کوردی بێ پلان و دوژمنی پڕ پیلان ؛

عەبدولرەحمان عەلی
لەئێستادا بارودۆخی ناوچەکە هێندە ئاڵۆزو پڕ کێشمەکێش وگۆڕانکارییە ، شرۆڤەکردن بۆی کارێکی هەروا سانا نیە .
کورد لەم ساتەدا چەند دۆخەکە ئاڵۆزە هێندە بێ پلانە ، چەند ناوچەکە لەگۆڕانکاری خێرادایە دوو ئەوەندەش بێ بەرنامەو نەخشەڕێگایە ، بەپێچەوانەشەوە دوژمنان وناحەزانی خاک وخەڵکی کوردستان سەرقاڵی داڕشتن ودانانی چەندین پیلانی هەمە چەشنەن لەپێناو دەستوەردانی زیاتر وچۆنیەتی مانەوەی خۆیان ولاوازکردنی هەرێم .
چەند سەیرە ناوچەکە دەڵێی مەنجەنیقە دەکوڵێت کەچی پەیوەندی پارتەسیاسیەکانی ئەم هەرێمە لەگەڵ یەکتردا لەسەهۆڵ ساردترە، 
هەموو ناحەزانی کورد بۆ دژایەتی هەرێمی کوردستان هەموو ناکۆکیەکانیان وەلا ناوە ،کەچی پارتە سیاسیەکانی هەرێم نەک پەیوەندی نێوانیان باش نیە ،بەپێچەوانەشەوە لەچارەکە سەدەی فەرمانڕەوایی ئەم هەرێمەدا هێندەی ئێستا دوورنەبون لەیەکدی بەشێوەیەک هەر پارتێکی سیاسی وەک سەحنی سەتەلایت ڕوویان لەشوێنێکەو ڕووناکەنە یەک وتەنانەت یەکتریش ناخوێننەوە .
سەیرە هەم پارتەسیاسیەکان وهەم سەرکردە سیاسیەکانیش کەم تازۆرێک شارەزای مێژووی وڵاتانن بەتایبەت مێژووی وڵاتانی ناوچەکە ،وەزۆر باشیش ئەو ڕاستیانە دەزانن کە وڵاتانی دەوروبەرمان چەند ناکۆکی وململانێ لەنێوانیاندا هەبێت ئەوا بۆ دژایەتیکردنی کوردستان وخەڵکەکەی دەبنە هاوپەیمان وبرای گیانی بەگیانی ،تەنانەت پەیوەندیەکانیان بەپەلە ئەپدەیت دەکەنەوە .
من نازانم بەرپرسانی ئەم هەرێمە کەی دێنەوە هۆش خۆیان وبیرێک لەداهاتوی ئەم هەرێمە دەکەنەوە کە دنیایەک خوێن وفرمێسکی بۆ ڕژێنراوە ، کەی بیر لەبەرژەوەندی باڵای ئەم میللەتە دەکەنەوە کەقوربانیدەری ڕاستەقینەی دەستکەوتانن .
ئاخەر لەکوێی دنیاو فەرهەنگی بەڕێوەبردنی چ هەرێم و وڵاتێکدا هەبوە میللەتێک گیرۆدە بێت بەدەست قەیرانی سیاسی و دارایی وکارگێڕی وکۆمەڵایەتی وپەروەردەیی وبێکاری وهەژاری و.....هتد...و هەرێمەکەشت بوبێتە چەقی ململانێی نێوان وڵاتە هەرێمی ونێو دەوڵەتیەکان کەچی دەسەڵاتدارانی هێندە بێباک وکەمتەرخەم بن هێشتا بەرژەوەندییە حیزبی وکەسیەکانیان بەلاوە گرنگتر بێت وئامادە نەبن سازش یان دەست پێشخەرییەک بکەن بۆ ئاساییبونەوەی لانی کەمی دۆخی هەرێم وئاسایبونەوەی پەیوەندی نێوان پارتەسیاسیەکانیان ، ئیتر بۆمان نیەو ناشتوانین گلەیی لە مێژوو بکەین وبڵێین کورد بەخت یاوەری نەبو .
وەمێژووش ڕەحم بە هیچ کەس و لایەنێک ناکات ولەدواڕۆژیشدا بەر نەفرەتی دەکەوین .
چونکە هەرگیز نەبوەو هیچ لۆژیکیش نیە هەموو دوژمنەکانت لەداڕشتنی پیلانی بەردەوامدا بن بۆت، کەچی خۆمان هیچ پلانێکمان نەبێت بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی ڕووداوو پێشهاتەکان .


25/10/2016



وتارەکانی تری نوسەر