پێنج خاڵەکەی گۆڕان بۆ رێککەوتنە؟

رێبوار كەریم وەلی
(١) 

سەرئەنجام بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری دا لەگەڵ پارتی دانیشێت و پێشوەختەش تەوەرەکانی دانیشتنی خۆیانی بە پارتی راگەیاند. ئەڵبەتە ئەمانە وەک خۆیان دەڵێن (خاڵ)ی دانیشتن نین و بگرە (مەرج)ن، چونکە لە ھەموو خاڵەکاندا، دیدگای خۆیان بەسەر پارتیدا فەرز کردووە. 

بە واتایەکی دیکە ئەو پێنج خاڵە چوارچێوەی سیاسەتی گشتیی بزووتنەوەکەیە و دەیەوێ بە دەنگدەرەکانی خۆی بڵێت، ھیچ مساوەمەیەک لەسەر درووشمەکانی پێشوویان نەکراوە. بەڵام پرسیاری جددی لێرەدا ئەوەیە کە ئەی پارتی لەو پێنج خاڵە چی دەست دەکەوێت؟ ئەگەر ئەوە (دان) و (ستاندن)ی سیاسییە، نەدەبووایە گۆڕان ھەر لە دەققەی یەکەمەوە، ئەوراقی گفتوگۆ کەشف بکات، دەکرا چوارچێوەی گشتیی دانوستاندنەکان باس بکات و ئەوەی دیکەی ھەڵگرێ بۆ کۆبوونەوەی دوو قۆڵی. 

پارتی ھەموو نەرمی نواندن و تەنازولاتی لە پێناوی سەرخستنی پڕۆسەی ریفراندۆمە لە ٢٥ی ئەیلول و یەکێک لە مەرجەکانی گۆڕان ئەوەیە کە ریفراندۆم (نەک لەبەر ئەوەی زەمینەی یاسایی نییە)، بگرە ھەلومەرجی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیش لەبار نییە، بۆیە دەبێ بۆ کاتێکی دیکەی نادیار دوابخرێت (کە گۆڕان نایەوێ تەنانەت ئەگەر پەرلەمانیش کارا بکرێتەوە، لەم خولەدا بڕیاری لەسەر بدرێت و مەبەستیەتی دوابخرێت بۆ پەرلەمانی داھاتوو). 

ئەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوەکەیاندا بۆ رای گشتی و پارتی بەیانیان کردووە، ئەستەمە پارتی پێیان رازی بێت، ئەگەر گۆڕان بەدیلی ئەو تەوقیتەی ٢٥ی ئەیلولی پێ نەبێت و زەمانەتی ئەوەش نەدات کە لە پەرلەمان وەکو بڕیارێک تێیدەپەڕێنێت. ئینجا خاڵێکی گرنگیش ئەوەیە کە ھەر دواخستنێک لە وادەی گشتپرسیدا رووبدات، دەبێ بە ھەمان ئاراستەدا ویلایەتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیشی بۆ درێژ بکرێتەوە، ئەگەرنا پارتی ناچێتە ناو سەودایەکی وەھاوە. 

دانوستاندنی پارتی لەگەڵ گۆڕان ھەر لە فەلەکی گشتپرسیدا دەبێ و ئەگەر گۆڕان مەبەستیەتی لە پڕۆسەی حوکمڕانیدا بێت (کە لە پێنج خاڵەکەدا ئاماژەیان بەگەڕانەوەی وەزیرەکانیان نەکردووە)، دەبێ وەکو حیزبێکی سیاسی ئەویش بایی ئەوە مروونەتی تێدا بێت کە ئەویش بە داواکارییەکی پارتی رازی بێت. ئەگەرنا پارتیش لەوە باش تێگەیشتووە کە گۆڕان ناتوانێ سەنگەر لە گشتپرسی بگرێت، چونکە ئەوکاتە حیزبەکەی دەبێتە پاشکۆی سەرمایەدارکراوە (نەخێر) گۆیەکەی سلێمانی. 
 
رێککەوتنێکی نوێ 
 (٢) 
پارتی و یەکێتی رایانگەیاندووە کە رێککەوتنێکی نوێ بۆ قۆناغی داھاتووی حوکمڕانی لە کوردستاندا ئەنجام دەدەن، جەوھەری ئەم رێککەوتنە نوێیە ئەوەیە کە گشتپرسی لە کوردستاندا ئەنجام بدرێت و لەبەرامبەر ئەوەشدا ھەڵبژاردنە گشتییەکان تا ماوەیەک دوابخرێن. ھەر بۆیە وەک ئەوەی گۆڕان بۆنی ئەوەی کردبێ کە شتێکی وا لە ئارادایە، یەکێک لە مەرجەکانی دانوستاندنەکانی نێوان خۆیان و پارتیی تەرخان کردووە بۆ ئەوەی کە ھەڵبژاردنەکان لە کات و وادەی خۆیاندا ئەنجام بدرێن. 

لەڕاستیدا یەکێتی تەنھا ھێزی سیاسییە لە کوردستان کە لەو زرووفەدا حەز بە دواخستنی ھەڵبژاردنەکان دەکات و دەزانێ کە گۆڕان لە مەسەلەی ریفراندۆمدا یاری بە کات دەکات و خۆی بۆ ھەڵبژاردن ئامادە دەکات. ئەوەش باش دەزانێ کە لە ئەگەری دواخستنی ھەڵبژاردنەکاندا، گۆڕان گورزێکی گەورەی بەردەکەوێت. چونکە ھەڵبژاردنێکی خێرا لە کوردستاندا حەجمی گۆڕان بە یەک دوو کورسی زیاد و کەم، دەپارێزێت و تا چوار ساڵی دیکە پێگەی گۆڕان قایم دەکات. 

بەڵام دواخستنی ھەڵبژاردن وا دەکات کە دەنگدەرانی گۆڕان تووشی نائومێدی و پەرتەوازەیی ببن و کێشە ناوخۆییەکانی گۆڕانیش پەرەبستێنن. ھاوکات یەکێتی دەزانێ کە دکتۆر بەرھەم ساڵحیش (ئەگەر نەگەڕابێتەوە ناو یەکێتی، چونکە ھەوڵێکی جددی ھەیە بۆ رێکخستنەوەی ناوماڵی یەکێتی) لیستی بۆ ھەڵبژاردنەکان دەبێت. بۆیە وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە ئەمساڵدا، وادەیەکی دڵخۆشکەر نییە بۆ یەکێتی و بەتایبەتیش کە یەکێتی ئێستا پێیوایە تازە بە تازە سەقامگیرییەکی رێژەییان لەناو خۆیاندا دروست کردووە و دەیانەوێ پەرەی پێ بدەن. 
 
فوئاد مەعسووم لە خەو ھەستێنن 
(٣) 
سەرۆککۆماری عێراق بەپێی دەستوور، پارێزەری دەستوورە و دەبێ لە کاتی پێشێلکردنی دەستووردا بێتە جواب! ئەڵبەتە مام جەلالیش ھەمان رۆڵی ھەبوو، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا لەسەر ھەموو ئەو پێشێلکارییانەی کە دەسەڵاتی شیعە لەبەغدا بەرامبەر دەستوور و شەراکەت کردوویانە نەھاتووەتە جواب. بڕیارە شاندی کۆمیتەی باڵای ریفراندۆم لە بەغدا دوای بینینی عەبادی، چاویان بە فوئاد مەعسوومیش بکەوێ و لەگەڵی کۆببنەوە. 

بەپێی دیباچەی دەستووری وڵاتی بەناو عێراق، جێبەجێکردنی بەندەکانی دەستوور زامنی مانەوەیەتی بە یەکگرتوویی و لەئەگەری پێشێلکردنیدا کورد مافی ئەوەی ھەیە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات. ویلایەتی سەرۆک فوئاد مەعسووم ھەر چەند مانگێکی دیکەی ماوە و دەتوانێ لەو ماوەیەدا ئەویش مێژوویەک بۆخۆی تۆمار بکات. ئەو دەتوانێ دلێرانە و وەک ئەو کاتانەی پێشمەرگە بوو، بە دەنگێکی بەرز رایبگەیەنێت کە گەلی کوردستان مافی بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان ھەیە و دەستوور پێشێل کراوە و زەمینەکانی شەراکەت لەبار براون. بە داخەوە ئەو دەنگە لە ئیسرائیلەوە دێت، بەس لە نوێنەری کورد لە بەغداوە نابیسترێ. 

14/08/2017



وتارەکانی تری نوسەر