پارتی و یەپەگە

ئاری هەرسین
وته‌بێژی یه‌په‌گه‌ ده‌ڵێت: "هێزه‌كانی ئێمه‌ داوایان له‌ حكومه‌تی سوریا كرد، كه‌ بۆ پاراستنی عه‌فرین و سنووری خاكی سوریا، به‌ ئه‌ركی خۆی هه‌ستێ، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌، حكومه‌تی سوریا ئه‌مڕۆ هێزێكی ره‌وانه‌ی عه‌فرین كرد". ئەم ھەواڵە ئەمڕۆ لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بڵاو بۆتەوە.
دەڵێن پارتی دیموکراتی کوردستان نیشتیمانی فرۆشتوە، چونکە لە ٣١ ئابی ١٩٩٦ داوای لە سوپای عێراقی داگیرکەر کرد ھاوکاری بکات بۆ ڕێگرتن لە پێشڕەوی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران. کەچی بەم لێدوانەدا دەر دەکەوێت کە یە پە گە ھەمان تاکتیکی بەکار ھێناو. پرسیارئەوەیە کە ئایا: سوپای کۆماری ئیسلامی ئێران داگیرکەر نەبوو؟... سوپای سوریا داگیرکەر نیە؟... بەس بە تەنیا سوپاکەی سەدام حسێن داگیرکەر بوو؟
ھیوادارم کەس ھەوڵی تیوریزەکردنی ئەم پاڕانەوەیەی یە پە گە بۆ سوپای دەوڵەتی داگیرکەری سوریا نەدات. چونکە بەواتای ئەو برادەرانەی کە فۆبیای پارتیان ھەیە( گاڵتەشیان بە مەسەلەی نەتەوەیی دێت و  بە پێچەوانەی ھەموو مەنتیقێک و بۆ کڕینەوەی خۆیان لای عەرەبی شۆڤێنیست کوردایەتی و نەتەوەیی بوون ئەوەندە بە خیانەتێکی گەورە ئەزانن کە ئەیدەنە پاڵ پارتی و یەکێتی)، ھیچ جیاوازیەک لە نێوان سوپای داگیرکەری تورک و سوپای بەعسی سوریای عەرەبیدا نیە.
 ئینجا بەندە نە محامی پارتیم و نە وتەبێژیشیم، بەڵام ئەگەر پارتی سوپای بەعسی بۆ کوردستان ھێنابێت، بەقەدەر ھێنانی سوپای پاسداران لە لایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە تاوانبارە و، یەپەگەش ئەبێت بەو مەنتیقە سەیر بکرێت، ئەگینا ئەبێتە مەسەلەی بانێکە و دوو ھەزار ھەوا.


21/02/2018



وتارەکانی تری نوسەر