عەفرینیش باجی ریفراندۆم ئەدات؟

ئاری هەرسین
لە پاش رێفراندۆمەکەی ساڵی پار لە ھەرێمی کوردستان، ھەندێک دەستەو دایرەی خولیاو وەفادار بە یەکێتی خاکی عێراق و شاعیرانی دەرباری عێراقچێتی، ھیچ نەما نەیڵێن و نەیکەن بۆ کەمکردنەوە لە ھەیبەتی ئیرادەی نەتەوەکەمان کە بریتی بوو لە (بەڵێ) یەکی سادە و ڕاشکاو بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ لە ھەرێمی کوردستان. ئەم دەروێشانەی تەکیەی عێراقچێتی ھەراو ھوریایەکیان دروستکرد، وەک بڵێی دەربڕینی ڕای نەتەوەیەک لە سەر چارەنوسی خۆی کوفرێکی گەورەیەو سزایەکی قورسی بەدواوەیە. ئەمانە ھەستان بە تیۆریزەکردن و ھونجەت ھێنانەوە بۆ دەوڵەتی داگیرکەری عێراق و سوپا دڕندەکەی. واتە بە ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستانیان ئەوت: : دەوڵەتی عێراق دیموکراسە و سوپاش پارێزەری یەکپارچەیی عێراقە،، ئەوەی کە تاوانی کردوە ئێوەن کە بە (بەڵێ) دەنگتان بە رێفراندۆم داوە، ھەر بۆیەش سوپای نیشتیمانیی عێراق ناچار بوو لە کەرکوکەوە داگیری بکات ھەتا شنگال... سادەتر بڵێین، واتە ھەرچی سوپای عێراق و چەتەکانی حەشدی شەعبی لە دوزخورماتوو لە شکاندنی کەرامەتی کورد ئەیکەن، تەنیا لە پێناوپاراستنی یەکپارچەیی نیشتیمانی عێراقە

لێرەدا ناچینەناو ئەو ڕاستیە ی کە ئەم دەوڵەتە بەنەفرەت بوەی عێراق چ نەھامەتیەکی لەمێژووی کەمتر لە سەد ساڵی تەمەنی بەسەر کورد ھێناوە. چونکە ( دەروێشەکانی تەکیەی عێراقچێتی) ھەموو ئایەتی قورئان و حەدیسی دونیاشیان لەبەر دەست بێت، ناتوانێت ھەڵەبجەو ئەنفال و ڕاگواستن و پڕۆسەی بەرنامەبۆ داڕێژراوی بەعەرەب کردن لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری عێراق بەرامبەر بە نەتەوەی کورد لە مێژوودا بسڕنەوە. ھەر ئەوەندەیان بۆ ئەمێنێتەوە پێمان بڵێن: ئەگەر کورد شۆڕشی نەکردایە، دەوڵەتی عەرەبیی عێراقیش ھەوڵی تواندنەوەی نەتەوەی کوردی نە ئەدا...! کەوابێ دانیشەو خزمەتکاربونت لە ژێردە ستی عەرەب قوبوڵکە

لە ئێستادا سوپای دڕندەی دەوڵەتی تورک پڕچەک بە تفاقی ناتۆی دەستکردی ئەمەریکاو ھاو ئاوازەکانی ھێرشێکی توندی بۆ سەر شاری عەفرین لە خۆرئاوای کوردستان دەستپێکردوە. ئەم شەڕە نابەرابەرە لە ڕوی کەرەستەی سەربازی و ژمارەوە، کوێرانە تۆپبارانی خەڵکی بێ چەکی مەدەنی ئەکات. تۆپباران و بۆمباباران، ژن و منداڵ، پیر و گەنج، سەرباز و مەدەنی لێک جیاناکاتەوە. دەوڵەتی تورک ئەم ھێرشەی بە پاساوی پاراستنی ئەمنیەتی سنورەکانی تورکیا ئەکات. لە کاتێکا ئیدارە کوردیە خۆجێیەکانی خۆرھەڵاتی کوردستان نە تاوانێکیان بەرامبەر تورکیا ئەنجام داوە، نە مەترسیشن بۆ سەر مرۆڤایەتی. کەچی لەبەرامبەر ئەم تاوانە گەورەیەی دەوڵەتی تورکدا ڕێکخراوی دەوڵەتە ھاوپەیمانەکان ( نەک نەتەوە یەکگرتوەکان) مێشیش میوانی نیە، وەک بڵێی ڕشتنی خوێنی ئینسانی کورد ھەر لە ئەزەڵەوە و بۆ ھەتا ھەتایە حەڵاڵ کراوە

دنیا لە بەرامبەر ئەنفال و کیمیایباران و داگیرکردنەوەی کەرکوک (٢٠١٧/١٠/١٦) و تاوانەکانی سوپای دڕندەو داگیرکەری عێراق لە دوزخورماتو بێدەنگ بوو، لە قەتل و عامی خەڵکی عەفرینیش دیسانەوە بێدەنگی ھەڵبژارد. ئێرانیش (ئامۆزا دێرینەکەمان) لە کەرکوک ڕاوێژکاری سوپای داگیرکەری عێراق بوو، نیگەرانیشە لەم کردەوەیەی سوپای تورک لە عەفرین...! باشە خۆ خەڵکی خۆرئاوای کوردستان رێفراندۆمیان نەکرد. ئەمجارە دەروێشەکانی تەکیەی عروبە و یەکپارچەیی نیشتیمانی عێراق، ئاخۆ چۆن تیۆریزەی ئەم کردەوە دڕندانەیەی سوپای دەوڵەتی تورک ئەکەن؟...

بە ناچاریەوە ئەبێت لە بەرامبەر ئەوانەی کە ئەیانەوێت بەزۆر سوپای عەرەب و تورک بکەنە برای کورد بڵێم

قەحبەن ئەوانەی پێم ئەڵێن ماری شیرین زاریش ھەیە
قەحبەن ئەوانەی پێم ئەڵێن تەوری برای داریش ھەیە

25/01/2018



وتارەکانی تری نوسەر