بارزانی‌و میسداقیەتی سیاسی

د. محەمەد عەلی
پرسی میسداقیەت (جێباوەڕی) لە گوتاری سیاسی‌و پەیامەکانی بارزانیدا، یەکێکە لە پرسە گرنگەکانی ئەداکەی لەماوەی مانەوەی لە پۆستی سەرۆکی هەرێمدا لە هەردو ماوەی شەرعی بون‌و نەبونیدا. ئەگەر تەماشایەکی رابردوی نزیک‌و دوری بارزانی بکەین، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم بەڕێزە ناکۆکی‌و دژبەیەکیەکی (تنا‌قض) فراوان‌و گەورە لە نێوان بانگەشە‌و کردارەکانیدا هەیە، نەک ناکۆکی بەڵکو پەشیمانبونەوە‌و پاشگەزبونەوەش دەبینین.

لەم وتارە کورتەدا، بانگەشەو بەڵێنەکانی کەمپەینی هەڵبژاردن لێدەگەڕێم‌و هەوڵدەدەم وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە: ئایا بارزانی تاچەند رەچاوی میسداقیەتی کردوە لە هەرسێ پرسەکانی چاکسازی‌، بانگەشەی بنیاتنانی دەوڵەتی کوردی‌و چارەسەری کێشە سیاسیەکانی هەرێم؟ (بێگومان بەهۆی پێداگری بارزانیەوە بۆ مانەوە لە پۆستەکەی بەناشەرعی، ناسەقامگیری سیاسی‌و پەکخستنی دامەزراوەکانی هەرێم بوەتە واقیع).

پرسی میسداقیەت لە پاڵ هەردو پرسەکانی شەرعیەت‌و بەرپرسیاریەتیدا، سێ کۆڵەکەی گرنگی متمانەو پشتگیری هاوڵاتیانە بۆ حکومڕانان‌و سەقامگیری سیاسی‌و ئاشتی کۆمەڵایەتی. میسداقیەت یان جێباوەڕی لە کورتترین پێناسەیدا بریتیە لە: بڕی زۆری راستگۆیی لە گوفتارو کرداردا، پاراستنی بەڵێنەکان‌و بونی رەگەزی بەردەوامی نەک ناکۆکی لە ئەدای سیاسیدا. یاخود بریتیە لە: متمانەی هاوڵاتیان بە حکومڕان لە هەرسێ ئاستی: وردی‌و دروستی (دقە)، راستگۆیی‌و دەستکەوت.

لە ئاستی چاکسازی‌و پرسی گەندەڵیدا، بارزانی بەردەوام بانگەشە دەکات‌و سەرقاڵی کۆبونەوە‌و دروستکردنی لیژنەیە بەبێ ئەوەی هیچ هەنگاوێکی کردارەکی نرابێت‌و بەرپرسێک لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرابێت. بەڵکو پێچەوانەکەی رویداوە.

سەبارەت بە هەردو پرسی دەوڵەتی کوردی‌و ریفراندۆم، سەرۆکی پارتی زۆرترین لێدوانی داوە، بەڵام کەمترین هەنگاوی کرداری ناوەو تەنانەت پەشیمانبونەوە‌و ناکۆکیەکی گەورە لە گوتارو چاوپێکەوتنەکانیدا هەیە. سەرنجی خوێنەر رادەکێشم بۆ چاوپێکەونێکی بارزانی لەگەڵ سایتی (ئەلمۆنیتۆر) کە بەزمانی ئینگلیزی ئەنجامی داوە لە رێکەوتی ٢٢/٠٣/٢٠١٦، لە وەڵامی پرسیارێکدا دەڵێت: بە دڵنیاییەوە ریفراندۆم ئەنجامدەدەین‌و رێکەوتی ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیەش پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەبێت (ئەم هەڵبژاردنە لە مانگی ١١/٢٠١٦ئەنجامدرا!). رۆژنامەنوسەکە لێی دەپرسێت: دەتوانی بەروارێکمان پێ بڵێیت، بارزانی لەوەڵامدا دەڵێت:  لە مانگی ١٠/٢٠١٦ ریفراندۆم ئەنجامدەدەین!. بەڵام نەک ئەم بەڵێنەی نەبردەسەر، بەڵکو لێدوان‌و کردارەکانی دواتری تەواو پێچەوانەی ئەو چاوپێکەوتنەی بوە.

دوایەمین ناکۆکی‌و پەشیمانبونەوەو لاوازبونی میسداقیەتی بارزانی پەیامەکەیەتی سەبارەت بە چارەسەری کێشەکانی هەرێم لە ٢٠/١١/٢٠١٦، کە داوای گۆڕانکاری دەکات لە هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم. سەرەڕای نەبونی هیچ هەنگاوێکی کردارەکی، پەشیمانبونەوەو پاشگەزبونەوەیەکی ئاشکرا دەبینرێت لەم پەیامەدا.

دەرەنجام، راستگۆیی‌و پاراستنی بەڵێن‌و بەردەوامی لە گوتاری سیاسیدا نەک ناکۆکی، لە گرنگترین رەگەزەکانی سیاسی سەرکەوتو ‌و دڵسۆزە. پرسیارە کراوەو بێوەڵامەکەش: ئایا بارزانی ئیرادەی هەیە میسداقیەت بۆ پێگەو کەسایەتی خۆی بەدەستبهێنێت؟

30/01/2017



وتارەکانی تری نوسەر