‌هاوپەیمانیی هی-وا!

رێبوار كەریم وەلی
راگەیاندنی هاوپەیمانیی هیوای كوردستانی لە بەغداوە بە سەرنجدان لە پێكهاتە و تەوقیتەكەی لە لایەك و جموجۆڵەكانی دوای ئەو راگەیاندنە سەرنجڕاكێشە.

*بەشێوەیەكی سروشتی یەكەم دیداری ئەو هاوپەیمانییە لەگەڵ فەخامەتی سەرۆككۆماردا بوو. موبارەكەیان لێكرا و وەكو كارتێكی سیاسیی نوێی (سەرۆكی بێ حزب) پێش ئەوەی بەڕووی حزبەكانی خاوەنی پەرلەمانتارەكاندا بەرز كرابێتەوە، رووی لە هەولێر و سلێمانی بوو.

*وەفدی پارتی چووە بەغدا و سەردانی فەخامەتیان نەكرد؛ روویان لە شیعتەكان بوو. وەفدی یەكێتیش بە سەرۆكایەتیی لاهور شێخ جەنگی سەردانی فەخامەتیان كرد، سەرۆكی فراكسیۆنەكەیان لە بەغدا گۆڕی بۆ تاڵەبانییەك كە بتوانێ زامنی پەیوەندییەكی تووند و تۆڵ بێت لەگەڵ شیعەكاندا.

*دێمەوە سەر هاوپەیمانیی هیوای كوردستانی. ئەم هاوپەیمانییە ناسنامەی هەموو حزبە ئۆپۆزیسیۆنەكانی كوردستانی تێدایە، بەڵام نە سەر بە حزبەكانی خۆیانن و نە دژی حزبەكانیان. چەند رۆژێكە راگەیەندراوە، كەچی حزبەكانی خاوەنی ئەو پەرلەمانتارانە قڕ و قپن. نە دەتوانن خۆیان لێ بێبەری بكەن و نە دەشتوانن پشتیوانیان بن. راستییەكەی بەرهەم ساڵح و لاهور شێخ جەنگی زیاتر لە حزبەكانی دیكە خاوەنداریی ئەو پلاتفۆرمە دەكەن. بە واتایەكی دیكە لیستێكی دیكەی یەكێتی لە دەرەوەی یەكێتی دروست كراوە.

*نە حزبەكانی ئۆپۆزیسیۆن لە كوردستان و نە ئەو هاوپەیمانییە، بەپێی قانوونی نوێی هەڵبژاردن زۆر زەحمەتە لە دەرەوەی یەكێتی و پارتی بتوانن شانسێكی ئەوتۆیان لە بەدەستهێنانی كورسیی پەرلەمانیی بەغدادا هەبێت، بۆیە چارەنووسی ئەو هاوپەیمانییە لە دوو حاڵەت بەدەر نییە. یان ئەوەتا حزبەكانی ئۆپۆزیسیۆن بە گۆڕانیشەوە، پشتیوانی لەو هاوپەیمانییە دەكەن و دەیكەن بە لیستی هاوبەشی خۆیان، یانیش ئەوەتا ئەو هاوپەیمانییە لەپاڵ یەكێتییەوە دەچێتە هەڵبژاردنەوە، بە تایبەتیش كە بەشێك لەو پەرلەمانتارانە ئامادەگیی ئەوەیان تێیدایە لە بلۆكێكی هاوبەش لەگەڵ یەكێتیدا هەنگاو بنێن.

*لە حاڵەتی هەنگاونان لەگەڵ یەكێتیدا، بە شێویەكی ئۆتۆماتیكی(ئەگەر تا ئەو كاتە حزبەكان خۆیان لە پەرلەمانتارەكانیان بێ بەری نەكردبێت یان ئەوانیش ھەمان شتیان نەكردبێت) هاوپەیمانییەكی رانەگەیەندراوی نێوان  یەكێتی و حزبەكانی ئۆپۆزیسیۆن بە گۆڕانیشەوە درووست دەبێت. یەكێتی هەم سوود لە فیگەرە پۆپیلارەكانی ناو ئۆپۆزیسیۆن دەبات و هەمیش لەناوخۆی یەكێتیدا دەستی هاوسەرۆك لاهور و بەرهەم ساڵح بەهێز دەبێت.

*ئەم هاوپەیمانییە بە تەنها یان لەگەڵ یەكێتیدا بچێتە هەڵبژاردنەوە، چ لە وەزعی پارتی ناگۆڕێ. ئەوپەڕی پارتی لە شوێنێك كورسییەك یان دوو كورسی لە دەست دەدات، بەڵام بۆ كەركوك چارەنووسسازە و لەوێ یەكێتی لانیكەم دەتوانێ بەرگری لە مانەوەی خۆی بكات. عەیارێكی باری ناوخۆی بدات(بە تایبەتیش كە هیچكام لە حزبەكانی ئۆپۆزیسیۆن ئامادە نین پشتیوانی لە پارتی بكەن، بەڵام ناڕاستەخۆ دەچنە بەرەی بەشێكی یەكێتییەوە)، پشكی یەكێتی لە حكومەتی داهاتووی عێراق جێگیر بكات و نەكەوێتە دەست كەرەمی پارتی و هاوكات پۆستی سەرۆككۆماریش بۆ جاری دووەم بۆ بەرهەم ساڵح زامن بكات.

*یارییە سیاسییەكان لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردن(كە تا ئێستاش سەد لەسەد مسۆگەر نییە لە مانگی حوزەیراندا دەكرێ یان نا) گەرمتر دەبن. ساز و كاری نێوان حزبەكان لە هەڵكشان و داكشاندا دەبێ. ناوخۆی یەكێتی تووشی گەورەترین كێشمەكێش دەبێ و دەردەكەوێ كە ئەو چێشتەی لە بەغدا لێدەنرێت لە سلێمانی دەخورێت یان نا!

16/01/2021



وتارەکانی تری نوسەر