هەرێمی کوردستان لەکوێی دنیادایە ؟

عەبدولرەحمان عەلی
هەرێمی کوردستان لەئێستادا ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی (سیاسی ،یاسایی ، دارایی ، کارگێڕی ، خزمەتگوزاری و.....هتد بۆتەوە. ئەمانەش بونەتە هۆکارێک کە هەرێم ودانیشتوانەکەی گیرۆدەی کێشەگەلێکی بێشومار ببن ، بەرپرسان ودەسەڵاتدارانیشی لەئاستیدا دۆشداماون بەشێوەیەک نەویستێکی ڕاستەقینە ، نەپلان ونەخشەڕێگایەکی خێراوتۆکمەیان هەیەوپێیە بۆدەربازبوون لەم کێشەوقەیرانانە ، ئەمەش جگەلەنائومێدبوونی هاوڵاتیان بۆتە هۆکارێکیش کەڕایەڵەو متمانەی نێوان خەڵک وحکومەتی هێندە لاوازکردوە خەریکە نزیکدەبێتەوە لەتاڵە موویەک ئەویش بەپساوی .

دەکرێت بپرسین ئایا لەئێستادا هەرێمی کوردستان لەکوێی دنیادایە ؟ ئایا حکومڕانی ئێستای هەرێم چۆن پێناسە بکەین ؟
لێرەدا شێوازی حوکمڕانی ودەستاودەستکردنی دەسەڵات وژیان وگوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێم بەراورد دەکەین بەچەند وڵاتێکی جیهان کە لەهەرشوێنێکدا ناویان دەبیستین یان دەهێنین یەکسەر دواکەوتوترین وڵاتانمان وەبیر دێتەوە ،ئەوانیش بریتین لەوڵاتانی ئەفغانستان ، سوماڵ ، سوریا .

ــ لەهەرێمی کوردسناندازیاترلە (۱٦)مانگە پەرلەمانی کوردستان بەبڕیارێکی تاکلایەنەی حیزبی پەکخراوە، بەوهۆیەشەوەحکومەتەکەی بێ چاودێری ولێپێچینەوەیەو بەخواست وئارەزووی خۆی چی بوێت دەیکات بێ ئەوەی کەس پێی بڵێ پشتی چاوت برۆیە ، کەچی لەوڵاتێکی وەک ئەفغانستاندا لەلایەن پەرلەمانەکەیەوە تەنها لەساڵی (۲۰۱٦)دا متمانە لە (٦)وەزیری حکومەت سەنراوەتەوە بێ ئەوەی ڕێگا لەچونیان بگیرێت بۆپەرلەمانی ئەفغانستان وپەرلەمانەکەشیان پەکبخرێت .

ــ دەستاودەستکردنی دەسەڵات وئاڵوگۆڕی ئاشتیانە یەکێکە لەپێوەرەکانی کامڵبونی دیموکراسی لەهەر وڵات وهەرێمێکدا کەئەنجام دەدرێت ، پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە لەهەرێمدا کەبە خەیاڵ زۆر دەوڵەمەندە بە چەمکە هەمەجۆرەکانی وەک دیموکراسی ، سەروەر بونی یاسا، ئاڵوگۆڕودەستاودەستکردن ، کەچی هێشتا دیموکراسیەکەی دەڵەمەیەو یاساش تێیدا پێشێلدەکرێ و دەستاودەستی دەسەڵاتیش خەریکە دەبێتە مەحاڵ وتێیدانەکرێت . 

بەڵام لەوڵاتێکی وەک سۆماڵدا کەبەرپرسەکانی هەرێم ڕەنگە گاڵتە بەعەقڵی بەرپرسانیشیان بکەن ئاڵوگۆڕیان لەدەسەڵاتدا کرد، دوای ململانێی وهەوڵدانێکی زۆر لەگەڵ سەرۆکی پێشتر ،لەدواتردا بەدەنگی پەرلەمانتارانی وڵاتەکە محەمەد فارماجۆ پۆستی سەرۆکی وڵاتی وەرگرت ومتمانەی پەرلەمانی پێدرا . 

ــ لەڕووی ژیان وگوزەران ، موچەوشایستەداراییەکان ، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەهاوڵاتیان هیچ کات وساتێک لەهەرێمدا وێنەی ئێستا خراپ نەبوە ،بەو ساتانەشەوە کەهەرێم دووجار ئابڵوقەی ئابوری لەسەربووە جارێک لەلایەن ولاتانی جیهان جارێکیش لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە ، چونکە ئەم حکومەتە نەیتوانیوە سادەترین ماف  کە ئاو ، کارەبا ، سوتەمەنی وموچەیە  بۆهاوڵاتیان وموچەخۆرانی دابین بکات بەبیانوی شەڕی داعش ،دابەزینی نرخی نەوت ،ئەمە سەرەڕای دەرهێنان وفرۆشتنی ملێۆنان بەرمیلە نەوتی مانگانە لەژێرخاکەکەی کەچی دەبێت خەڵکەکەی ڕۆژانە چاوەڕێی مەرحەمەتی حکومەتی ناوەند بن تا چەند تانکەرە سوتەمەنیەک ڕەوانەی هەرێم بکات لەکاتێکدا شەڕی داعش یەخەی ئەوانیشی گرتوەو چەندین ناوچەشی تائێستا لەژێرکۆنتڕۆڵیاندایە ،  بۆ ئەوانیش نرخی نەوت دابەزیوەو موچەش هەرگیز نە دوادەکەوێت نەبۆشیان پاشەکەوت دەکرێت وسیستمی موچەشیان وەک خۆیەتی.

گەرلەئێستادا سەیری وڵاتێکی وەک سوریای نزیک لەخۆشمان بکەین کەچۆن شەڕ زیاتر لە٦۰٪ی وڵاتی وێرانکردوە ، بەو حاڵەشەوە کەحکومەتەکەی ئەسەد گەیشتە لێواری ڕووخان ولەمەرگ نزیکبویەوە کەچی لەبەرامبەر ئەرکی هاوڵاتیان وفەرمانبەرو موچەخۆرانیدا مافەکانیان کەموچەوخزمەتگوزارییە لەو ناوچانەی دەستی پێی دەگەیشت لەکاتی خۆیدا پێیاندەدرێت .

ئەمە ش لەکاتێکدایە کەبەپێی دواین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لەساڵی (۲۰۱٦)داکەڕیزبەندی بۆ گەندەڵترین وشەفافترین وڵاتانی جیهانکردوە وڵاتی سوریا پلەی حەوتەمی لەگەندەڵترین وڵاتانی جیهان پێدراوە ، بەڵام عێراق کەتائێستاش هەرێمی کوردستان  بەشێکە لەو وڵاتە لەڕیزبەندی ڕێکخراوەکە پلەی پێنجەمی گرتوە وبەو شوێنانە هەژمارکراوە کەگەندەڵیەکەی لەهێڵی سوردایە بەڵام سورێکی تۆخ تۆخ .

بۆیە ئاستەمەتاهەنوکەش کەسمان بزانین کە هەرێمی کوردستان لەڕووی سیستم ودیموکراسی وسەروەربونی یاسا وئاڵوگۆڕی دەسەڵات وپێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دەکەوێتە کوێی دنیاوە.

14/02/2017



وتارەکانی تری نوسەر