قەیرانی ڕێکنەکەوتن

ئاری هەرسین


لە ھەموو مامەڵەیەکی سیاسیدا دەبێت ھەندێک بنەمای مەبدەئی ھەبن کە لایەنی دانوسانکەر لەسەریان کۆک بن. ئیتر لەسەر ئەو مەسەلانە بچنە گفتوگۆوە کە لەسەریان کۆک نین و پەیوەندی بە تێکھەڵقژانی سیاسی، یانیش ڕاکێش ڕاکێشی دەسەڵاتەوە ھەیە. ئەگەر دەەلایەن لەشەڕێکی توند و گەرمدابن و قەناعەتیان بە ئاگربەست نەبێت، ئیتر گفتوگۆ لەسەر چی دەکەن؟


لەم فەزا شڵەژاوە سیاسیەی ھەرێمی کوردستاندا چین ئەو (لانی کەم)ە ی مەبادیئانەی کە ھەموان پێویستە لەسەریان کۆک بین؟ بێ گومان وەڵامی ئەم پرسیارە سادەیە زۆر ئاسانە. ھەموو لایەنە سیاسیەکان پێویستە لەسەر بەسەلامەت تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە سەختە، خۆکۆکردنەوە لەبەرامبەر (موددەعی) و پاراستن و پەرەپێدانی ناسنامە و پێگەی نەتەوەیی و نیشتیمانیمان کۆک بین، کە بریتین لە ئاڵا و خاک و دام و دەزگا کانمانن. ئیتر مەسەلەی چۆنیەتی دەربازبوون لە قەیرانی دارایی، گفتوگۆ لەگەڵ داگیرکەر، مەسەلەی ھەڵبژاردن و... تا دێت، دەبنە خاڵی دانوساندن لە نێوانماندا. بەڵام بۆچی ئەمە لە ئێستادا ئەوەندە قورسە؟


دوور کەوتنەوەی لایەنە سیاسیەکان لە یەکتر و عینادی نێوانیان، تەنیا لە ئەنجامی نەبوونی (حوسنی نییەت) نیە. ھەر یەک لەو حیزبانەی کە بە پێی پێگەی (ماددی، سەربازی، کورسی پارلەمانی) لایەنی سەرەکین لە حوکمڕانی لە کوردستان، لەناو خۆیاندا گوتارێکی یەکگرتویان نیە. بۆ چوونی جیاواز لەناو حیزبی سیاسیدا دیاردەیەکی زۆر ئاسایی و تەندروستە، ھەتا ئەو کاتەی جیاوازیەکان لەسەر دیدی جیاواز لەسەر مەسائیلی کۆمەڵگەو ڕوئیای (حوکمڕانی باش) بێت. بەڵام کە بوە کێبڕکێیەک تەنیا بۆ دەسەڵات، ئەوا حیزب فرە کوێخای دەبێت و، ھەر کوێخایەش بە کەیفی خۆی قانون بۆ گوندەکەی خۆی دا دەنێت. دەسەڵاتی سیاسیش تەنیا تا ئەو کاتە بایەخی ھەیە کە لەپێناو خۆشبەختی و خۆشگوزەرانی ھاوڵاتیان و پاراستنی کەرامەتیان بەکار بھێنرێت

.

کۆبونەوەکانی دەوری مێزەکانی گفتوگۆ لەم ساتەوەختەدا ئومێد بەخش نین، چونکە ئەوانەی لەسەر شتەکان ڕێک دەکەون و پەیمان بە یەکتر دەدەن، نوێنەرایەتیەکی (موتڵەق) ی حیزبەکانی خۆیان ناکەن. بۆیە ھێشتا وەفدی گفتوگۆکار نەگەیوەتە ماڵەوە، برادەرێک لە پێگەی ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حیزبانە تەسریحێکی سیحراوی دەداتە ڕاگەیاندنەکان و ھەموو ڕیسەکە دەبێتەوە بە خوری.

بە کورتی: پێش ئەوەی حیزبەکان بچنە دانوسان لەگەڵ یەکتر، دەبێت دانوسانێکی باشیان لەناو خۆیاندا کردبێت. لە ئێستادا ھەبوونی گوتاری یەکگرتوو لەناو حیزبەکاندا لە ھەموو کات پێویستترە. ھەم بۆ سەرکەوتنی دانوسان لەگەڵ یەکتر لە ناوخۆ، ھەم بۆ پیشاندانی یەکڕیزی و یەکگرتویی توندوتۆڵ لەگەڵ (موددەعی). لە لایەکیترەوە، ھەم بۆ ئاسودەکردنی ھاوڵاتیان، چونکە لە ئێستادا فەزایەکی نائومێدی و بێ متمانەیی باڵی بەسەر کۆمەڵگەکەماندا کێشاوە و، تەنانەت ئەم ناکۆکیە ناوخۆیانەی ناو حیزبەکان لەناو ھەندێک لە فراکسیۆنەکانیش لە پارلەمانی کوردستان ڕەنگی داوەتەوە. دواجار ئەگەر حیزبە سیاسیەکان نەتوانن نیمچە ڕیفۆرمێک لەناو خۆیاندا لەسەر چارەسەر کردنی ئەم فرە کوێخاییە (لەناویاندا) بکەن، سیاسەت و سیاسەتمەدار لە وڵاتەکەماندا بە جۆرێک عەیبدار دەبێت، کە ئیتر ئێمە بە تەواوەتی لەماڵی خۆماندا دەبینە بێگانە و، داگیرکەریش حوکمی (موتڵەق) ی ماڵەکەمان دەکات.



٢٠١٧/١١/٢٩


29/11/2017



وتارەکانی تری نوسەر