چەند یادەورییەك لە یادی مامەڕیشەی قارەماندا

تەهای مەلا وەهاب
چەند یادەورییەك لە یادی مامەڕیشەی قارەماندا

تەها ی مەلا وەهاب

١-مامەڕیشەی مێرمنداڵ

مامەڕیشە ناوی (نەجمەدین شکور ڕەئوف)ە، ساڵی ١٩٥٣ لە خێزانێکی ڕەنجدەری گوندی (تاڵەبان)ی ناوچەی گەرمیان هاتۆتە دنیاوە. ئەو بۆی گێڕامەوە کە هەر لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە پێشمەرگەی خۆشدەویست و ئاواتی خواستووە ڕۆژێك لە ڕۆژان ببێتە پێشمەرگە.. مامەڕیشە بۆی گێڕامەوە، وتی : جارێك لە سەردەمی شۆڕشی پێشوودا کاك (نازمی حەمەی سڵێمان) کە ئەو کاتە سەرلق بووە، خۆی و پێشمەرگەکانی لقەکەی هاتنە گوندی تاڵەبان، شەهید نازم و دوو پێشمەرگە بوون بە میوانی ماڵی ئێمە، من زۆرم پێشمەرگە خۆشدەویست، لە خۆشەویستیدا بە نەرمییەکەوە دەستێکم هێنا بە سەر چەکەکەی کاك نازمدا، ئەوەندە لام خۆش بوو لەو ساتەدا وام هەستکرد منیش پێشمەرگەم..!.

٢-مامەڕیشە و سەربازی

گوندی تاڵەبان لە سەردەمی منداڵیی مامەڕیشەدا قوتابخانەی تێدا نەبووە، لەبەرئەوە بە نەخوێندەواری مابۆوە. لە تەمەنی لاویدا ناوی دێتەوە بۆ خزمەتی سەربازی و دەبێتە سەرباز لە سوپای عیراقدا. وتی : جارێك سواری زیلیان کردین و بردیانین بۆ وڵاتی سوریا بۆ شەڕی ئیسرائیل و نزیکەی دوو مانگ لە دەشتێکدا هێشتیانینەوە، جارێك کەوتینە شەڕەوە و بریندار کرام، پاش ماوەیەك چاك بوومەوە، گەڕاندیانینەوە بەرەو عیراق، ئەمجارە کرام بە ئینزیباتی عەسکەری.

٣-مامەڕیشە پێشمەرگەیەکی قارەمان

مامەڕیشە ساڵی ١٩٧٨ لە ڕیزی پێشمەرگەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا بووە بە پێشمەرگە، پێشمەرگەیەکی ئازا و دڵسۆز و دواتر کادرێکی چالاکی سەربازی بوو، شارەزای زۆربەی هەردە و کەڵبەز و چەم و شیو و شوێنەکانی خۆحەشاردان و ڕێگا و بان و کانی و ئاوەکانی ناوچەی جەباری گەرمیان بوو. ئەو سوودی باشی لەم شارەزاییەی وەردەگرت بۆ ئەنجامدانی چالاکییە سەربازییەکان و دەربازبوون و خۆحەشاردان لە کاتی هێرشی بەرفراوانی جاش و جەیشدا.. مامەڕیشە جگە لەوەش بە دەستی خۆی گەلێك ئازا بوو لە هێرش بردن و دەستوەشاندنی کتوپڕ و لە ناکاودا.

ڕۆژێکی بەهاری ساڵی ١٩٨٢ لە گەڵ مەفرەزەی جەباریدا لە گوندی دارتوو بووین جەیش و جاش بە ناقیلە و موسەفەحە هاتن ، لە گەڵیان کەوتینە شەڕەوە تا ناچارمان کردن کشانەوە. مامەڕیشە لە ئێمە دابڕا، ئێمە هەموو مەفرەزەکە بێ زیان یەکمان گرتەوە، بەڵام مامەڕیشە نیو کاتژمێر دوای ئەوە گەڕایەوە، خۆی بە تەنها کەوتبووە دوای موسەفەحەیەك شەڕی لەگەڵ کردبوو تا فیشەکی پێ نەمابوو. وتی : لە گەڕانەوەمدا بە ناو ئاوایی دارتوودا بە دەنگی بەرز هاوارم کردووە : هۆ خەڵکی ئاوایی دارتوو نەڵێن مامەڕیشە گەڕایە دواوە!! فیشەکم پێ نەما! ئەگینا هەر ئەنیشتمە سەری تا ئەمگرت!!.

٤-مامەڕیشە لە شەڕدا دەمار دەیگرت!

بەڵێ مامەڕیشە بە دەستی خۆی لە شەڕدا نموونەی ئازایەتی و چاونەترسیی بوو، بەڵام بە جۆرێك لە شەڕدا دەمار دەیگرت کە هەندێك جار مەفرەزەکەی لەبیر دەکرد! دادەبڕا و خۆی بە تەنها یا ن لەگەڵ پێشمەرگەیەك یان دوو پێشمەرگەدا هێرشی دەبرد! ئەمەش دەبووە هۆی پەرتەوازەیی مەفرەزەکەی یان کەرتەکەی.

شەوێكی هاوینی ساڵی ١٩٨٢ لە نزیکی لەیلان لەگەڵ مەفرەزەی جەباری و مامەڕیشە چالاکییەکمان ئەنجام دا، لە گەڕانەوەماندا لە چەم و شیوێکدا جاشەکان کەمینیان بۆ دانابووین و دایانینە بەر دەستڕێژی تەقە، ئێمەش تەقەمان کرد و زۆری نەبرد جاشەکان هەڵاتن، بەڵام ئێمە دوو پێشمەرگەمان بریندار کران (ئاوات خاڵەبازیانی و عەلە ڕەش). جەیش و قافڵەی سەربازی بە فریای جاشەکان هاتن.. مامەڕیشە کە شارەزاکەمان بوولە گەڵ پێشمەرگەیەك لە ئێمە دابڕان، نەمانزانی ڕوویان لە کوێ کرد! ، بۆیە ئێمە نزیکەی پانزە پێشمەرگە بە دوو بریندارەوە بە نەشارەزایی بە زەحمەت بەرەوژوور کشاینەوە! پاش نزیکەی کاتژمێرێك مامەڕیشە و پێشمەرگەکەی تر لە دێیەکی سەروتر گەیشتنەوە لامان!.. مامەڕیشە هاواری کرد : بە خوا قافڵەکەشم شکاند و ڕاوم نان و ئەفسەری پلەداریشم لێ کوشتوون!. منیش جگە لە دەستخۆشی، ڕەخنەم لێ گرت کە نەدەبوایە لە مەفرەزەکە دابڕایە، چونکە ئێمە کەسمان شارەزای ئەو ڕێگایە نەبووین!.

هەر ئەو شەوە بە دوو بریندارەکەوە گەیشتینە گوندی هەنارە، لە دەرەوەی دێکە لە کەڵبەزێکدا خۆمان حەشار دابوو، دەمەو بەیان، جەیش و جاش هێرشی فراوانیان بۆ هەموو ناوچەکە کرد، چوار کۆپتەریش لە سەرەوە! جاشەکان زۆر لێمان نزیك کەوتنەوە، ئەگەر شارەزایی مامە ڕیشە نەبووایە کە هەردە بە هەردە بە نەدیویدا دەریکردین، هەموو مەفرەزەکە لەشەڕێكی نابەرانبەردا گیانمان بەخت دەکرد!. بەڵام بە داخەوە یەکێك لە بریندارەکانمان (ئاوات خاڵەبازیانی) کە بە هۆی سەختی برینەکەیەوە لە کەڵبەزێکدا حەشارماندابوو، کەوتە دەست جاشەکان!.

٥-مامەڕیشە حەزی لە کۆبوونەوەی سیاسی و پابەندبوون نەبوو

مامەڕیشە هەمیشە چوست و چالاك و لە چالاکی پێشمەرگانە و دەستوەشاندن لە دوژمن کەم -وێنە بوو، بە جۆرێك چالاك بوو مانەوەی لە ناو لادێکاندا لا ناخۆش بوو، هەروەها هاتنەوەی بۆ کۆبوونەوەی کەرتەکانی هەرێم لە قەرەداخ لا ناخۆش بوو! دەیگوت ئێمە چی دەکەین لێرە؟! با بڕۆینەوە بۆ ناوچەکانی خۆمان!. حەزی لە کۆبوونەوەی سیاسی نەبوو، خواخوای بوو کۆبوونەوە هەرچی زووتر تەواو بێت و خۆی و مەفرەزەکەی مەرەخەس بن! چونکە ئەو هەموو بیرکردنەوە و خەیاڵی لای ئەنجامدانی دەستوەشاندن لە هێزەکانی دوژمن بوو.

لە ڕۆژێکی مانگی یەکی ساڵی ١٩٨٢دا لە کۆبوونەوەی کەرت و ناوچەدا مامەڕیشە ئاگادار کرا کە دەبێت پێش ڕۆژی ٣١/١ بگەڕێتەوە، تا کۆبوونەوەیەکی دیکە بکەین و بۆ یادی شەهید ئارام لەو ڕۆژەدا چالاکیەك ڕێکبخەین. مامەڕیشە ئەوەی لا ناخۆش بوو کە لەو کاتەدا بگەڕێتەوە، بۆیە زۆر بە ڕاشکاوی وتی : ئەی نابێ ٣٢ی مانگ بێت؟!. ئێمە کردمان بە پێکەنین و وتمان مامەڕیشە ٣٢ی مانگ کوا هەیە!!.

مامەڕیشە کاتێك لە سەروو خۆیەوە بۆ ئەنجامدانی چالاکییەك یان ڕاپەڕاندنی کارێك لە کاتێکی دیاریکراودا ڕادەسپێردرا، ئەو دەچوو ئەو کارەی ئەنجام دەدا و جگە لەوەش چالاکییەك یان دوو

چالاکی دیکەشی ئەنجام دەدا و بەو هۆیەوە لە کاتە دیاریکراوەکە دوادەکەوت و بەوەش پلانی سەروو خۆی دوادەخست یا تێکدەچوو. بۆیە هەندێك جار دەبووە جێگای ڕەخنەی سەروو خۆی، چونکە لە چاوەڕوانی ئەودا دەبوون و ئەویش دیار نەدەبوو!.

٦-مامەڕیشە خۆشەویستی جەماوەر (عاشقی کوردستان)

مامەڕیشە کەسێکی سادە و پێشمەرگەیەکی خۆشەویستی ناو جەماوەر بوو، جگە لە ناوچەی گەرمیان لە سەر ئاستی کوردستان ناوبانگی ئازایەتی و قارەمانی پەیدا کردبوو.. گەلێك نامەی لە چەمچەماڵ و کەرکووکەوە بۆ دەهات و زانیارییان لەسەر دوژمن دەدایە.. ماوەی نزیکەی سێ ساڵ ئەو وەك کادرێکی سەربازی و منیش وەك کادرێکی سیاسی بە گونجاوی پێکەوە لە ناوچەی جەباری کارمان دەکرد. هەرکات پێکەوە لە گەڕدا بووینایە، بە هۆی نەخوێندەواریەکەی چەندین جارنامەکانی بە من دەدا تا بۆی بخوێنمەوە، هەروەها چەندین جار لەسەر داوای خۆی و بە گوزارشتی سادەی خۆی دێڕ بە دێڕ وەڵامی نامەکانیم بۆ دەنووسییەوە. لە هەموو نامەیەکیشدا دەیگوت لە خوارەوە بنووسە :

دڵسۆزت/ مامەڕیشە عاشقی کوردستان

٧-ئامۆژگارییەکی دایکی مامەڕیشە

جارێك لە بەهاری ساڵی ١٩٨١دا لە سەروو خۆمانەوە ئاگادار کراین کە دەبێ زۆربەی هێزەکانی هەرێمی پێنجی قەرەداخ بە پەلە بگەنە ناوچەی شارباژێڕ.. لەو کاتەدا من لەگەڵ مامەڕیشە و مەفرەزەکەی ئەودا لە جەباری لە جەولەدا بووم، چووینە گوندی تاڵەبان، ماڵی مامەڕیشە. ئەو بە دایکی وت کە بروسکەمان بۆ هاتووە ئەبێ بچین بۆ سەرەوە.. دایکی مامەڕیشە وتی : مەچن! بۆ کوێ ئەچن؟! ئەوان خۆیان لە سەرکردایەتی جێگایان قایمە و لە ڕادیۆوە دوو ڕەقەمی (.....) بۆ ئێوە ئەخوێننەوە، ئێوە یەکسەر ڕائەکەن بە دەنگیانەوە!، مەچن، بە خوا شەڕی براکوژیتان پێ ئەکەن..!. ئەوکات مامەڕیشە و من بە قسەکانی دایکی پێکەنینمان هات!.

٨-لە گوندی پاڕەزان لە شارباژێڕ

لە سەر داوای ئەو بروسکەیەی سەرکردایەتی، هەموو هێزەکانی هەرێمی پێنج گەیشتینە شارباژێڕ، هێزێکی زۆر بۆ بەرەنگار بوونەوەی هێزەکانی پارتی لەو دێیانە کۆکرابوونەوە. ئێوارەیەك ئێمە لە گوندی پاڕەزان بووین، پێشمەرگە بە سەر ماڵەکاندا دابەشکران، هەر ماڵێك ٢١ تا ١٦ پێشمەرگەی بەرکەوت!. مامەڕیشە و من لە دوکانێکی بچکۆلەی گوندەکە (لەسەر داوای من لە مامەڕیشە) قوتوویەك گۆشتی سەرەگا مان کڕی و نەمانویست ببینە ئەرکی زیاتر بۆ ماڵەکان. دوو نانمان لە ماڵێك وەرگرت و لە نزیك مزگەوتەکە بە چیلکە ئاگرێکی بچکۆلەمان کردەوە و قوتووە گۆشتەکەمان خستە سەر تا گەرم بێتەوە.. پێاوێك کە لە مزگەوت دەگەڕایەوە بە دیارمانەوە وەستا و وتی : ئەوە بۆ ئەوە دەکەن؟! مامەڕیشە و منیش وتمان : وەڵا حەزمان لەو گۆشتەیە. پیاوەکە وتی : بە زاتی خوا ئەبێ بیکوژێننەوە و هەر ئێستا لەگەڵ من بێن..!. هەرچەند وتمان : قەیناکە خاڵە گیان خۆمان حەزمان لەو گۆشتەیە!. بەڵام ئەو قایل نەبوو و وتی : باشە گۆشتەکەش بێنن و لەگەڵم وەرن!، وتی : هەر بۆ ئێمە عەیبەیە ئێوە لەم ئاواییەدا بن و ئاوا نان بخۆن!. بۆیە لەبەر خوڵکی گەرمی ئەو پیاوە بەڕێزە، ئاگرەکەمان کوژاندەوە و لەگەڵیا ڕۆئشتین بۆ ماڵەکەیان کە ١٢ پێشمەرگەی دیکەشی لێ بوون!.

٩-جارێك لە جەولەیەکماندا لە ناوچەی جەباری چووینە گوندی تاڵەبان. لەو کاتەدا باوکی مامەڕیشە (مام شکور) بە هۆی چالاکییەکانی مامەڕیشەوە لە لایەن جاشەکانی چەمچەماڵەوە گیرابوو. مامەڕیشە و من وەك هەر جارێك چووینە ماڵی ئەوان.. دایکی مامەڕیشە گەلێك پەرۆش و خەمباری گرتنەکەی (مام شکور)ی مێردی بوو، ئاخر هیچ هەواڵێکیشی نەبوو کە لە کوێ گیراوە!. بۆیە ئەو جارە دایکی زۆر بە سەر مامەڕیشەدا تووڕە بوو، تا بە دەنگی بەرز وتی : نەجە (نەجمەدین) ! (شکور)م لە تۆ ئەوێت! جاشەکان لە سەر تۆ گرتوویانە! ئەبێ (شکور)م بۆ پەیدا کەیتەوە؟!.

مامەڕیشەش بە گاڵتە و پێکەنینەوە بە دایکی وت : وەڵا دایە ئەم (کاك تەها) یە مەسولمانە، هەمووی بە دەست ئەوە، بەو بڵێ با باوکمت بۆ بەر بدات!.. دایکیشی وتی : من هەقی (کاك تەها)م نییە، نەجە! باوکت لە سەر تۆ گیراوە و بێ سەرو شوێن کراوە!. ئەوە بوو دواتر جاشەکان (مام شکور) یان بە زیندوویی هەڵدابووە بیرێکەوە و چووە ڕیزی گیانبەختکردووانەوە..!!.

١٠-مامەڕیشەی کرێکار لە زانکۆی سلێمانی

جارێك مامەڕیشە لە منی پرسی : کاك تەها تۆ چیت خوێندووە؟. منیش لە وەڵاما وتم پەیمانگای تەکنۆلۆژیم تەواوکردووە. ئەو پرسی : یەعنی جامیعە؟. من وتم: پەیمانگا دوو ساڵە، بەڵام زانکۆ چوار ساڵە. ئەو پرسی : یەعنی کوڕان و کچان پێکەوە بوون؟. وتم : بەڵێ. ئەو وتی : ئەی خۆزگەم بە خۆتان!. ئنجا بۆی گێڕامەوە و وتی : جارێك لە جامیعەی سلێمانی لە دروستکردنی دیواری حەوشەکەیدا کرێکاریم دەکرد، بینیم لەملاوە کوڕ و کچێك پێکەوە دانیشتوون و سەریان کردووە بە یەکدا!، لەولاوە کوڕ وکچێکی دیکە، لەولاتر دووان و سیان و هی تر پێکەوە بە کۆمەڵ دانیشتبوون، لەو حەوشە گەورەیەدا هەندێکی دیکە نەرمەپیاسەیان دەکرد و دەستە دەستە دەهاتن و دەچوون، زۆر جوان و سەرنجڕاکێش بوون، یەکەمجارم بوو شتی وا ببینم!!، گریانم بۆ خۆم بۆ نەخوێندەواریەکەم هات.. ئاخر ئەوان بە هۆی خوێندەواریەکەیانەوە هەموو ڕۆژێ لەو بەهەشتەدا دەژیان..!.

١١-مامەڕیشەی عاشق

مامەڕیشە عەشقی کیژێك بووبوو لە گوندی قەرەتاموور، ئاواتی بوو ببێتە هاوسەری. چەندین جار ئەم ڕازەی دڵی خۆی لای من و چەند هاوڕێیەکی دیکەی پێشمەرگە باس دەکرد.. ئاخر ئەو کاتە مامەڕیشە و منیش هاوڕاز بووین، حەزمان لە باسی عەشق و دڵداری دەکرد.

١٢-مامەڕیشە عاشقی دەنگی هونەرمەندی مەزن (عەلی مەردان) بوو، گەلێك جاران کاسێتی عەلی مەردانی لە گیرفاندا بوو، ماوەیەكیش تەسجیلێکی بچکۆلەی بۆ هەڵگرتبوو. ئەو ئەوەندە عاشقی دەنگی عەلی مەردان بوو، جارێك دوو کەسی دانیشتووی گوندێك ببووە شەڕیان، شەڕەکەیان گەورە دەبێ و دەبێتە شەڕی دوو خێزان و لە یەکتریان دابوو.. مامەڕیشە مەحکەمەیان دەکات و تاوانبارەکە بە هەزار دینار سزا دەدات! دوای ئەوە سزاکەی بۆ دەگۆڕێت بە هەشتسەد دینار و بیست شریتی عەلی مەردان!. جارێکی دیکە پێکەوە لە گوندی قەیتوول چووینە دووکانێکی بچکۆلەوە کە وردەواڵەی دەفرۆشت، لە هەمان کاتدا هەندێك کاسێتیشی دانابوو بۆ فرۆشتن، ناوی سەر کاسێتەکانم بۆ مامەڕیشە دەخوێندەوە، کاسێتێکیان حەیران بوو بە دەنگی حەسەن سیساوەیی، من وتم باوکم زۆر حەزی لە حەیرانە، مامەڕیشە وتی : دە بەخوا دەبێ ئەم کاسێتە بگەیەنیت بە باوکت و پێی بڵێ ئەمە دیاری و یادگاری مامەڕیشەیە. منیش بۆم جێبەجێ کرد و سوپاسی باوکم پێ گەیاندەوە.

ناو و ناوبانگی ئازایەتی و شۆڕشگێڕی مامەڕیشە لە خەباتی پێشمەرگانەدا لە ناو دڵی خەڵکی کوردستاندا بۆتە سیمبولی تێکۆشان و بەرگری و ورەبەرزی، لە سەدان چالاکی و داستانی پێشمەرگانەدا لە گەڵ هاوڕێیانیدا لە دژی داگیرکەران و خۆفرۆشان ڕۆڵی پاڵەوانانەی نەخشاندووە. لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا چوار جار بریندار کراوە و لە ڕۆژی ٢٤ی کانوونی دوومی ساڵی ١٩٨٥ خۆی و دوو پێشمەرگەی قارمانی دیکە( سەردار و موحسین) بە دەستی تاقمێك لە خۆفرۆشان لە پلانێکی خافڵگیردا گیانیان لە ڕێگای ئازادیدا بەخت کرد. ناوی ئەو، هەمیشە ترس و لەرزی دەخستە ناو دڵی داگیرکەران و خۆفرۆشانەوە، تەنانەت هێزەکانی ڕژێمی سەدام و جاشەکان خۆیان بە (رجل حدیدی) ناویان دەبرد.

یادی ئەو شۆڕشگێڕە قارەمانە لە ناو نەوەکانی داهاتووشدا بەرز و پیرۆزە.

20/01/2017



وتارەکانی تری نوسەر