کەرتی کشتوکاڵ چۆن دەبوژێنرێتەوە ؟

عەبدولرەحمان عەلی
پێش زیاتر لە ۹ هەزار ساڵ لەمەوبەر بۆیەکەمین جار مرۆڤ لەکوردستانداپاچی لەزەویداو دەستیکرد بەکشتوکاڵکردن ،ئەمەجگە لەوەی کەکشتوکاڵ زۆرلەمێژە بەیەکەمین خاڵی وەرچەرخانی مرۆڤایەتی دادەنرێت بەرەو شارستانیەتیەکان ،پێناسەکەشی بەکوردی وبەکورتی بریتیە لەکێڵگەداری وئاژەڵداری .
لەهەرێمی کوردستاندا هەموو ڕەگەزوبنەماکانی بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ کەبریتین لە بونی خاکی بەپیت ، ئاووهەوای گونجاو ،دەستی کاری باش بەزیادەوە بونیان هەیە ، تەنانەت کوردستان لەڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەفریقیاش لەدوای وڵاتی سودان بە دووەمین سەبەتەی خۆراک دادەنرێت .
بەڵام ئەوەی لەماوەی چارەکەسەدەی فەرمانڕوایی خۆماڵیدا بۆ بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ و ڕزگارکردنی لەپوکانەوە نەبوەو نەکراوە ویستێکی ڕاستەقینەو پلان ونەخشەڕێگای تۆکمەبوە بۆ ئەم کەرتەگرنگەی هەرێم .
کشتوکاڵ بەدابینکردنی بودجەی پێویست و هاوکاری جوتیارو سود وەرگرتن لەتەکنەلۆژیای سەردەم و ساخکردنەوەی بەروبومەکانی پێشدەکەوێت ،بەڵام لەم هەرێمەدا لەو کاتانەی کەبودجەیەکی خەیاڵی دەهاتە کوردستان کەمتر لە ۲٪ ی بودجەی هەرێم بۆ کەرتی کشتوکاڵ وئاو دابیندەکرا کەهەردووئاسایشی خۆراک وئاوی پێوە بەندە ، ئەمە لەکاتێکدایە پێویستە ئەو وڵات وهەرێمانەی کە ناتوانن ئاسایشی خۆراکیان دابین بکەن لانی کەم ۱۰٪ی بودجەی وڵات بۆ سێکتەری کشتوکاڵ دابینبکرێت .
لەزۆرێک لەوڵاتانی دنیا حکومەت هاوکاری جوتیارەکانی دەکات بۆ ئەوەی زیاتر پەیوەست بن بە زەوییەکانیانەوە ،نمونەی ئەو وڵاتانەش ئیتاڵیا بۆهێکتارێک زەوی ۱۰۰۰ ئیرۆدەداتەجوتیارو ێۆنانیش ٥۷٥ ئیرۆ ، بەڵام لەهەرێم بەهۆی نەگەیشتنی پێداویستیەکان وهاوکارینەکردنی جوتیاران  ،وادەکات کەبەشی هەرە زۆری جوتیاران
بەقەرز زەوی بکێڵن ، بنەتۆ بهێنن ، پەینی کیمیای ودەرمانی قڕکەڕ پەیدابکەن واتا جوتیار قەرزاری دوکانداروکرێکاروشۆفێرانیش دەبێ.
 لەوڵاتانی دنیا نەک زەوی کشتوکاڵی پارێزاو دەبێت بەڵکو دەشیانەوێت سود لەزەوییە بەردەڵانەکانیش وەربگرن ، کەچی لەهەرێمی کوردساندا تەنها حکومەت خۆی زیاتر لە یەک ملێۆن و ٥۰۰ هەزاردۆنم زەوی کشتوکاڵی فەوتاندوە ئەویش بەفراوانبونی سنوری شارەوانیەکانی شاروشارۆچکەکان لەسەر حسابی زەوی کشتوکاڵی ، جگە لەداگیرکردنی هەزاران دۆنم زەوی وتەلبەندکردنیان لەلایەن بەرپرسە باڵاکانی هەرێم و دروستکردنی ڤێللا لەسەریان .
لەدیداری سلێمانی بۆگەشەپێدانی کشتوکاڵ وئاو لەهەرێمدا جێگری سەرۆکی حکومەت بەڕێز قوباد تاڵەبانی زۆر بەڕاشکاوی وتی( جوتیارو شوان وگاوانمان لەکوردستان نەهێشت و هەموویمان لەسلکی سەربارزی و ئەمنیدا دامەزراند ) ئەمەهەڵەیەکی ئێجگار گەورەو کوشندەبوو بۆ سێکتەری کشنوکاڵ وئاژەڵداری ، یەکێک لەگرفتەکانی تر ئەوەیە جوتیاری ڕاستەقینە لەم هەرێمەدا ونە ، لەچەند ساڵی ڕابردوودا لەسنوری پارێزگای هەولێردا ئامارێکی ئەو کەسانەیان کرد کەسەرقاڵ وخەریکی کاری کشتوکاڵین لەدوایدا دەرکەوت کە ڕێژەی ٥٥٪ ئەو کەسانە جگە لەکاری کشتوکاڵی کەدەیکەن فەرمانبەرن لەدام ودەزگاکانی حکومەت ئەمە بۆناوچەکانی دیکەش هەر ڕاستە ، ئەمە لەکاتێکدا لەیاسای ژمارە ۱۱۷ ی چاکسازی کشتوکاڵی ساڵی ۱۹۷۰ی عێراقدا هاتووە (هەموو ئەو ئەو جوتیارانەی کەزەوی کشتوکاڵییان لەبەر دەستە نابێت دابمەزرێت و ببن موچەخۆری دەوڵەت نەبەفەرمی و نەبە گرێبەست ) .
هۆکارگەلێکی تری زۆر هەن کە بوونەتە پەراوێزخستنی کەرتی کشوکاڵ وئاودێری وئاژەڵداری ، بۆیە گەر حکومەت گەرەکیەتی کشتوکاڵ ببوژێنێتەوەو بیکاتە سەرچاوەیەکی تری کۆکردنەوەی داهات ئەوا دەبێت جوتیار بکرێتە سەنتەری کارکردنی وەزارەتی کشتوکاڵ و جارێکی تر ئومێد بۆجوتیارانی کوردسان بگەڕێنرێەوە، وەتاکو نەتوانرێت بەروبوم وبەرهەمە کشتوکاڵیەکانی کوردستان بازاڕییان بۆ بدۆزرێتەوە ناکرێت باس لەپێشکەوتن ودووبارە بنیادنانەوەی کەرتی کشتوکاڵ بکرێت ، چونکە بەبازاڕکردنی بەروبومی کشتوکاڵی هاندەرەبۆ بەرزکردنەوەی توانای کێڵگەکانمان ،ئەمەش لەڕێگای دامەزراندنی کۆمپانیای بچوک و هێنانی کۆمپانیای گەورە و بەشداریکردنی کەرتی تایبەت دەبێت لەبواری کشتوکاڵ وئاودا ، وەگرنگی دانی زۆریش بەبەروبومی خۆماڵی یەکێکە لەفاکتەرە گرنگەکانی گەشەکردن وپێشکەوتنی  
کشتوکاڵ .
ماوەتەوە بڵێم هەرەسهێنانی کەرتی کشوکاڵ بەهەموو پێوانەیەک جۆرێکە لەداڕمان و هەرەسهێنانی ژێر خانی ئابوری کۆمەڵگە ، بۆیە دەبێت بەهەموان کشوکاڵ وئاو بپارێزین و ببینە پارێزەرێکی ڕاستەقینەی ئەم سێکتەرە گرنگەی ژیانی کۆمەڵگە .

22/03/2017



وتارەکانی تری نوسەر