستییانە ئاشكرا بكات كە كێ تاوەکو ئێستا چەندی دەستكەوتووە.

پارووەكە گەورە بوو
(2)
لەدوای نزیككەوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی و دواتریش رێككەوتنی ستراتیژیی نێوانیان، هەوڵێكی بەرفروان هەیە كە سلێمانی دوای پێكەوەلكاندنی كەركوك، ببێتە هەرێمێك. لەسەرەتای ئەو هەوڵەدا، لەنێو خودی یەكێتی بە هەردوولا راگەیەندرا (واتە بە باڵی پاوانخواز و گۆڕان) كە ئەگەر بەتەمای ئەوەبن سلێمانی جیابكەنەوە، ئەوە نەوت و ناوچەكانی گەرمیان و تەقتەقی تێدا نابێت.

ئەو هۆشدارییە، ستۆپێكی بچووكی بە پرۆژەكە كرد و حیسابات و كیتاباتی ئیدارەدانی هەرێمی سلێمانی سەرینەگرت. چونكە پارتی بە هێنانەكایەی مەسەلەی بەهەرێمكردنی كەركووك لەلایەن پارێزگارەوە، ریسەكەی لێ كردنەوە خوری و پارێزگاریش كە رۆژانێك سەروەسیەت و دەمڕاستی باڵی دەستڕۆیشتوو بوو، بۆ پێگەی خۆی بەتەواوەتی لە بەرەی پارتیدایە و هەر ئەوەندە ماوە پارتیبوونی خۆی رابگەیەنێ.

پارتی باش لەوە تێگەیشتووە كە پرۆژەی هەرێمی سلێمانی، بەبێ لكاندنی كەركووك پێیەوە سەرناگرێت. بۆیە قەڵاكەی لە ناوەوە داگیركردووە. هەربۆیەشە رەنگبێ دوای شكستی هەوڵەكان و لەترسی مامەڵەی پارتی لەگەڵ ناوەندی بڕیاردا، بۆ رێككەوتنێكی تازە لە دەرگای پارتی بدەنەوە. یان ئەوەتا بە كشانەوە لە حكومەت بچنە ژێر باری بەرپرسیارێتیی ئیدارەدانی هەرێمەكەیان. لە هەردوو حاڵەتدا، پارتی چیدیكە ناتوانێ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەك گشتێك و یەك سەرچاوەی بڕیار ببینێت (ئەو سەرچاوەی بڕیارەش ماڵباتی برایم ئەحمەد و تاڵەبانی بن). هەروەك چۆن ئەمریكییەكانیش نەیانتوانی ئەوە ببینن و دانیشتنیان تەنانەت لەگەڵ تەڕەفی هاوبەشی هەردوولاش (ناوەندی بڕیار و باڵی پاوانخواز) رەتكردەوە و هیوای كۆتاییپێهێنانی كێشە ناوخۆییەكانیان بۆ خواستن!

كارتی نەوتی كەركووك و ئاییندەی كەركووك ئیتر لەژێر دەستی باڵی پاوانخوازی یەكێتیدا نەماوە و هەموو مانۆڕەكانیشیان بۆ شكستپێهێنان و گۆڕینی واقیعی ئێستا هیچی لێ ناكەوێتەوە. هەر هەنگاوێكیش بەو ئاراستەیەدا گەمەكردن دەبێت بە ئاگر. چونكە ئەمریكا قەت قبوڵ ناكات كە نە كەركووك و نە نەوتەکەی بكەوێتە خزمەتی ئەجێندای ئێرانەوە.

ناوەندی بڕیار بە دەردی گۆڕان نەچێ
(3)
لێكچوونێكی ئەوتۆ لەنێوان جیابوونەوەی گۆڕان و دروستكردنی ناوەندی بڕیاری ناو یەكێتیدا نییە، بەڵام گرنگە پارتی لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو دۆخە تازەیەدا، ئەزموونی مامەڵە لەگەڵ گۆڕان دووبارە نەكاتەوە. ئەگەرچی ناوەندی بڕیار لە یەكێتی جودانەبۆتەوە، بەڵام ئەوە دوایین وێستگەی پێش جودابوونەوەیە.

ناوەندی بڕیار دوای كۆبوونەوە لەگەڵ كادر و هەڵسوڕاوانیان، دەستیان بە زنجیرەیەك دیدار لەگەڵ حیزبەكان كردووە، بە كۆمەڵی ئیسلامی دەستیانپێكردووە و لەگەڵ پارتیش دادەنیشن. بۆ چارەسەری قەیرانیش پرۆژەیان پێیە. هەوڵی باڵی دەستڕۆیشتوو ئەوەیە كە وێنەیەكی وا نیشانی خەڵكی خۆیان بدەن، كە ناوەندی بڕیار بووەتە پاشكۆی پارتی. لەكاتێكدا خۆیان خەریكی هەوڵی رێككەوتنی ژێربەژێرن لەگەڵ پارتیدا. بۆیە پارتی چیدیكە نابێ لەسەر هەڵەكانی خۆی لە مامەڵەكردن لەگەڵ بەرامبەرەكانیدا بەردەوام بێت و پێویستە تائێستا بۆی دەركەوتبێت کە كێ دۆستیەتی.

ئینجا نابێ پارتی چاوەڕێی ئەوە بێت كە وەكچۆن باڵی دەستڕۆیشتوو پاشكۆیەتییان قبوڵكردبوو، ئەوانیش بە هەمان پێوەر مامەڵەی لەگەڵدا بكەن.

ئەم وتارە لە رووداو بلآوکراوەتەوە..

19/09/2016



وتارەکانی تری نوسەر