بەرپرسانی باڵای هەرێم؛ سەربەخۆیی ئابوریتان باش !

عەبدولرەحمان عەلی
بەپێی دواین ئاماری فەرمی و لەسەر زاری بەرپرسانی بوارەکە لەئێستادا ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستاندا لەماوەی کەمتر لە چوار ساڵدا ٤۰۰٪ زیادیکردووە، بەشێوەیەک لەساڵی ۲۰۱۳ و سەرەتای ۲۰۱٤  ڕێژەکە تەنها ۳٪ بووە، بەڵام لەئێستادا واتا ۲۰۱۷ دا ڕێژەکە بەرزبۆتەوە بۆ ۱٥٪.
ڕێژەی بێکاریش ۱۰۰٪ زیادیکردووە، بەشێوەیەک لەساڵی ۲۰۱۳ دا ڕێژەکە لە ۷٪ تێنەپەڕیوە، بەڵام لەئێستادا واتا ۲۰۱۷ ڕێژەکە بەرزبۆتەوە بۆ ۱٤٪ وزیاتریش.

بەرزبونەوەی ڕێژەکانی هەژاری و بێکاری بەوشێوە بەرفراوانیە لەکاتێکدایە کە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان نەک نەیانتوانیوە پلانێکی تۆکمە و زانستیان هەبێت بۆ چارەسەرکردن و بەرزنەبونەوەیان، بەپێچەوانەشەوە خۆیان بەشێک بوون لەخوڵقاندنی کێشە و قەیرانەکان و قورسترکردنی باری سەرشانی هاوڵاتیان و موچەخۆرانیش، چونکە ئەوان وتیان گەر خۆمان ئابوری بەڕێوەببەین و سەربەخۆیی ئابوریمان هەبێت ئەوا گەشەی ئابوری و دۆخی دارایی هەرێم زۆرباشتر دەبێت، وەک لەوەی هەرچاومان لەدەستی حکومەتی ناوەند بێت .

لێرەوە دەرکەوت کەلەماوەی سێ ساڵی ڕابردووی بڕیاردانتان بۆسەربەخۆیی ئابوری لەهەرێمدا، دانیشتوانی ئەم هەرێمە چۆن ڕووبە ڕووی دەیان تەنگەژە و قەیران بونەتەوە و چەندە باری سەرشانیان قورسترکراون .
کاتێ لەساڵی ۲۰۱٤ دا سەرەتای قەیرانەکانی دارایی لەهەرێمدا دەرکەوتن، ئەنجومەنی باڵای هەرێمی بۆ نەوت وغاز بانگهێشتی پەرلەمانی کوردستانکران لە ۱۰ـ ۱۱ـ ۲۰۱٤ دا بۆ باسکردن لە هۆکار و سەرهەڵدانی قەیرانەکان .
ئەنجومەنەکە کە لەپێنج کەس پێکهاتبوون کەسەرۆکی حکومەت و وەزیری سامانە سروشتیەکان دووان لەوانبوون زۆر بەڕوونی و ڕاشکاوی پێیان وتین کە لەسەرەتای ساڵی ۲۰۱٥ وە لەهەرێمی کوردستان شتێک نامێنێ ناوی قەیرانی دارایی و دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران بێت، بەڵام ساڵی ۲۰۱٥ هات و نەک قەیرانی دارایی ماڵئاوایی نەکرد و موچەش لەکات و ساتی خۆیدا نەدرایە موچەخۆران، بەپێچەوانەوە قەیرانی دارایی زۆر قورستربوو، موچەی فەرمانبەرانیش نەک لەکاتی خۆیدا نەدرا، بەڵکو موچەیانکردە چارەک و نیوە موچە و لەهاوین موچەی بەهار و لەزستانیش هی پایزیان پێدەدرا.

ئەمە لەکاتێکدایە کەحکومەت لە۲ ـ ۳ ـ ۲۰۱٦ بڕیاری ژمارە ٦٤یان دەرکرد کەناویان لێنا سیستمی پاشەکەوتی موچە و بەوتەی خۆیان بەو سیستمە دەتوانن لەکاتی دیاریکراودا موچە بدەنە موچەخۆران، لەگەڵ گۆڕانکاری لەنرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا مانگانە گۆڕانکاری لە سیستمی موچەکەدا دەکەن، بەڵام بەم سیستمی بەناو پاشەکەوتەش کەداهێنانێکی دانسقە و دەگمەن بوو نەتوانرا موچە لەکاتی خۆیدا بدرێتە فەرمانبەران و هەمیشە دوو بۆ سێ مانگ دواکەوتوە، ئەمە لەکاتێکدا نرخی نەوت لەبازاڕەکاندا ۱۰۰٪ بەرزبوەتەوە بەبەراورد بەکاتی دانانی ئەو سیستمە نوێیەی موچە .

بۆیە هەقە لەبەرپرسانی باڵای ئەم هەرێمە بپرسین کە ئایا زانیوتانە یان خۆتان گێل دەکەن لەوەی کە لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی نەوت بەڕێژەی ۱۰۰٪ لەسەرەتای قەیرانەکەوە تائێستا، نرخی بێکاریش ۱۰۰٪ بەرزبۆتەوە؟
ئەی ئەوەش دەزانن کە لەگەڵ زیادکردنی نرخی کارەبا بەڕێژەی لە ٤۲۰٪ بۆ ٤٥۰٪  بۆناوچە بازرگانی و پیشەسازی و دام ودەزگا حکومیەکان، کەچی ڕێژەی هەژاریش بەڕێژەی ٤۰۰٪ بەرزبۆتەوە؟
ڕەنگە ئەو ڕاستیەش باش بزانن کە چەندە باج و ڕسوماتتان زیادکردووە دەیان هێندەش ئەرکی سەر شانی هاوڵاتیانتان قورسترکردووە.

بۆیە لەو ڕۆژەوەی کەبڕیاری سەربەخۆبوونی ئابوریتاندا لەجیاتی خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان و ئاوەدانکردنەوەی زیاتری شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان، هاوڵاتیانتان خستە دۆخێکی نالەباری ژیان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانیشتان بەتەواوی وەستاند.
بۆیە هێندە بەسە کەبوترێت سەربەخۆیی ئابوریتان باش بەرپرسانی باڵای ئەو هەرێمەی کەخاوەنی دنیایەک سامانی سروشتی و کانزایی وزەوی بەپیت و گرنگە کەچی ژیانی هاوڵاتیەکانی ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو ئاڵۆزبوون و خراپتر دەچێت .

17/09/2017



وتارەکانی تری نوسەر