قوباد لەگەڵ تۆمە، پارتی گوێت لێ بێت!

رێبوار كەریم وەلی
سڕکردنی مەلابەختیار و هۆشداری دان بە هەریەک لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و رێواس فایەقی سەرۆکی پەرلەمان، لەلایەن سەرکردایەتیی یەکێتییەوە، پتر لەوەی دەرخەری ململانێی ناوخۆیی یەکێتی بێت، پێچەوانەکەیەتی.


جۆرێکە لە یەکخستنی هەڵوێستی سیاسیی یەکێتی کە لەماوەی رابردوو لە زۆر شتدا، بانێک و دوو هەوا بووە.


پارتی لەماوەی رابردوودا، هەوڵی پشتئاوکردنی سەرکردایەتیی یەکێتیی داوە؛ تیمی حکومیی یەکێتیی بە موخاتەب وەگرتووە و ھەوڵی داوە خۆی لە تەماس لەگەڵ ئۆرگانە حزبییە تازەکانی یەکێتی بەدوور بگرێت.


یەکەم کەس کە لەناو کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی دەستی بۆ تەئییدی بڕیارەکە بەرزکردۆتەوە خودی قوباد تاڵەبانی بووە؛ ویستوویەتی لەو ئیحراجییەی لەنێوان پایتەخت و سلێمانیدا بۆی دروست بووە رزگاری بێت. ئەگەرچی هۆشداریدان بە قوباد تاڵەبانی دەستی سەرکردایەتیی یەکێتی لە سزادانی خەڵکی دیکە واڵا دەکات.

خەزووری هاوسەرۆک سڕ کرا، ئامۆزا و برای هاوسەرۆکیش هۆشداریی درایە. بۆیە ئیتر نە سەرۆکی پەرلەمان و نە جێگری سەرۆکی حکومەت ناتوانن لە بڕیاری سەرکردایەتییەکەیان دەربچن. ئەوە پەیامێک بوو بۆ پارتی کە بڵێن مەرکەزی بڕیاری یەکێتی لە جێگەیەکی دیکەیە. هاوکات ئیتر لێرە بەدواوە تیمی یەکێتیش لە هەولێر ناتوانن تەڕەفی موخاتەبی پارتی بن و لەسەر بنەمای پەیوەندیی شەخسی بە رووی حزبەکەیاندا بوەستنەوە.

23/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر