کێ مەرجەعە؟

رێبوار كەریم وەلی
راستییەکەی جوابی ئەو پرسیارە دوو لایەنی ھەیە: یەکیان مەرجەعیەتی سیاسی و ئەوی دیکەیان مەرجەعیەتی نەتەوەییە.
 بە درێژایی مێژووی کوردستان لە ململانێ و شەڕی چەکداری لەگەڵ رژێمەکانی دەوروبەر و تەنانەت زلھێزەکانی وەکو ئینگلیزیش، قەت مەرجەعییەتێکی سیاسی و نەتەوەیی ئەوتۆ درووست نەبووە کە بتوانێ لە ململانێی ناوخۆییدا، قسەی کۆتایی بکات، چونکە ھەمیشە مەرجەعەکان خۆیان تەڕەفێکی بەھێزی ململانێی سیاسی بوونە و ھەوڵیانداوە نەیارەکانیان یان ئەوانەی وەکو ئەوان بیر ناکەنەوە تەسفییە بکەن. بەواتایەکی دیکە نەتەوە سیاسەتی پێکراوە.

ھەمیشە لاقێکی سیاسەت لە ناوخۆدا لەنگ بووە، ھەر بۆیەشە لە ھەموو مامەڵەیەک لەگەڵ داگیرکەراندا، سەرکردایەتیی بزووتنەوەی چەکداری و سیاسی، لە ھەنگاوی یەکەمدا داوای گرەنتی کردنی پێگەی سیاسی و حوکمڕانیی خۆیان کردووە. کەسانێک ئەگەر ویستبیان لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی ئەوان رێککەوتن لەگەڵ داگیرکەراندا بکەن، بە جاش و خائین وێنا کراون.

لە دنیای ئەمڕۆدا، جگە لە مەرجەعییەتی ئایینی و مەزھەبی، مەرجەعییەتی سیاسی و نەتەوەیی و کۆکردنەوەی لە یەک تاکە کەسدا باوی نەماوە، چونکە عاقیبەتەکەی دیارە؛ ئەو کەسە بیەوێ یان نەیەوێ ھەر بەرەو تاکڕەوی دەڕوات و قەتیش ناتوانێ بە یەکچاو سەیری ھەموو کۆمەڵگا بکات.
 بۆیە مەرجەعی پایەداری ھەموو میللەتێکی ئازاد و دیموکرات بریتییە لەو دامەزراوانەی کە بە دەنگدانی راستەوخۆی خەڵک ھەڵدەبژێردرێن. مەرجەعی ھەرە باڵای ھەموو وڵاتان دەستوور و دەسەڵاتی دادوەرییە کە بچینەی قانوونەکانی وڵات و جێبەجێبوونیان زامن دەکەن.

پڕوپاگەندە و پێداگری لەسەر درووستکردنی مەرجەعییەت لە دەرەوەی دامەزراوەکان و تەسلیمکردنی ھەموو بڕیارە چارەنووسسازەکان بە یەک کەس، لە ھیچ شوێنێکی دنیا سەرکەوتوو نەبووە، یەکسانی و عەدالەتی بەرھەم نەھێناوە. (ئەوانەی ئەو پێداگرییە دەکەن، دەیانەوێ خۆیان لەپشت مەرجەعیەتێکدا حەشار بدەن و بیکەن بە قەڵغانی ھەموو چەوتییەکانیان)بە پێچەوانەوە ھەمیشە کوتلەیەکی گەورەی ناڕازیی بەرھەم ھێناوە و ئەوانیش یان ھەوڵی رووخاندنی مەرجەعیان داوە، یانیش مەرجەعێکی دیکەیان بۆخۆیان درووست کردووە.


زروفی کوردستان وا دەخوازێت کە بە زووترین کات بیر لە نووسینەوەی دەستوورێکی ھاوچەرخ بکرێتەوە، یان ئەوەتا ھەوڵەکانی رابردوو بۆ نووسینەوەی دەستوور زیندوو بکرێنەوە. دەستوورێک کە ببێ بە مەرجەعی یەکلاکەرەوەی ھەموو ئەرک و مافەکان و، دیاریکردنی ھەموو چوارچێوەکان. دەستەڵاتی دادوەری لەژێر ھەیمەنەی حزبەکان دەربھێندرێت و دادگایەکی دەستووریی دوور لە دەستێوەردانی حزبەکان دروست بکرێت. ھێز و دەسەڵات بۆ ئەو دامەزراوانە بگەڕێندرێنەوە کە بە قانوونە بەرکارەکانی پەرلەمان درووست کراون و ئیجماعی سیاسییان لەسەرە.


23/04/2021



وتارەکانی تری نوسەر