درەختەکان بەپێوە دەمرن.. سەرەقەڵەمێک بۆ دکتۆر نەمام غەفوری

رێبوار كەریم وەلی
ھێشتا نەمام بوو، بەڵام خەم و ئازاری پیرە بەڕووەکانی لەھەناودا بوو...نەمام عەوداڵی گەڕان بەدوای زەردەخەنەیەک بوو تا بیخاتە سەرلێوی مرۆڤایەتی. ھەر لەوێش لە چوارچێوەی بگرێ بۆ ئەوەی تا ھەتایە لەوی بنەخشێ.

شێوەی کۆچی نەمام بەرەو نەمری شۆکی کردم، ئەگەرنا ئەوە حەوت ساڵە ھەموومان دەستمان ھەر لەسەر دڵمان بوو کە لەکوێ و بەچی نەمام ئۆغر دەکات؛ نەمام خۆبەخشێک بوو بەسەر و بەماڵەوە. ئەوەی ئەو دەیکرد، لای ئەو ئیش نەبوو؛ ببووە کەسایەتیی نەمام کە دەبوایە ئاوا بژییەت. ئەگەرنا لای ئەو ژیان ھیچ بەھایەکی دیکەی نەبوو.

نەمام خۆنەویست بوو، بۆیە قسە لەڕوو و بێباک بوو. بڕوای بە رێزگرتن و موجامەلەی بێمانا لەگەڵ کەسدا نەبوو. بڕوای بە ملکەچی و کۆڵدانیش نەبوو، بەمانای وشە یاغی بوو.

سەرباری ئەوەی کە پتر لە سی ساڵ بوو لە ئەوروپا دەژیا، قەت تووشی لەدەستدانی ناسنامە نەبوو؛ ئەو پێناسی گەردوونیی مرۆڤ بوونی دۆزیبۆوە و لەھەوڵی ئەوەشدا بوو ھەمووان لەو مەعرەکەی دڕندایەتییەدا، بە سیلەی چاویان لە زەردەخەنەی منداڵێک بڕوانن.
ساڵی جارێک پرچە جوانەکەی دەکردە کەزیی ناسک و لە بێخەوە دەیبڕین...دەچوو بسکەکانی دەدایە سەنتەرەکانی شێرپەنجە تا بۆ ئەوانەی لەژێر چارەدان، بیکەن بە قژی دەستکرد. دەمپرسی بۆ وات لە خۆت کردووە؟ دەیگووت، ئەدی بزانە چم بۆ ئەوانی دی کردووە!؟ بزەیەک بۆ ژیان...

دنیایەکی بێ جەنگ، ئینسانی بێ چەک...دنیایەکی بەتاڵ لە ئازار و دوور لە بۆنکڕووزی جەرگی سوتاوی دایک بۆ کۆرپەکەی...دونیایەک کە تێیدا دەنگی تۆپ و تەققە خەونی منداڵان نەزڕێنێ...دونیایەك كە ئیتر کەس مەجبور نەبێ لەژێر خێمەدا بژی...ئەوانە خەونەکانی نەمام بوون، بەڵام لە مەحشەری بێداریدا...

نەمام بەپێوە مرد. 

وشە وەک قانونەکانی ژیان جامدە و قەت دەربڕی ھەستی زیندووەکان نییە....بۆیە دۆزینەوەی وشە بۆ وەسفی ئەوانەی بەرەو ئەبدییەت لە شەققەی باڵیان داوە زۆر ئەستەمە.

روحت شاد ئەی فریشتەی میھربانی و پاکی.


05/04/2021



وتارەکانی تری نوسەر