موزایدە بە کۆتا و پێکهاتەکان

عەلی کەریمی

ئەم حیزبە لەوەتەی هەیە نانی موزایدە و گێلاندنی کۆمەڵانی خەڵک دەخوات. نە ستراتیژێکی پتەو و جێگیر و نەتەوەیی هەیە و نە خەڵکانی بەمشور و سیاسەتمداری قاڵبوو و بەئەزموون، کە لە قالبی سیاسەتداڕێژەرانێک بن، پێش هەموو شت بەرژەوەندی و دواڕۆژی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیان مەبەست بێت.
هەر لە ڕۆژی ئەوەڵەوە وایان کردووە و بۆشیان چوتە سەر، شکستی ساڵانی ١٩٤٥ی بارزانیان بە هاتنە ناو کۆماری کوردستان و قازی محەمەد لە مەهاباد تێهەڵچواندەوە و ئەم شکستە گەوەریان لە گەڵ حکومەتی مەلیکی عێراق بەوە لە بیر بردووەتەوە کە گۆیا بارزانی هات بۆ یارمەتی کۆمار و قازی، دواتر هەموو بینیمان ئەوە دەرنەچوو، لە ڕۆژی تەنگانەدا قازی و کۆمار لە هەموو کات زیاتر تەنیا مانەوە و خۆیان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون و ١١ ساڵی ڕەبەق خۆیان بە ژن هێنان و ڕابواردنەوە مژوول کرد.

تاقە سەرکردەی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، کە بە نییەتی چاک هاتەپێش و بۆ یەکەمجار گوتی، عێراق وڵاتی کورد و عەرەبە و عێراق لە دوو نەتەوەی کورد و عەرەب پێکهاتووە، لە بێ سیاسەتی و موزایدەی کوردایەتی بە گژیدا چوونەوە و ئەساسی شۆڕشی ئەیلولیان لەسەر بونیاد نا و چاکەی عەبدولکەریم قاسم، کە لە تاراوگەوە هێناینەوە و خزمەتی کردن، لە بیر خۆیان بردەوە و بە فیتی شای ئیران کە نەیدەویست دەسەڵاتی عێراقی جیران، لە سۆڤیەت نزیک بێ، کوردیان بە گژ ئەم دۆستەدا کرد.

بە ناوی قیادەی موەقەت بە گژ میللەتی خۆیان و ڕۆژهەڵاتدا هاتنەوە و بەناوی کوردایەتی هەرچی کردەوەی قێزەونە کرا.

لە ڕاپەڕینی ١٩٩١ کە زانیان لای خەڵکیان دۆڕاندووە، بەپەلە بە ناوی یەکێتی نەتەوەیی هانایان بۆ جاشەکانی ئەنفالچی و شۆڕشی نوێ برد و زۆر باش کەلکیان لێ وەرگرتن و زۆربەیان چاپۆشیان لێکرا و بۆلای پارتی چوون و ئەمانیان پێدرا و هەموو هاتنە سەر سندووقی دەنگدان و باش دەیانزانی کار بگاتە دەنگدان دەنگی چاک و خراپ لە ناو سندووق وەک یەک دەخوێندرێتەوە، واتا دەنگی جاش و باش وەک یەک حیسابیان بۆ دەکرێت.

بەدەیان نموونەی دیکە وەک شەڕی ناوخۆی ١٩٩٤، تاڵانی پارەی برایم خەلیل، گرێدان و جووت بوون و تجارەت و شەراکەت لەگەڵ سەرانی تورکیا، کایەکردن بە کارتی سەرۆک کۆماری لە دوای سەدام و بەوە داشکاندنی کە کوردستان ئیتر موڵکی ئەوان دەبێت، ڕیفراندۆم و ئەم گاڵتەجاڕی و پێچەقاندن و بانگەشەی ئەوەی هەموو دنیا و ئەمریکا و تورکیا هاودەنگ و مسۆگەر کراوە، دواتر هەموو دەزانن وا دەرنەچوو، موزایدەی کادر و ئەندامانیان بەو پەڕی قسە و قسەڵۆکی مناڵانە لەسەر میدیاکان و موزایدەی کوردایەتی، موزایدەی ئاڵا و پێشمەرگە لە کەرکوک، هەموو دەزانن پێشمەرگە واتای چییە لە لای سەرانی پارتی و تەنانەت مەعاشیان پێ ڕەوا نابینن و گەر بێتو بە ڕیز باسی هەموو ئەم چەواشەکاری و بەکارهێنانی موقەدەساتی خەڵک لە لایان ئەم حیزبەوە بۆ بەرژەوەندی تەنیا شەخسی و بنەماڵەی خۆیان بکەین لە هەزاران لاپەرە زیاتر دەردەچیت و لە تاقەتی ئەم کورتە وتارەدا نییە. تەنیا ئەوەندە بەسە پرسیار بکەین ئەری بەڕاستی ئەم یاری مشک و پشیلەیە لە گەڵ بەغدا تاکەی، ڕۆژێک تەلاقیان دەدەن و ڕۆژی دواتر لە پشت دەرگاکانی بەغدا بو دووعانە دەپاڕێنەوە، رۆژێک نەوتەکە تەسلیم دەکەن و دواتر کە دوڵار بە دوڵار حیسابی دەکەنەوە دڵتان نایە و لەژێر قسەی خۆتان دەدەن و نایاندەنێ!

هەمووو تاکی کورد باش دەزانن ئەگەر ئەمڕۆ موزایدە بۆ کوردایەتی و دەمارگرژی لە لایەک و دژایەتی تورکەمەن و مەسیحی لە لایەکی تر، نانی بۆ پارتی تێدا بایە، هەموو دڵنیاین هەر ئەم کاک مەسعودە دەهاتە سەرخەت و دەیگوت چۆن خوا قبوڵی دەکا تورکەمەن، ئەوێش کەرکویش لەگەڵ نەبێ و تەنیا هەرێم بێ، ٥ کورسیان بەر دەکەوێت ئەی کلدانی و مەسیحی؟!  بە دڵنیانی لە پاپی ئەعزەمیش بپرسن پێی وانابێ ئەوندە مەسیحی لە کوردستاندا مابنەوە!

مەسەلەی کۆتاکانی پەرلمان هیچ شتێک نییە لە موزایدە و نان لێخواردن زیاتر و دڵنیام مەسیحی و تورکەمەن و کلدانی ڕەسەن هیچ ڕازی نین بەم ڕەفتارە و ئاوا ناشیرین لە بەکارهێنانیان.

کە دەڵێن ڕای زۆرینە و کەمینە، دەسبەجێ بە دەیان گوێلەمستیان دەێنە سەرخەت و دەفەرموون کوردستان بە تەوافوق بەڕێوە چووە و ناکرێ بە بێ تەوافق وڵات ئیدارە بکرێت، سێ ساڵ پێش هاوارمان کرد ئەم ١١ کورسی کۆتا ڕۆژێک کارەسات دەنێتەوە، بەداخەوە نە بەرەی دەسەڵات و نە بەرەی ئۆپۆزیسۆن گوێیان پێنەدا و پەرلمان بە ئەمرێکی سەربازی داخرا و سەرۆکی پەرلمان ئاودیوی سنوور کرایەوە، ئێستا زۆر ناشیرین و مناڵانە دێن و دڵێن ئاواتان ڵێ دەکەین!! بە زۆرینە دار لە ڕوحتان دەدەین و سەرۆکەکەشیان دێ و دەڵێت لە سەر ئەم نەتەوانە خۆمان بە کوشت دەدەین! خۆشی و ئیمەش دەزانین بۆ کەمە نەتەوەکان نییە ئەم شینە، بەڵکو لە شیرین بوونی کورسێکانە کە بە ناوی ئەم کەمە نەتەوانە داگیری کردوون و ئاوا بەکاریان دێنێت، دەبا ڕۆژێک بێ کە کورسی نرخی نەبێ و بزانین ئەرێ کەس نازی ئەم مۆنا و ئایدن و... دەکێشێت؟! بە دڵنیایی دەڵێم بۆ قومێک ئاوێش ئاوڕیان ڵی نادەنەوە، چونکە هەم پارتی و هەم خۆشیان دەزانن ئەوان نوێنەری نەتەوە و پێکهاتەکانی خۆیان نین.
کورد لە باشور چیتر لەسەر موزایدە ناژی و سیاسەتی پێناکرێ، حەقە هەموو وێکڕا بڵێین بەسە و ئیتر دەستان زۆر کەشفە، تادەرنگ نەبووە و فریای قەراری مێژوو کەون کە هاتە سەری ئێتر ڕوحم بەکەس ناکات و هەموان وێکڕا ڕادەماڵێت.

ئەگەر بەڕاستی ویژدان و کەرامەتی پەرلمانتارەکانی دی زیندوو و وەخەبەر بێ، نابێ ئەم ناعەدالەتی و تێخوڕینە قبووڵ بکەن و چێتر شەرعییەت بە پەرلمانی کارتۆنی نەدەن، دڵنیا بن هەموو میللەت لە ئەمڕۆدا برسی و هەژارن و ئێوەش لێتان ناقەومێ و لای میللەت بن باشتر و سەروەریتر دەبێ لۆتان. زۆرن ئەوانەی ئەمڕۆ داواتان لێدەکەن دەرگای ئەم پەرلمان و حکومەتە پۆلیسییە داخەن و بۆیان جێبێڵن و چیتر شەراکەتی ئەم زوڵم و زۆرە نەکەن!


11/05/2020



وتارەکانی تری نوسەر