جوتە پێڵاوێک لازم بۆ کازم!

رێبوار كەریم وەلی
رێبوار کەریم وەلی
ئەگەر بە گومانی ھەندێک کەس حکومەت دەستەوستان و "مێیینەیە"، کورد وتەنی زۆر سەھوون! ئەم حکومەتە ھەم نێرە و ھەم شێرە و، ھەموو شتێکیشی پێدەکرێت. تەنانەت دەتوانێ موچەش نەدات. ئەوەی دیکەشی دەتوانن خۆتان تەسەوڕ بکەن کە چ ھەیە بیکات و پێی نەکرابێ یان نەیکردووە!؟
*
قسەیەکی کوردەواری ھەیە دەڵێ:"بە با و باران لە عومری بەفر کەم دەبێتەوە." بە ئۆپۆزیسیۆن و دەستەڵات، ھیچ مانایەکیان بۆ وجودی پەرلەمان نەھێشتۆتەوە، راستییەکەی ئەگەر قسە لەسەر نێر و مێیەتی بە مەفھومی پیاوسالاری بێت، ئەوە پەرلەمانە کە خەسێندراوە!
*
پێڵاوگرتنە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە تاک یان بە جوت، مانای جورئەت و ئازایەتی نییە. ئەگەرچی دەڵێن:" دۆست سەیری سەر و دژمن سەیری پێڵاوت دەکات"، بەڵام مۆری تەسدیقە بۆ ئەوەی کە دەستەڵات مەتڵەبیەتی: "بەپێڵاوەوە ھاتن و دەبێ بە پێخواسی لێیدەرچن!"
*
سەرۆکی پێشووی پەرلەمانیان وا رەوانەی ماڵەوە کرد کە قوڕبەسەرە فریای ئەوە نەکەوت پێڵاوەکانیشی لە پێ بکات! سەرباری ئەوەی جوان جوان بۆیاغیشی کردبوون! ئەوێ رۆژێ پەرلەمان "ھەتک" کرا.
*
ئێستا کە کازم وا دەزانێ پێڵاوی گرتۆتە سەرۆکی بۆش، بە ھەڵەدا چووە. ھەر بزانە دوای ئەو رووداوە، دوو دوکانی قۆندرەفرۆشیشیان لە بەردەمی پەرلەمان کردەوە، بە داشکاندنی بەھارەوە! و ناویان نا کازمی قۆندەرە!
*
ئەوەی ئەمڕۆ رووی دا نیشانەی ئەوپەڕی دەستەوستانی و پۆپۆلیزمە. کێشە بنچینەییەکانی ئەم وڵاتە بەرھەمی رێککەوتنە ژێر بە ژێرە ریاکارانەکانە و ھاوسەنگی(لای پێکھێنەرەکانی حوکمڕانی)تەنھا لە دابەشکردنی پلە و پۆستدایە.
*
ئەگەر پەرلەمان بۆ دەستەڵات شوێنێک بێت بۆ قایمکردنی پێگەی حوکمڕانی ئەوا ئێستا سیمبۆلی بەبادانی ئومێد و ئارەزووەکانی ئەو خەڵکە ناڕازییەیە کە پێیانوابوو لەوێوە دەکرێ گوشار لە دەستەڵات بکرێت. شوێنێکە کە دەستەڵات بە سود وەرگرتن لە ھەڵە و پەڵەکانی رابردووی ئۆپۆزیسیۆن بۆ سوککردنی ماڵی گەل، لەسەر ئەو ئاوەی ئەوان رشتیان تەقڵە و فیکەیان پێ لێدەدات.


02/04/2021



وتارەکانی تری نوسەر