دوانزە لە سەیر و سەمەرەکانی ساڵی ٢٠١٩

د. محەمەد عەلی

‏‎یەکەم: ”بارەگای بارزانی" وەڵامی عەبادی دەداتەوە؟! زیادکردنی ئەم دامەزراوەیە لە ھەرێمدا، دەبێتە داھێنانێکی تری پارتی بۆ پرۆسەی دیموکراسی لە سەدەی بیست و یەکدا!
‏‎ دوەم: لە ساڵیادی کارەساتی ھەڵەبجە، ئەردۆغان لەتویتەر دەنوسێت: ”کارەساتی هەڵەبجە پەڵەیەکی رەش بوو لەمێژووی مرۆڤایەتیدا". دەسەڵاتەکەی خۆی بەشدارە لە زیندانیکردن و کوشتنی سەدان کورد لە تورکیا و سوریا و ڕوخاندن و وێرانکردنی چەندان گەڕەک و شار و شارۆچکەدا، بەڵام ناڕەحەتە بە کوژرانی دانیشتوانی ھەڵەبجە؟
‏‎سێیەم : بەرپرسی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی لە گەڵ میشێڵ ڤیڤۆرکا نەخشە ڕێگای پاریس و کوردستان دادەڕێژنەوە! دوفاقی یەکێتی لەوەدایە: لەیەککاتدا سپۆنسەری (پرۆژەی ڕۆشنگەری و دابڕان) و  بزوتنەوە سەلەفیەکان دەکات. ژمارەیەک نوسەریش خۆیان لەو ڕاستییە گێلدەکەن کە حیزبی کوردی شەڕی نفوز و ھەیمەنە دەکات، نەک پرۆژە و کارنامەی جدی!
‏‎چوارەم: سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ٢١٧/١١/٢١، نوسی: ماڵئاوا ئێن ئارتی! ئێن ئاڕتیم فرۆشتوە بە کۆمپانیایەکی بیانی و پەیوەندی بە منەوە نەماوە.  بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستەش ئەم کەناڵە نەک  نەفرۆشراوەو ھی نەوەی نوێیە، بەڵکو خەریکی بە پاڵەوان و فریادڕەسکردنی خاوەنەکەیەتی، کە کەسی یەکەمی نەوەی نوێیە. ئەبێت ئەم برادەرە چ میسداقیەتێکیھەبێت و چ متمانەیەکی پێ بکرێت؟
‏‎پێنجەم : ھادی علی دەڵێت: ”قورسایی یەکگرتو بەقورسایی کورسیەکانی پەرلەمان ئەژمار ناکرێت". ئەمە ھەمان لۆجیکی پارتی و یەکێتیە. جا ئەگەر وایە ئیتر ھەڵبژاردن بۆ ئەنجامبدرێت؟ ئەی زەحمەت نەبێت جگە لە دەرکەوتنی کۆمەڵێک سیاسی بازرگان و دەوڵەمەند، داھێنانە گەورەکەی حیزبی کوردی چیە، تاکو بەبێ کورسیەکانی پەرلەمان قورساییەکەی بێپێوین؟
‏‎شەشەم: جارێکیان سکرتێری پێشوی یەکێتی وتی: ”بە ھاوسەرەکەمم وتوە ئەوەندە ھەژارین، ئەگەر بمرین مەگەر شارەوانی بماننێژێت؟!" بەڵام پاش مردنی، ٧٥ ملیۆن دۆلار لە مەزارەکەیدا خەرجدەکرێت! ئایا سلێمانی و حیزبەکەی سکرتێری گشتی، دژ بە بنەماڵە و تەقدیسکردن نەبون؟ ئەی ئێستا چی دەگوزەرێت و چی ڕووئەدات؟ خەڵکینە سلێمانی پێویستی بە شەقامی سەدمەتری و قوتابخانەی نوێ ھەیە یان بە پرۆژەی مام؟!
‏‎حەوتەم: فازیل میرانی ووتی: ”گۆڕان پاش نەوشیروان مستەفا عاقڵ بوە". ئەم ئیھانە گەورەیە بە ڕێکخەری پێشوی گۆڕان و بزوتنەوەکەی، بەبێ ھیچ وەڵام و کاردانەوەیەکی جدی بڕیاربەدەستانی ئێستەی گۆڕان تێپەڕی! وەڵامەکە زۆر ئاسانە: خاوەن بڕیارەکانی گۆڕان، ڕابردو و ئێستا و داھاتوی بزوتنەکەوەیان بەلاوە گرنگ نیە، بەڵکو بەرژەوەندی خۆیان و ژمارەیەک پۆست لە کابینەی نۆیەمی حکومەتدا ئەولەویەتیانە!
‏‎ھەشتەم: وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: ”جگە لە دەمانچە و کڵانشکیۆف، دەست بەسەر ھەمو چەکێکدا دەگیرێت". بەڕاست تاوانە ڕۆژانەییەکانی کوشتن و بڕین و ئازاردان و دزیکردن، بە فڕۆکە و تانک و ھەلیکۆپتەر و ئاڕ پی جی دەکرێن، یاخود بە دەمانچە و کڵاشینکۆف؟
‏‎نۆیەم: علی قەرەداغی دەڵێت: ”ڕۆژئاوای کوردستان پرۆژەیەکی زایۆنیستی ئەمریکیە و پێویستە لەناوببرێت". چەند ناشرینە مرۆڤ ئیدیعای عەقڵ و ویژدان و میانەڕەوی بکات، بەڵام لەگەڵ ھاوفیکرەکەی: مامۆستا سەید ئەحمەد،  ببنە برغویەک لە ماشێنە ستەمکار و تاکڕەوەکەی ئەردۆغاندا.
‏‎دەیەم: دیل بە دیلی یەکێتی و پارتی لە ماوەی ڕابردوودا، ناشرینترین داھێنانی ئەم دوحیزبەیە، وەک ھەمیشە ئاسایش و دادگاکانی ھەردولاش وەک دوو بارەگای حیزبی مامەڵەیان کرد.  وەک پیشەی ھەمیشەیشیی، داواکاری گشتی بێدەنگ بوو؟!
‏‎یازدەیەم: نەوەی نوێ: ”ھەر حیزبێک لەگەڵ دەسەڵات دانیشێت، مامەڵەی ھاوشێوەی دەسەڵاتی لەگەڵ دەکەین". ئەم وتەیە تەعبیر لە تێنەگەیشتن و چەواشەکارییەکی گەورە دەکات لە چەمکەکانی: دەسەڵات و دانوسان و پێکەوەژیان، ھاوکات پۆپۆلیزمێکی عەیار بیست و چوارە. لەھەموشی کارەساتتر، پاش چەند ھەفتەیەک لەم بەیاننامەیەی نەوەی نوێ، سەرۆکەکەیان کۆنفرانسێکی سازدا بەناوی: پێکەوەژیان ؟!
‏‎دوانزەیەم: ”لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، ئاڵای عێراق لەبەردەکەم بۆئەوەی خودا بزانێت کە پێشتر لە دۆزەخ بوم" (نوسراوی سەر مۆتۆرسایکڵێک). دەبو ئەم پەیامە کورتە پڕمانایەی ھاوڵاتیەکی ئاسایی عێراقی، ھەمو شەھادەدار و ئەفەندی و سیاسیە مەغرورەکانی عێراقی بھێنایەتە گۆ،  نەک سەرقاڵی کۆنفرانس و کۆبونەوەی بێمانا و بێدەرەنجام بن.

28/03/2019



وتارەکانی تری نوسەر