مامۆستایان ناتوانن ببنە نوێنەری خەڵك

محەمەد گەزۆ

شەپۆلی ناڕەزایەتی و بایكۆتكردنی دەوام و هەڵپەساردنی كاتی چەند یەكەو فەرمانگەو شوێنی حكومی بەردەوامی هەیە و لەو پێاوەشدا چەندین دەستەو گروپ و لیژنە پێكهاتووە بۆ سەرپەرشتی كردنی ئەو ناڕەزایەتی و هەڵوێست وەرگرتنە ئەگەرچی زۆرێك لە هەڵوێستەكان تاكو ئێستا نەیانتوانیووە هیچ سێكتەرێكی گشتی حكومەت ناچار بكات بەوەی بێتە ژێر ركێفی داواكاریەكانی و مل بدات بۆ جێبەجێكردنیان, كە ئەمەش كۆمەڵێك رەهەندی دوورو نزیكی هەیە و بابەتەكەم بۆ ئەوە نیە ,ئەوەی لێرەدا دەمەوێـت لەبارەیەوە بنووسم هەڵگری نارەزایەتیەكانن كە لە ناویاندا مامۆستایان پشكی شێریان بەردەكەوێت و ڕۆژانەش چین و توێژی مامۆستایان و دەستەو گروپ و لیژنەكانیان دەخرێنە بەرتانەی ئەوەی مامۆستایان خۆیان جیاكردۆتەوەو نوێنەرایەتی خەڵك ناكەن بۆ گەیاندنی ماف و داوای هەموو لایەك بە دەسەڵات, ئەمە بێ‌ ئاگا لەوەی چەندین هۆكار هەیە كە مامۆستایان و نوێنەرایەتی ئەوان ناتوانن بكەونە ژێر بار و بەرپرسیارێـتی هیچ كام لەو هەڵوێستەی چین و توێژەكانی تر و خۆیان بكەن بەخاوەنی ڕاستەقینە لێی,چونكە خودی مامۆستایان خۆیان گیرۆدەن بەدەست چەندین كێشەو گرفتەوە كە بەئەستەم دەتوانن نوێنەرایەتی خۆیان پێ‌ بكرێت ئەویش لەبەر ئەم هۆكارانە :-

1-  لە بنەڕەتدا هەڵوێستەكان بە پێی سنوری جوگرافیای سیاسی دابەش بوون بە جۆرێك لە زۆرنی زەرد هەڵوێستەكان زۆر كرچ و كاڵن  و زۆرجاریش دژە هەڵوێستی سنوری زۆنی سەوز و نیلین كە ئەمەش وا دەكات خوێندنەوەیەكی تر بۆ هەموو هەڵوێستەكانی سنوری سەوزو نیلی بكرێت و تۆمەتبار بكرێت بە بوونی دەست و مەرامی سیاسی لە پشت ئەو هەڵوێستوەرگرتنانەی كە بوونیان هەیە لە لایەن سەرجەم چین و توێژەكان.

2- نەبوونی نوێنەرایەتی راستەقینەی مامۆستایان ( بە مفهومە پیشەیی و یاسایی یەكەی)  بەجۆرێك كە ئەم ئەركە هی یەكێتی مامۆستایانی كوردستانە بەڵام لەبەرئەوەی ئەوانیش بە پێی رەنگ و لایەنی سیاسی بڕیاردەدەن و وەك زۆرێك لە لایەنە سیاسی یەكان بیردەكەنەوە بۆیە بدیلی تر و ئەلتەرناتیڤ بۆ یەكێتی مامۆستایانی كوردستان هەموو ئەو دەستەو گروپ و لیژنانەن كە هیچ مۆڵەتی فەرمی و یاساییان نیە و بە پێی شوێن و سنوری جوگرافی پێكهاتوون و هەفتانە هەڵوێست دەنوێن و لە هەموو بارێكدا دەسەڵات كەمتر مامەڵەی ڕاستەوخۆیان لەگەڵدا دەكات و زۆرجاریش تۆمەتباریان دەكات.

3- خەڵك : ئەو بەرە گشتی یە كۆمەڵایەتیەی كە كۆمەڵگا پێكدەهێنێ‌ بەجۆرێك هەر ئەم خەڵكەیە دابەش بووە بەسەر سنوری جوگرافی و سیاسی و كۆمەڵایەتی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان و خاوەن ماف و لەبەرامبەریشدا دەبێـت ئەركی هەبێت بەڵام خەڵك كە وردبكرێـتەوە بۆ چین و توێژەكان هەموو ئەوانە دەگرێـتەوە كە لە زۆرباردا ئامادەنیە قوربانی بدات بەڵكو دەیەوێت قوربانی بۆ بدرێت و لە پەنا هەموو نوێنەرایەتی كردنێكیشدا بۆ خەڵك دژایەتیەكی ی لە ڕادە بەدەری بەشێكی خەڵك دەبینرێت بەرامبەر بە نوێنەرانیان, بەنمونە كاتێك مامۆستایان بڕیاری بایكۆت و هەڵوێست وەرگرتن دەدەن بەشێك لە خەڵكی دژایەتیان دەكات و بەشێكیان دەیانەوێت شكست بە هەڵوێستەكانیان بهێنن چونكە خودی مرۆڤ وایە كاتێك دژی بەرژەوەندیەكانی جوڵایتەوە هەڵوێستەی دەبێت لەبەرئەوەی پێیان وایە هەڵوێستی مامۆستایان لێدانە لەبەرژەوەندی هەندێ‌ خەڵكی كەلە دیدی ئەودا بەس ئەو قوتابی و خوێندكاری هەیە.

4- زۆری دەستەو گروپ و لیژنەكانی مامۆستایان خۆیان, بەجۆرێك وێڕای ئەوەی لە بنەڕەتدا بە پێی سنوری جوگرافیای سیاسی دابەش بوون , كەچی لەناو یەك شوێنی جوگرافیدا و لە سنوری یەك بەڕێوەبەرایەتی و بەرێوەبەرێتیشدا خۆیان بوون بە چەند دەستەو گروپێك كە هەریەك لەوانەش یەكتر تۆمەتبار دەكەن و هەوڵدەدەن لە ئەرك و چالاكی یەكتر كەمبكەنەوە  و هەتا بگرە هەوڵی سڕینەو شكستهێنان بە یەكتریش دەدرێت ئیتر لەو نێوەندەدا ئەوەی دەبێـتە قوربانی مافە ڕەواكانی مامۆستایانن بەگشتی و خودی مامۆستایە بە تایبەتی.

5- جۆری چالاكی یەكانی مامۆستایان هۆكارێكی ترە كە ناتوانن مامۆستایان بە هۆیەوە گوزارشت بكەن لە سەرجەم چین و توێژەكان و خەڵك بەگشتی چونكە هەرچی مامۆستایە لە ئاست پیشەو بەرپرسیارێـتی پیشەییانەو پەروەردەییانەی خۆی گوزارشت دەكات لە ناڕەزایەتی و گلەیی خۆی بۆ وەرگرتنەوەی مافە زەوتكراوەكانی بەڵام لە زۆرباردا خەڵك نە تاقەتی وەها چالاكی یەكیان هەیە و نە ئامادەشن بدیلی باشتریان پێبێت و نە ئەوەش دەكەن بۆ پشتگیری مامۆستایان بەڵكو هەر تەنها لە چاوەڕوانیدا دەمێننەوە .

بەهەرحاڵ كۆمەڵێك هۆكاری تر هەیە كە دەبنە شكست لەبەردەم بوونی مامۆستایان و نوێنەرایەتی مامۆستایان بۆ خەڵك بە گشتی و چین وتوێژەكان بە تایبەتی ,هەربۆیە دەكرێت خەڵكیش لە ڕێگەی ناوەندو شوێنە گشتی یەكانی خۆی  و لە فۆرمیكی نوێدا گوزارشت بكەن لە خۆیان و هەر خۆشیان نوێنەرایەتیان هەبێـت چونكە ئەركی مامۆستایان ئەوەندە كەم و سوك نیە تاكو بتوانن ئەم خەمە گەورەی خەڵك و كۆمەڵگاش بخەنەسەرشانی خۆیان , هەربۆیە دونیا بینینی خەڵك بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیان بكرێـت لە لایەن چین و توێژێكی تایبەتەوە واقعی نیە چونكە دەركەوتووە هەر ئەم خەڵكە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی خۆیان لەڕێگای نوێنەرایەتیان لە حكومەت و حزبیشدا تووشی شكستهاتوون.


22/10/2016



وتارەکانی تری نوسەر