aso
ڕێفراندۆم و ئەرکی ڕاگەیاندن
ئاری هەرسین

یەکێک لە دەستکەوتەکانی (مۆدێرنە) ی خۆرئاوا، لە دایک بوونی شێوازێکی گەیاندنی زانیاری بۆ ھاوڵاتیان لە کۆمەڵگەدابوو، کە ئەویش دیاردەی ڕۆژنامەگەری یان میدیایە. ڕۆژنامەگەری و بە گشتی میدیا جگە لە گواستنەوەی زانیاری، مەنبەرێکی ئازادانەی دەربڕینی ڕاو بۆچوونە جیاوازەکانە. ھەر بۆیەش کە لە کۆمەڵگەدا ئەو ھەل مەرجە دەڕەخسێت کە ئەم ڕاگەیاندنە (یان میدیایە) وجودی ھەبێت، پێناسەیەکی تری بۆ زیاد دەبێت کە پێی دەڵێن دەسەڵاتی چوارەم.

خواوڕاستان، کۆمەڵگەی ئێمە بەو ھەموو بەربەستە (خۆڕسک) و (خۆکردو دەستکردەی) کە لەم شەقامی دیموکراسیەدا بەربەستین، تا ڕاددەیەکی باش و لە فەترەیەکی کورت دا ئاسۆیەکی باش و دڵخۆشکەری پێ بەخشیوین.

کەم و کوڕیەکانی ڕاگەیاندن لە ھەرێمی کوردستان دیار و ئاشکران. گەورەترین بەربەستی بەردەم ئەم (دەسەڵاتی چوارەم)ە ڕاگەیاندنە حیزبیەکانن. لێرەدا باس لەوە ناکەین کە ئایا بوونی ئەم ڕاگەیاندنە تا چەند ڕاستە؟... چونکە ئەوە باسێکی سەربەخۆیەو لەوانەیە ناوەڕۆکی ھەگبەی شتی لەوبابەتە زیاد لە گوتارێک ھەڵبگرێت. لێرەدا تەنیا بەوەندە کیفایەت دەکەم کە بڵێم: ڕاگەیاندنی حیزبی ھەواڵ و ھەندێک جاریش زانیاری ئاڕاستە کراو دەخاتە بەر چاو و گوێی بینەر و بیسەر و خوێنەر. چونکە زیادتر ئەرکی پڕوپاگەندەی سیاسی بۆ حیزبەکەی لەسەر شانە، ھەتا ئەوەی ئەمانەتی گەیاندن و چاودێری دام و دەزگا حکومی و ناحکومی و ناوەندی دادوەری بە ئەرکی خۆی بزانێت.

لە وڵاتی ئێمە دا ھەندێک جار بە ھەڵە (ئیتر لەبەر نەشارەزایی بێت یان ھەرچیەکی تر) پێناسەی میدیای ئازاد دەکرێت. بۆ نموونە پاشگری (بێ لایەن) دەخرێتە پاڵ ووشەی میدیاوەو دەیکەنە (میدیای بێ لایەن). ئەمە لە کاتێکا کە لە دونیادا ھیچ میدیایەک نیە کە سەد لە سەد بێ لایەن بێت. لێرەدا بە یەک دوو نموونەی ڕوون و بەرچاو بۆ خوێنەرانی بەڕێز : ڕۆژنامەی نیو یۆرک تایمز ی ئەمەریکی کە یەکێکە لە دێوە گەورەکانی مەیدانی ڕۆژنامەگەری لە جیھاندا ھەر زۆر بە ئاشکرا لە لۆبی جولەکەدایە. ھەر لە سەردەمی شەڕی دووھەمی جیھانیەوە بگرە، ھەتا شەڕی ڤێتنام و لێدانی عێراق لە ٢٠٠٣ و کێشە ی دانوسانەکانی ئێران لەسەر ووزەی ئەتۆمی لە ٢٠٠٥ و، پشێویەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین (ئینتیفازە) بۆ یەک جاریش بێلایەن نەبوە و، ھەمیشە پشتیوانی لە حکومەتی ئیسرائیل و ئەمەریکا و بەتایبەتیش پێنتاگۆن کردوە. سیلڤیۆ بیرلسکۆنی (سەرمایەدارێکی زەبەلاح و سێ دەورە سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا) کۆنتڕۆلی لەسەدا ٩٠ ی میدیای نیشتیمانی لە وڵاتی ئیتالیا کردبوو. ئەمەش کارێکیکرد لە مەسەلەی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری پیشەیی لە ئیتالیا خستە ژێر پرسیارەوە. بێرلسکۆنی کارێکی کرد تەنانەت متمانەپێکراوترینی کەناڵی تەلەفیزیۆن و ڕۆژنامە کانی ئەو وڵاتە بوونە بڵندگۆیەک بۆ حیزبەکەی بیرلسکۆنی و ھەتا گەیشتە ئەوەی لە ڕاپۆڕتی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور لە ساڵی ٢٠٠٩ وڵاتی ئیتالیە لە ڕیزبەندیدا پلەی ٤٩ بەدەست ھێنا. ئەوە جگە لەوەی پارلەمان کەوتە خۆی و بە قانون دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری لە کۆنترۆڵ کردنی میدیا کەم کردەوە. ئیتر نموونەی لەم بابەتە لە فەرەنسا، ھۆڵەندا، سوید و کوێ و کوێ زۆرە.

ئەمە مەسەلەی بێ لایەنی لە میدیادا. ئینجا ھەرچی مەسە لەی ئەھلی بونیشە، یەک پرسیاری سادە دێتە پێشەوە کە ئەویش سەرچاوەی داراییە. ئینسان بە ھەوای خوا ناژی. ، سەرچاوەی بژێوی ژیانت لە کوێیە؟!

لەم ساتە وەختە مێژوویەدا ئەرکی ڕاگەیاندن و ڕاگەیەندکاران زۆر گرنگ و چارەنوس سازە. ئەمڕۆ ڕۆژی تاقیکردنەوەیەکی نیشتیمانی گەورەیە. میدیای کوردستان پێویستە بێلایەنی خۆی لە ھەموو بوارەکاندا بپارێزێت جگە لە یەک حاڵەتدا نەبێت. ئەویش مەسەلە نیشتیمانی و چارەنوس سازەکانە. میدیاکاری کوردستان لە پێش ئەوەی (بێ لایەن) و (ئەھلی) و (حیزبی) بێت... دەبێت کوردستانی بێت.


٢٠١٧/٨/١٠
AM:10:09:15/08/2017
زیاتر ...